ناونیشان: نەورۆز و چەند هەقیقەتێکی سادە
نووسینی: دکتۆر ئارام ڕەفعەت
یەکەم:
سنووری نەورۆز ڕێک هاوتای سنووری قەڵەمڕەوی مادەکانە. قەڵەمڕەوی مادەکان تاجیکستان، ئەفغانستان، ئێران، ئازەربایجان و کوردستانی گرتۆتەوە (تەماشای نەخشەی هاوپێچ بکەن). قەڵەمرەوی نەورۆزیش لەم وڵاتانە تێناپەڕێت. بەواتایەکی تر، نەورۆز و مادەکان دوو دیوی هەمان مێژوو و شارستانین.
زۆرینەی توێژەر و ڕۆژهەڵاتناسەکان لەسەر ئەوە کۆکن کە مادەکان باوان و ئەژدادی کوردن. بەهەمان پێودانگ، لەناو هەموو نەتەوەکانی ژێر قەڵەمڕەوی ماد دا، کورد خاوەنی ئەسڵی نەورۆزە.
دووەم:
لەناو هەموو ئەو نەتەوانەی لەسەرەوە ناوم هێنان تەنها لای کورد ئاگر بۆتە سیمبۆل و پەیامی نەورۆز، هیچ نەتەوەیەکی تر ئەو شانازییەیان نییە.وە تەنها کوردیش بەرگی ئەفسانەییان داوەتە نەورۆز، ئەفسانەی کاوە و زوحاک و سەرکەوتن بەسەر ستەمکاردا، هیچ نەتەوەیەکیتر ئەوئەفسانە دژە ستەمەییان نییە. نەورۆز ئەفسانەی کوردە.
سێیەم:
ئەفسانە دیوە هەرە جوانەکەی نەورۆزە و ستاتۆی نەتەوەییش دەداتە کورد. ئەفسانە ماکی بوونی نەتەوەیە و نەتەوەی بێ ئەفسانە نەتەوەیەکی نا کامڵە. زۆرێک لە تیۆریزانەکانی بواری نەتەوە پێیان وایە گەلی بێ ئەفسانە بە نەتەوە هەژمار ناکرێت و هەموو نەتەوە زیندووەکان ئەفسانەیان هەیە، بۆ نموونە:
⬅️هۆڵندیەکان پێیان وایە ئەوان پاشماوەی ڕۆحیانەتی قەشەیەکن.
⬅️جولەکەکان پێیان وایە بەرەی موسان و ئیسرائیل ئەرزی میعادییانە.
⬅️ عەرەبەکان ئیدیعای گەرانەوەیان بۆ ڕەچەڵەکی ئیسماعیل کوری ئیبراهیم دەکەن.
⬅️ سیریلانکییەکان پێیان وایە یەکێک لەخوداکان سیریلانکای بەوان بەخشیوە.
⬅️ تورکەکان پێیان وایە گورگە بۆرێک ئەوانی لە لەنەمان پاراستووە.
⬅️یابانییەکان پێیان وایە کە 600 ساڵ پێش زاین، جومای ئیمپراتۆر کە کەسایەتییەکی ئاسمانی بووە نەتەوەی یابانی بونیاد ناوە.
تەماشا بکەن، ڤێرژنە کوردییەکەی نەورۆز لەچاو ئەفسانەکانی تردا چەندە جوانە... نەورۆز جوانترین ئەفسانەی جیهانە.
چوارەم:
ئەفسانە گێڕانەوەیەکی خەیاڵئامێزانەی خوداوەند و پاڵەوانگەلێکن کە دەگەڕێنەوە بۆ زەمان و زەمینەیەکی نادیار و بێ کۆتایی. نە نەورۆز و نە هیچ کام لە ئەفسانەی نەتەوەکانی تر، کەلەسەرەوە وەک نموونەم هێناونەتەوە، ناتوانرێت لە جوغز و کایەی ئەفسانە دەربکرێن و تانوپۆی زەمان و مەکانی داڕێژراو و دەسکردی بۆ درووست بکەن.
ئەم کۆڵەوارییە و جەدەلەی دەرهەق بە ناسنامەی کاوە و زوحاک تەنها لەناو ڕۆشنبیر و ئەکادیمیای کوردا هەیە. بۆ نموونە، هیچ فەیلەسوفێک، ئەکادیمییەک، ڕۆشنبیرێکی یابانی نەهاتووە و نایەت جەدەلی خوداوەند یان ئاسمانی بوونی شازادەکانی یابان بکات، هۆکارەکەشی سادەیە، چونکە ئەو پرسە ئەفسانەیە و هەمان ئەو ئەفسانەیش ماکی بوونی گەلی یابانە.
پێنجەم:
پیرەمێرد ڕێورەسمی نەورۆزی لەبەشێک لە کوردستاندا زیندووکردۆتەوە و داینەهێناوە. نە ئاگرکردنەوە هی پیرەمێردە و نە سەیران و گەشت و گوزاریش.
هەریەک لە مەراسیمی ئاگر و شایی ئاهەنگی پاڵنگان یان بێڵندانەی کوردەواری تا ئێستاش بەهەمان مەغزا و فۆرمی نەورۆز لەرۆژهەڵات بەردەوامە و دوور و نزیک پەیوەندی بە پیرەمێردەوە نییە و نەک سەدان ساڵ هەزاران ساڵ پێش لەدایکبوونی پیرەمێرد هەبووە و هەیە. کاتی پاڵنگان و بێڵندانەی ڕۆژهەڵات نزیک بەهەمان کاتی نەورۆزە.
خانی 400 ساڵ زیاتر پێش ئێستا وەسفی گەورەیی و پیرۆزی نەورۆز دەکات و ئەو ئاهەنگ و گەشت و شاییەی لەنەورۆزی ئەو سەردەمی خانیدا کراوە، زۆر بە شکۆتر و فراوانتر بووە لە ئاهەنگەکانی ئەم سەردەمە.
هەڵبەت زیندووکردنەوەی نەورۆز پیرەمێردی کردۆتە لوتکە و تا ئێستا هیچ نیشتیمانپەروەر و نەتەوەییەکی کورد نەیتوانیوە پیری مەزن تێپەڕێنێت.[1]