زاراوە لە زمانی کوردیدا
وریا عومەر ئەمین
باسێکم لە ژمارە 5 ی گۆڤاری (زمان و زار) دا بڵاوبۆتەوە بە ناونیشانی (زاراوەسازی لە ڕوانگەی زمانەوانییەوە)، لە چەمکی زاراوە و کێشەکانی لە زمانی کوردیدا دەکۆڵێتەوە. لە کۆتاییدا ئەم تێبینی و ئەنجامانە دەخەمە ڕوو:[1]
.
1 زاراوە ناوی بوارێکی زانستییە، لە یەک وشە پێکدێت.. پێناسەی بوارەکە نییە. هەرگیز بوارێ لە وشەیێکدا کۆ ناکرێتەوە. واتا هیچ مەرج نییە پەیوەندی لە نێوان زاراوە و ئەو واتایەی دەیگەیێنێ هەبێ.
2 زمانەوانان زاراوەکان دانانێن.. هیچ بنەمایەکی گشتی بۆ داڕشتنی زاراوە نییە.زۆربەی بە ڕێکەوت سەرهەڵدەدەن یا بوار و خاوەن داهێنانەکە دایاندەڕێژن.
3 زاراوە چاک و خراپی نییە. کە دادەنرێ دەبێ وەک خۆی بەکار بهێنرێ. گۆڕینی زاراوە زیان بە کاروانی لێکۆڵینەوەی زانستی دەگەیێنی و دەیشێوێنێ. بۆ نموونە لە چل و پەنجاکانی سەدەی ڕابڕدوودا لە بواری ڕێزمانی کوردیدا ئەم زاراوانە بۆ ئەم مەبەستانە بەکار دەهێنران:
ڕاناو بۆ Pronoun
فرمان بۆ Verb
داهاتوو بۆ Present
پیت بۆ Letter
.... و هی تر.
هەموو چەسپیبوون و هیچ کێشەیێک لە بەکار هێنانیان نەبوو، لە پڕ هەندێ زمانەوان پێشنیازی هی تریان بۆ کردن.بۆ گونجاندنیان لەگەڵ واتاکانیان و بەم جۆرە:
(جێناو) بۆ (ڕاناو)
(کار) بۆ (فرمان)
(ڕانەبردوو) بۆ (داهاتوو)
(تیپ) بۆ (پیت)
ئەنجامەکەی ئەوە بوو، بواری شیکردنەوەی ڕێزمانی کوردییان پێ شێواند. ئیستاش هەردوو زاراوە بۆ هەمان مەبەست بەکار دەهێنرێن.
4 سەیر لەوەدایە، زمانەوانانمان کە زاراوە دەکەن بە کوردی، هەوڵدەدەن لە گەڵ واتاکەی بیگونجێنین، کەچی زاراوەکە خۆی لە نژاددا هیچ پەیوەندیێکی بە چەمک و واتاکەیەوە نییە(3).
5 کە زاراوەیێک بۆ یەکەم جار دادەنرێ..دەبێ هەر ئەوە بەکار بهێنرێ (چاک بێ یا خەراب بێ). زاراوەکە بەرە بەرە واتا و چەمکەکەی لێ دەنیشێ و دەبێتە شتێکی ئاسایی.
6 کە زاراوە دادەنرێ لەوانەیە سەرەتا سەیر و ناقۆڵا بێتە بەرچاو. بە تێپەڕێنی کات هەندێکیان ناڕۆن و بەکار ناهێنرێن و هەندێکیان سەرەرای ناقۆڵایییان، لە زمانەکەدا دەچەسپێن و دەکەونە فەڕهەنگی زمانەکە(4).
7 سەبارەت بە زاراوە دانان لە زمانی کوردیدا وەک من بزانم ئێمەی کورد هیچ داهێنانێکی خۆمان نییە تا زاراوەمان بۆ دانابێ. ئەوەی لەم ڕووەوە ئەنجام درابێ وەرگرتنی زاراوە بووە لە زمانانی ترەوە و کردنیەتی بە کوردی. ئەمە وای کردووە زۆر کەس ئەم ئەرکە ئەنجام بدات هەر یەکە بە جۆرێ. ئەم دیاردەیە تا ڕادەیێکی زۆر، گەرەلاوژێی هێناوەتە کایەوە. بۆ نموونە لە بواری یاساناسیدا زیاتر لە بیست فەرهەنگ و دەیان فەرهەنگۆک دانراون. دوانیان نا بینرێ لە هەمان زاراوەدا وەک یەک بن.
نەبوونی چاودێری و دەزگایێک بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم لایەنە، کێشەکەی ئاڵۆز کردووە.