لە نووری لامیعی تەشتێکی ڕاگرت و کوتی ڕوومە
بە دۆشی ئەژدەهایی پڕ نێشی ڕاگرت و کوتی موومە
تکام کرد قەتڵی من ناحەق مەکە سوننەت، کوتی فەڕزە
کوتم بۆ ئاگرت بەردایە عومری من؟ کوتی خوومە
کوتم تەنها منم کوشتەی ئەتۆ توند بوو کوتی گوم بە
دووسەد وەک تۆ لەهەر سوو کوشتەیی شمشێری ئەبروومە
کوتم تا کەی لە خانی وەسڵی تۆ نەومید و بێبەش بم
کوتی مردووت مرێ عاشق بەدایم زار و مەحروومە
کوتم زەخمی دڵم بەس کارییە، توند بوو کوتی
لاچۆ، بە من چی؟ تیرەبارانی نیگاهی چاوی جادوومە
کوتم تەنها منم بەستەی ئەتۆ توند بوو جوابی دا
هەزارانی وەکوو تۆ بەستەیی زنجیری گێسوومە
کوتم ڕەسمی وەفاداری بە جێ بێنە، کوتی شێتی
وەفا بۆ دڵبەران کوردی لە ئەم دونیایە مەعدوومە [1]
#دیوانی کوردی#
#کوردی#