سیکۆلاریزم و چەند سەرنجێک 06
#شەماڵ بارەوانی#
لەمیانی ئەو پێنج بەشەی پێشووتر زانیمان کە حەقیقەت و ماهیەت و زەرورەتی چەمکی سیکۆلاریزم چییە. حەقیقەتی ژیان و مرۆڤ و ئازادی لەسایەی سیکۆلاریزممان بۆ ڕۆشنبوویەوە. بۆمان بەیان بوو کە سیکولاریزم هیچ کاتێک مورادیفی بێ دینی و هاوتای بێ بڕوایی و دژایەتی کردنی ئایین و بە مانای قەدەغەکردنی ئایین نایەت. گەر سەیریش بکەین لە ئۆروپا، کەوڵاتگەلێکی بەمانای وشە، سیستەم سیکۆلاریزم و لانکەی سیکۆلاریزمن.
هەرگیز، لەسایەی هیچ یەکێک لەو وڵاتە سیکۆلاریستانەدا، ڕێگری لەئایین نەکراوە و ناکرێت، بگرە زۆر ڕێزی ئایینەکانیش گیراوە و دەگیرێت و هەموو ئایینەکان ئازادی تەواویشیان پێدراوە. بەڵکوو ئەوان تەنها قەدەغەی تێکەڵکردنی هەردووک کایەی ئایین و سیاسەت بە یەکتری دەکەن. نەک قەدەغەکردن و دژایەتی کردنی ئایین. ئەوان هەردووک دەسەڵاتی ناسوتی(زەمەنی و دنیایی)، و لاهووتی(ئاسمانی و ئایینی)یان لێکتری جوێ کردووەتەوە. لەو وڵاتە سیکۆلاریستانە دا، وەکو ئاماژەم بوکرد،
بگرە ئازادی بیر و بیر باوەڕی ئایینی و مەزهەبی زۆر زیاترە، بە ڕاورد بەو وڵات و شوێنانەی ئیسلامین. لە نموونەی:ئێران، سعودیاو ئەفگانستان.. تاد. ئەو وڵاتانەی کەئیسلامگەراکان و فۆندەمێنتالیزمەکان بە ناوی ئایینەوە حوکمی دەکەن. لەوێ(وڵاتە سیکۆلاریستەکان) کەس بۆی نییە،
لەسەر ناوی عومەر و عەلی، ئەبوو زەڕ و موعاویە، سونە و شیعە، حەنەفی و شافیعی، مالیکی و باتینی، دوانزە ئیمامی و زەیدی، کۆمەڵ و بزوتنەوە، یەکگرتوو و سەلەفی، تاڵیبان و داعش، بۆکۆ حەرام و قاعیدە و فلان فیرقە ئایینی و فیسکە گرووپی تری ئیسلامی، لەسەر ماتریدی بوون و موعتەزیلەیی بوون، لەسەر حەمبەڵی بوون و ئەشعەری بوون، یەکتری بکوژێت و خوێنی یەکتری بڕێژێت و یەکتری تەکفیر و تەبدیع بکات و بسڕێتەوە. وەک ئەوەی لەوڵاتە ئیسلامیەکان بە درێژایی سەتان ساڵە، بگرە زیاتر لەهەزار و چوارسەت ساڵە ئەوە دەکرێت.[1]
⚠️ تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!