#سوباری#/ #سوبارتو#، ناوی یەکەمین گەل و نیشتمانی سەر خاکی ئێستا ی کوردستانی گەورە بووە و بەگوێرەی سەرچاوە مێژوویییەکان، سوبارییەکان کۆنترین دانیشتووانی کوردستانی گەورەن و لە هەزارەی سێیەمی پێش زایینەوە لە کوردستان خەریکی کشتوکاڵ بوون و شانشینی تایبەت بە خۆیان هەبووە و ناوچەکانی ئەوانیش لە جیاتی کوردستان پێی گوتراوە سوبارتو.
لەبارەی ناوی سوبارتو بەپێی گوتەی سەرچاوەکان، سوبارتو کۆنترین ناوی کوردستانە کە زۆربەی ناوچەکانی کوردستان لەخۆ دەگرێت. لە سەرچاوە ئەکەدییەکان وشەی سوبارتو بەکار هاتووە کە (تو(لە زمانی ئەکەدی بە مانای ناوچە دێت، واتا ناوچەی سوبار، هەروەک ناوەکانی (ئیام تو - مارو- ئوراتو(، هەروەها لە زمانی سۆمەریش سوبار بە مانای باکوور دێت، واتا خەڵکی باکوور. هەندێ سەرچاوەش دەڵێن (سوئییەکان) واتا دانیشتوانی ناوچەی (سو) کە کۆنترین دانیشتووانی کوردستانی گەورەن و لەگەڵ گوتییەکان و لولوبییەکان و خورییەکان-دا لەسەر خاکی کوردستان ژیاون. لە داستانی (نەفرەتی ئەکەد و تۆڵەی خواوەند ئینلیل(ناوی وەک هێزێکی گرنگ هاتووە، جگە لەوە لە دەقە ئەدەبییەکەی (لاواندنەوەی شاری ئوور) ناوی سوبارییەکان لەگەڵ ئیلامییەکان هاتووە کە دەوڵەتی)ئووری)یان ڕووخاند و شاری (ئوور)یان وێران کرد.
کۆنترین سەرچاوە کە ناوی سوئییەکانی تێدا هاتووە بۆ سەردەمی بنەماڵەی سۆمەرییەکان دەگەڕێتەوە، کاتێک #سۆمەرییەکان# باسی کوردستانیان دەکرد، پێیان دەگوت (سوبیر) مێژووی ئەو ناولێنانە بۆ دوو هەزار و چوارسەد ساڵ پ. ز دەگەڕێتەوە. وشەی (شوبور، سوبارو)یش بەکار هاتووە، پاشان گۆڕانکاری بەسەر ئەم ناوەدا هات و لە سەردەمی ئەکەدییەکان پێیان دەگوترا سوبارتو.
بۆ یەکەم جار وشەی سوبارتو لە نووسینەکانی پاشا (ئیناتوم لە ساڵی 2470 - 2355 پ. ز) بەکار هێنراوە.
لەبارەی زمانی دانیشتووانی وڵاتی سوباری دەتوانین بڵێین زمانێکی کۆنە و هەندێ لە وشەکانی لە زمانە نەنووسراوەکانی سۆمەرییەکان و ئەکەدییەکان و خورییەکاندا ماونەتەوە و پێی دەڵێن پاشماوەی زمانی سوباری. یەکێک لەو وشانە ناوی شاری (#ئەربیلیوم#(ی) قەڵای هەولێر)ە کە پسپۆڕانی زمانە کۆنەکانی میزۆپۆتامیا پێیان وایە ناوێکی سوبارییە.
لەبارەی شوێنی نیشتەجێبوونی سوئییەکان، لە سەرچاوەکاندا بە دوو جۆر باس لە سوبارتو کراوە: یەکەم، سوبارتوی مەزن، زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گەورە بە کوردستانی ڕۆژئاوا و بەشێک لە کوردستانی باکوور تا دەریای ناوەڕاست دەگرێتەوە.
دووەمیش سوباری بنە، ناوچە شاخاوییەکانی باشووری کوردستان و بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە.
لە پڕۆژەی گوتنبێرگ بۆ لێکۆڵینەوە، شوێنی سوبارییەکان بە ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژئاوای ناوچەی سۆمەرییەکان ناو براوە، هاوکات بە زۆری سوبارییەکان لە شوێنی هەڵقولان و درێژبوونەوەی ڕووباری دیجلە ژیاون، کە دەکاتە باکووری دۆڵی ڕافیدەین، بۆیە هەموو سەرچاوەکان ئەوە دووپات دەکەنەوە کە سوبارییەکان کۆنترین دانیشتووانی کوردستانی گەورە بوون و زۆربەی ناوچەکانی کوردستانی گەورە لەژێر دەستیاندا بووە و گرنگترین شانشینی سوبارییەکان ناوی (#خەمازی#) بووە.
لە بەڵگە و سەرچاوە نووسراوەکانەوە هێما بۆ ئەوە کراوە کە لە شوێنێکی کوردستانی ناوەڕاست بووبێت، مێژوونووسان هێما بۆ ئەوە دەکەن شانشینی خەمازی لە سەردەمانی دواتردا لە دەوروبەری هەزارەی دووەمی پێش زایین، ناوی لەناو ناوان نەماوە و لە سەرچاوە نووسراوەکاندا باسی ناکرێت، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە شانشینەکە بوونی نەمابێت و خاپوور کرابێ، بەڵکو ناوێکی تری وەرگرتووە و ئیتر بە ناوە نوێیەکەوە باسی لێوە کراوە.
یەکێک لە کۆنترین سەرچاوەکان کە ناوی سوبارییەکانی لێ تۆمار کراوە، تابلۆکانی گردی (فارە)یە کە لەو تابلۆیانە باس لە ئابووریی سوئییەکان دەکات و دەڵێ : زۆربەیان پیشەگەر بوون، وەک نانەوا، کانزاساز، نووسەر و.. هتد.
بەپێی ئاماژەی سەرچاوەکان، سوبارییەکان گرنگییان بە کشتوکاڵ داوە و خەریکی داچاندنی گەنم و بەرهەمهێنانی میوەکانی هەنجیر، هەنار و قۆخ بوون و تا ئاستێک لەم بوارەدا سەرکەوتوو بوون.
لە دەقە میخییەکان ئاماژە بە ناوبانگیی هەنجیری سوباری دەکرێ ، هەروەها لە نووسینێک لە شاری (ئالالاخ) لە (تەل عەتشانە)ی سووریا، دەرکەوتووە ناوچەکانی سوباری هەنجیری زۆرباش و پڕ چێژی لێ بەرهەم هێنراوە.
پڕۆژەی گوتنبێرگ بە پشتبەستن بەو لێکۆڵینەوانەی ئەنجامی داون، لەسەر نامەکانی پاشا (ئیناتوم) لە لاگاش دووپات لەوە دەکاتەوە، لە سەردەمی سەرجۆنی پاشای #ئاشوورییەکان# و نەرامسینی نەوەی، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەرمەنەکان لە هەموو لایەکەوە هێرش کراوەتە سەر سوبارییەکان و توانیویانە زۆربەی خاکەکەیان داگیر بکەن، هاوکات لە تێکستەکانی #حامورابی#ش باس لە سەرکەوتن بەسەر سوبارییەکان کراوە.
لە سێ تەختە تێکستی بزماری سەردەمی ئەکەدییەکان کە لە میسر دۆزراونەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە کە چەند خێزانێکی ئاموروییەکان بە سوبارییەکان فرۆشراون و لە شاری ئەرکاتاوەیش خۆراک و کەلوپەلی خواردەمەنی بۆ سوبارییەکان ڕۆیشتووە لەو کاتەی گەمارۆ دراون.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]