پۆلیسی #سلێمانی# ڕایگەیاند: ئەو ژنەی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لەکەناڵی (NRT)وە بانگەشەی ئەوەی کرد کە کرێنشینەو لەلایەن خاوەنی خانووەکەیەوە بەهۆی نەبونییەوە دەرکراوە، بەپێی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس دەرکەوت کە ژنەکە فێڵی لەخەڵک کردووەو باری دارایی باشەو هەژار نییە.
پاش بڵاوبونەوەی هەواڵەکە، بەڕێز عەمیدی مافپەروەر ئاسۆ شێخ تەها، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی هێزەکانی پۆلیسی ڕاسپارد کە سەردانی ئەو ژنە بکەن و بڕێک هاوکاریی ماددی پێشکەش بکەن، بەڵام دوای بەدواداچونی هێزەکانی پۆلیس و دۆزینەوەی هاوسەری ژنەکە، دەرکەوت کە باری دارایی ئەو خێزانە باشەو هەژار نین و ژنەکە فێڵی لەخەڵک کردووە، دوای ئاشکرابونی لەئێستادا خۆی شاردوەتەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە ئەو ژنە هاوسەری هەیەو هاوسەرەکەشی لەیەکێک لەهێڵەکانی پاسی سلێمانی کاردەکات.
هەروەها ئەوەش دەرکەوت کە ئەو خێزانە خانویان هەیە لەگەڕەکی هەواری شارو خاوەنی چوار منداڵن.
بەپێی دانپێدانانی هاوسەری ژنەکە، ئەو ژنە بەبێ ئاگاداری هاوسەرەکەی ئەو کارەی ئەنجامداوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی داوا لەو هاوڵاتیانە دەکات کە باری داراییان باشە، لەرێگەی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک (ئەوقاف، چاودێری کۆمەڵایەتی، یان ڕێکخراوەکان) هاوکاری و یارمەتییەکانیان بۆ هەژاران دابین بکەن.