ڕەحەتە لوقم
#کاروان حەسەن#
بەر لەهەموو شتێک من نەهاتووم باسی تەکنیک و شێوەی نووسین و جۆری گۆشەنیگا و شتی تری تایبەت بەهونەری ڕۆمانەوە بکەم، ئەوانە بۆ کەسی شارەزا و تایبەت بەو بوارە جێ دێڵم، من تەنیا لەڕووی بابەت و ڕووداوەکانەوە لەم ڕۆمانە دەدوێم.
ئەم ڕۆمانە گێڕانەوەیەکی ڕۆژگارێکی پڕ حەسرەت و کێشە و مەینەتی میللەتی کوردە کەلەنێوان ساڵانی (1963- 2006) ڕوویان داوە.
ڕووداوەکان بەگشتی وەک شوێن لە گەڕەکی (تەیراوە) ی هەولێر ڕوویان داوە، سەرەتا و دەستپێکی ڕووداو لە ڕۆمانەکە بەوە دەستپێدەکات کاتێک بنکەی پۆلیسی تەیراوە هەموویان بەیەکەوە خۆیان و تفاق و تفەنگەکانیا ن دەچنە شاخ و دەبنە پێشمەرگە، لەناو ئەو پۆلیسانەش فۆکس خراوەتە سەر ژیانی (عەتاوڵڵا تەیراوەیی) ئەو یەکێک بوو لەپۆلیسەکانی ببووە پێشمەرگە، کاتێک حزبی بەعس هەواڵەکە دەزانێ هەموو ئەو ژنە پۆلیسانە دەگرن و دەیانخەنە زیندانەوە، (بەگم)ی خێزانی عەتاوڵڵا یەکێک دەبێت لەو ژنانەی دەخرێتە زیندان، بەڵام بارودۆخی ئەو جیاوازە لەژنانی تر کەهاوزیندانین و لەگەڵ ئەو گیراون، بەهۆی ئەوەی زگی هەیە، ئەوەیە دوای ماوەیەک لەزیندان دەمێننەوە و شەوێک ژان دەیگرێت و منداڵەکەی دەبێت، دوای ماوەیەک (عەتاوڵڵا)ی مێردی لەڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ ڕژێمی بەعس شەهید دەبێت و حزبی بەعس خێزانی عەتاوڵڵا لەزیندان ئازاد دەکەن، ئیتر (بەگم) خۆیی و کۆرپەلەکەی کە ناوی (غەریب)ە، بێ چەتری باوکایەتی دەمێننەوە، بەڵام (بەگم) ژنێکی تابڵێی ئازا و چوست و چالاک و بە ورە بوو، لەسەر پێییەکانی خۆی وەستا و بەدیار غەریبی کۆرپەلەی دانیشت و شووی نەکردەوە، بەکارکردن لەحەمام و ماڵان کارەکەری دەکرد و بژێوی خۆیی و منداڵەکەی بەڕێوە دەبرد، ڕۆژگار هات و ڕۆیشت، غەریب گەورە بوو، کوڕێک بێ ئەوەی باوکی ببینێ، لەسۆزی باوکایەتی بێبەش، چونکە سێبەری باوکی لەسەر نەبوو دایکیشی لەبەر کارکردن و پەیداکردنی بژێوی ڕۆژانە وەک پێویست ئاگاداری نەبوو ئیتر غەریب تووشی بەتووشی هاوڕێی خراپ دەبێ و مێردمنداڵێکی شەڕانگێز و بەجووڵەی لێدەردەچێت و لەگەنجیشدا سەرە ڕۆ و عەجوول دەبێت و دەبێتە مەشڕوب خۆرێکی ئاڵودە بەیانەکان و شەڕاب و ڕەحەتە لوقم، ئیتر ڕۆگارێکی ناخۆش و پڕ مەینەت و بەئێش و ئازار بەڕێ دەکات و هەتا ماوەکیش لەزیندان بەسەر دەبات و دواتر بە کەفالەتی سەرۆک جاشێک ئازاد دەکرێ بەو مەرجەی چەکی جاشایەتی بخاتە شانی و ئەویش قبوڵی دەکات. غەریب بە ژیانێکی ئاڵۆز و پڕ کێشەدا گوزەر دەکات، بێ باوکی و بێ کەسی دەیکاتە کەسێکی خراپ بۆ خۆی، دواتر بەهۆی بێ ئیش و کارییەوە ئەو شوێنەی ماڵی خۆی تێدایە کە حەسارە دەکاتە قومارخانە بۆ پەیداکردنی پارە، بەڵام دواجار هەموو ئەو پارانەش لەقومار کردن دەدۆڕێنێ، ڕووداوەکان زۆرن و ناکرێ لێرەوە هەموو شتێک بخەمە ڕوو، بەڵام لەم گێڕانەوەیەدا پەردە لەڕووی کۆمەڵێک بابەت و لایەن هەڵدراونەتەوە و باسیان لێوەکراوە وەک:(کۆمەڵایەتی، سیاسی، ئاینی، هاوڕێییەتی، داب و نەریت، شەڕ و ماڵوێرانی) هەروەها ناوی دەیان کەسایەتی و ڕۆشنبیر و هونەرمەندی تەیراوەی تێدایە.
لایەنێکی گرنگ ئەوەیە کە لەڕاپەڕینی ساڵی 1991دا چۆن خەڵک کەوتە دزین و سووتاندنی کەل وپەلی فەرمانگەکان. ئەمەش بەیەکێک لەبێ سەروبەرییەکان و بێ پلانی بەرەی کوردستانی و هێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە، ڕووداو گەلێکی زۆر هەن و سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشن و پەلکێشی ناو ڕووداوەکانت دەکات، دەتوانن خوێنەری بن و هەموو ئەو کێشە و ڕووداوانە بخوێننەوە.[1]
Este artículo ha sido escrito en (کوردیی ناوەڕاست) Lenguaje, haga clic en el icono de
para abrir el artículo en el idioma original!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Este artículo ha sido visitado veces 1,003
Escriba su comentario sobre este artículo!