لە نەوەدەکاندا 18 هەزار کورد بە نهێنی کوژراون
کوشتنی نهێنی لە تورکیا، مێژوویەکی دوورودرێژی هەیە و ئەوەی بووەتە قوربانیی کوشتنی نهێنی، کوردە، چونکە بە گوێرەی زانیارییەکان، لە ساڵانی نەوەدەکاندا، 18 هەزار کورد بە نهێنی کوژران و بکوژەکانیش تاوەکوو ئێستا دیار نین. ماوەیەک بەر لە ئێستا سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا ئاماژەی دا، لەڕێگەی کوشتنی نهێنییەوە دەیانەوێت لەناومان ببەن.
کەمال کلیچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، کە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە، ماوەیەک بەر لە ئێستا ئاشکرای کرد کە دەزگای هەواڵگریی تورکیا دەیەوێت لەڕێگەی کوشتنی نهێنییەوە لەناوی ببات.
ئەم گوتەیەی کلیچدارئۆغڵو، هەرزوو بووە باس و خواسی میدیا ناوەخۆیی و جیهانییەکان و بەرنامەی تایبەتیان لەسەر ئامادە کرد، بەڵام بابەتەکە داخرا. ڕەنگە داخستنی ئەو بابەتەش بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە قوربانیی کوشتنی نهێنی لە تورکیا کورد بووە، ئەگەر ئێستا بیهێننەوە بەرباس، هەموو ئەو پارتە سیاسییانەی ئێستا خۆیان لە کورد نزیک دەکەنەوە تێوە دەگلێن، بۆیە بابەتەکە داخرا و میدیا فەرامۆشی کرد.
لە مێژووی حکوومەتی تورکیادا، کوشتنی نهێنی لەڕێگەی سەیارەی (بەیاز تۆرۆس)ەوە کراوە کە سەیارەیەک بووە، مێژوویەکی زۆر ڕەشی لە زیهنی گەلی تورکیادا هەیە، بەتایبەت لە باکووری کوردستان، چونکە بکوژەکان، ئەو سەیارەیەیان بەکار دەهێنا بۆ کوشتنی ئەو کەسەی مەبەستیان بووبێت.
تەنانەت دەستیان چووە کوشتنی سەرۆک وەزیرانی تورکیاش، کە تورگوت ئۆزال بوو و لەڕێگەی پێدانی ژەهرەوە لەناویان برد.
مەراڵ ئاکشەنەر، سەرۆکی پارتی باش لە تورکیا، ئەوکات پشتگیریی خۆی بۆ گوتەکانی کلیچدارئۆغڵو دەربڕی و گوتی: ''ئێمەش بەردەوام هەڕەشەمان لەسەرە''.
لەو کاتەدا ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا، ڕووی قسەی کردە ئاکشەنەر و گوتی: ”با سەیر بکەین، بزانم چیی ترتان بەسەر دێت“.
ئاکشەنەر لە ساڵی 1993 وەزیری ناوخۆی تورکیا بووە، لەو ساڵانەشدا هەزاران گەنجی کورد بە نهێنی کوژراون، بۆیە چەند ساڵێک بەر لە ئێستا، پەروین بوڵدان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە)، ئاکشەنەری تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە سەردەمی ئەودا کوردێکی زۆر بە نهێنی کوژراون و تۆمەتباری سەرەکییش هەر ئەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە ساڵانی نەوەدەکاندا، 18 هەزار گەنجی کورد بە نهێنی کوژراون و تاوەکوو ئێستاش بکوژانی ئەو گەنجانە دەستگیر نەکراون.
جگە لەوەش، چەندین ڕۆژنامەنووس لەناو بردراون، دیارترینیان، هرانت دینک، ڕۆژنامەنووسی بەڕەگەز ئەرمەنی بوو، کاتێک بەرگریی لە مافی ئەرمەنییەکان دەکرد، لە 2007 بە نهێنی کوشتیان.
ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە و سەرۆک وەزیرانی پێشووی تورکیا، هەر دوای گوتەکانی کلیچدارئۆغڵو، دان بەوەدا دەنێت کە ئاگادر کراوەتەوە، لەوەی پەلاماری دەدەن.
داودئۆغڵو لە وتارێکدا ئاماژەی داوە، سەردەمی کوشتنی نهێنی لە تورکیا بەسەر چووە، بەڵام بەداخەوە کە ئێستا باسی لێوە دەکرێت و دەیانەوێت زیندووی بکەنەوە.
ئەو دەڵێت: ”دەچمە هەر شوێنێک، پێم دەڵێن تخوا ئاگاداری خۆت بە، شتێکت لێ نەکەن. جاروباریش وەکوو دۆستێک هۆشیارم دەکەنەوە لەوەی پەلامار نەدرێم. بۆیە دەبێت وەکوو کەسایەتی سیاسی ئاگاداری خۆمان بین و تەدبیری خۆمان وەربگرین“.
ئەگەر سەیری مێژووی دەوڵەتی عوسمانییش بکەین، دەبینین کە کوشتنی نهێنی ئەوەندە زۆر بووە، چەندین سوڵتان و وەزیر و بەرپرسی باڵا بە نهێنی لەناو براون، بەڵام ئەوان لە ڕێگەی ژەهرەوە لەناو بردراون و ئێستا لە ڕێگەی کوشتن بە چەک خەلک لەناو دەبرێت.
کورد لە تورکیا مێژوویەکی زۆر تاڵی لەگەڵ کوشتنی نهێنیدا هەیە، بۆیە کاتێک ئەو باسە دێتە ئاراوە، خەڵکی کورد دەگەڕێنەوە ئەو مێژووەی هەزاران گەنجیان کوژرا و بکوژەکانیش بەئاسانی لێی دەرچوون.
کوشتنی تاهیر ئێلچی، پارێزەر و سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد، یەکێکی تر بوو لەو کوشتنە نهێنیانەی لە ئەنجام درا و تاوەکوو ئێستاش بکەرەکەی دەستگیر نەکراوە.
تاهیر، کەسایەتییەکی گرنگ و ڕۆشنبیر و ئاشتیخواز بوو، کاتێک تیرۆر کرا، نەک تەنیا لە میدیاکانی تورکیا، بەڵکوو میدیا جیهانییەکانیش بە گرنگییەوە باسیان کرد.[1]
و