مامۆستای زانکۆ و سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی د. #نووری تاڵەبانی#، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ KDP.info لەبارەی ڕەوشی ئێستای عێراق و سوپای داعشەوە دەڵێت: کۆنتڕۆڵکردنی پارێزگای مووسڵ لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لە لایەن هێزە چەکدارەکانی داعشەوە، بووەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێ لەلای هاووڵاتیان لە عێراق و تا ئاستێک لە هەرێمی کوردستانیش، بە تایبەتی لەو ناوچانەی کە نزیکن لەو شوێنانەی هێزەکانی داعشی تێدایە. لەسەر ئاستی ناوچەکە و نێودەوڵەتییش، کاردانەوەی زۆری هەبووە، یەکەم لەبەر ئەوەی مووسڵ شاری دووەمی عێراقە و بەشی هەرە زۆری دانیشتووانی سوننەمەزهەبن، دووەم لەبەر ئەوەی پارێزگای مووسڵ سنوورێکی درێژی لەگەڵ سووریادا هەیە.
گوتیشی: هێزی داعش کە بەناو کار بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی ئیسلامی لە ناوچە سونییەکانی عێراق و سووریا دەکات، خەریکە پلانەکەی جێبەجێ دەکات. حکوومەتی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لە هەرێمی کوردستان، هەموو هەوڵێک بۆ چارەکردنی کێشەکە دەدەن، بەڵام هەر یەکەیان بە شێوازی جیاوازی خۆی.
بە گوتەی دکتۆر نووری، لەبەرئەوەی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ سنووری لەگەڵ ئەو ناوچانەدا هەیە کە شەڕیان تێدایە، دەبێت بیر لەوە بکاتەوە لە ڕووی یاساییەوە چیی بکات بۆ ئەوەی ئەو ئاگرە لە ناو ماڵی خۆی دوور بخاتەوە. ئەرکی سەرەکیی کوردیش داکۆکیکردنە لە خاکی کوردستان، بە ناوچە دابڕێنراوەکانیشەوە.
ئەو دەڵێت: هۆی سەرهەڵدانی شۆڕشەکانی گەلی کورد هەمیشە داکۆکیکردن بووە لە خۆی و خاکەکەی، نەک تەنیا لەم بەشەی کوردستان، بەڵکوو لە هەموو بەشەکانی دیکەیش. مافی داکۆکیکردن لە خۆیش، مافێکی ڕەوایە بەپێی یاسای نێوخۆیی، کە دەستووریش دەگرێتەوە، هەروەها بەپَیی یاسای نێودەوڵەتیش. کورد هێرش ناکاتە سەر گەلێکی تر و نایەوێ خاکی عێراق داگیر بکات، بەڵام دەبێ لەسەر داکۆکیکردن لە خاکەکەی خۆی سوور بێت.
ئاماژە بەوەیش دەدات کە وڵاتی کوردستان، دەمێکە بەپێی یاسای نێودەوڵەتی سنوورەکەی دیاری کراوە، پەیماننامەی (سێڤەر) کە لە ساڵی 1920 مۆر کراوە و بە بەشێک لە یاسای نێودەوڵەتی دەدرێتە قەڵەم، لە ماددەکانی (62 و 63 و64)دا سنووری کوردستانی لە چوارچێوەی دەوڵەتی پێشووی عوسمانیدا دیاری کردووە.
گوتیشی: دەستووری عێراقیش سنووری هەرێمی کوردستانی دیاری کردووە، هەروەها تێیدا ئاماژە بۆ ئەو ناوچانە کراوە کە کێشەیان لەسەرە، واتە ئەو ناوچانەی کە کورد بە بەشێک لە خاکی خۆیان دەزانێ، بەڵام عێراق بە ڕەسمی ددانی پێدا نەناوە. ماددەی (140) لە دەستووری عێراق بۆ ئەو مەبەستە داڕێژراوە، هەرچەندە هەموو حکوومەتەکانی عێراق لە ساڵی 2003وە تا ئێستا هەرگیز جیددی نەبوون لە جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ئەو ماددە دەستوورییە.
سەبارەت بە ڕێککەوتنی یاسایی و دەستووریی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەبارەی ناردنی هێزی پێشمەرگەوە، ئایا دەکرێت بەپێی ڕێککەوتنی یاسایی بڕگەیەک زیاد بکرێت بەوەی ڕێوشوێنێک بگیرێتە بەر بۆ حاڵەتێکی لەناکاوی لەو شێوەی ئێستا ڕووی داوە، د. نووری تاڵەبانی ئاماژە بەوە دەدات کە نزیکبوونەوەی هێزە چەکدارەکانی داعش لەو ناوچانەی کە ناکۆکییان لەسەرە لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، نابێ وەکو کارێکی کتوپڕی ناکاو تەماشا بکرێت. ئەو کارە ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ، کە حکوومەتی عێراق یان ئاگادار بووە و کاری جییددی نەکردووە بۆ ڕاگرتنی، یان حکوومەتێکی بێئاگا بووە لەو هەموو ئامادەکاریانەی لەو ماوەیەدا کراون و ئاکامەکەی ئەوە بوو، کە لە 10/6 لە مووسڵ و ناوچەکانی دیکە ڕوِوی دا.
تاڵەبانی دەڵێت: ئەوەی ئێستا پێویستە سەرکردایەتیی کورد بیکات ئەوەیە، لەبەر کشانەوەی سوپای عێراق لە ماوەیەکی زۆر کورتدا لەو ناوچانەی کە ئێستا لەلایەن داعشەوە داگیر کراون، کە زۆر نزیکن لە ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان، کورد دەبێ خۆی داکۆکی لە خۆی و لەو ناوچانەی هەمیشە بە بەشێک لە خاکی کوردستانی زانیوە بکات. هێزی پێشمەرگە دەبێ سەنگەرەکانی لەو شوێنانە بچەسپێنێ و قایمیان بکات و هەمیشە لە ئامادەباشیدا بێت، ئەگەر داعش یان سوپای عێراق هەوڵی داگیرکردنیان بداتەوە، لە ڕووی بەرپرسیارەتیی نەتەوەیی و یاساییەوە، هێزەکانی پێشمەرگە دەتوانن لەو ناوچانە بمێننەوە بۆ داکۆکیکردن لێیان.
گوتیشی: لە پڕۆژەی دەستووری هەرێمی کوردستاندا لە ساڵی 1992ەوە هەمیشە ئەو ناوچانە بە بەشێک لە هەرێمی کوردستان دراونەتە قەڵەم. لەو باوەڕەدام خەڵکی کوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەکان لەم ڕووەوە یەکهەڵوێست دەبن و پێکەوە پشتیوانی لەم هەڵوێستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن. حکوومەتی عێراقیش سەلماندی کە توانای داکۆکیکردنی لە خاکی عێراق و خەڵکەکەی نییە، بۆیە خەڵکی کوردستان بە دانیشتووانی ناوچە دابڕاوەکانیشەوە دەبێ خۆیان داکۆکی لە خاکەکەیان بکەن، ئەوەیش مافێکی ڕەوای خەڵکی کوردستانە و داکۆکیکردن لە خۆ لە یاسای ناوخۆیی و نێودەوڵەتییشدا مافێکی شەرعییە.[1]