دوای چەندین ساڵ لە نزیکی لە #پارتی دیموکراتی کوردستان# و سیاسەت کردن بەشێوەی نەرم و میانڕەوەی لەگەڵ پارتی دواتر #شخ جەعفەر# مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم لە کەناڵی ڕەسمی یەکێتیی هەموو قسەیەکی لەسەر پارتی کرد.
قسەکردنەکەی شێخ جەعفەر، لە خۆڕا و بێ بەرنامە نەبوو، بەڵکوو یەکێتیی و ماڵی تاڵەبانی دەیانویست ئەو لە بری ئەوان قسە بکات.
لێرە لە چوار خاڵدا ڕوونیدەکەینەوە کە بۆچی لەم کاتەدا #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان# ویستی شێخ جەعفەر قسە بکات؟
یەکەم: بارودۆخی هەرێم بەشێوەیەکە، هەر کەسێک لە هەرێمی کوردستان و لە نێو یەکێتیی لەسەر پارتی توند بێت و قسە بە پارتی بڵێت تاڕاددەیەکی زۆر خۆشەویست و گەورە دەبێت، بەڵام #بافڵ تاڵەبانی#و #قوباد تاڵەبان#یش لە و کاتەدا نەیاندەویست کەسێک بە قسە گۆتن بە پارتی لەسەر حسابی ئەوان گەورە بێت، بۆیە باشترین کەس بۆ ئەمە شێخ جەعفەر بوو، ئەویش بەهۆی ڕابردووەکەی لەگەڵ پارتی و نزیکایەتی لەو حزبە و ئەو هەڵوێستانەی لە ماوەی ڕابردوو لەگەڵ پارتی هەی بووە، بە هیچ شێوەیەک ئەو قسانە گەورەی ناکات.
دووەم: ماڵی تاڵەبانی نەیاندەویست کەسێک لە ناو یەکێتی قسە بکات کە بە سرووشتی خۆی لە دژی پارتییە و دواتر پارتی وەک بۆچوونی شەخسی سەیری بکات، بەڵکوو دەیانویست کەسێک قسە بکات کە دواتر پارتی وای لێکبداتەوە کە ئەو قسانەی دەیکات قسەی بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانییە.
سێهەم: سەرۆکایەتی ئێستای یەکێتیی دەیویست کەسێک قسە بکات کە نەبێتە هۆی بە تەواوی هەرەسانکردنی پارتی و بە تەواوی پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی، بۆیە شێخ جەعفەریش هەڵبژێردرا، چونکە دەیانزانی پارتی هەر چۆنێک بێت قسەکانی ئەو بە توندی وەریناگرێت، وەڵامی مەکتەبی سیاسی پارتیش بۆ قسەکانی شێخ جەعفەر باشترین بەڵگەیە بۆ ئەمە.
چوارەم: بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی، دەیان ویست کەسێک قسە بکات لە نێو دامەزراوەی حکومەت بێت ئەو کەسەش شێخ جەعفەر بوو وەک جێگری سەرۆکی هەرێم بۆ ئەوەی ئەو جیاوازییە دەربخات لە نێوان #نێچیرڤان بارزانی# و #مەسرور بارزانی# هەیە.
لە هەمان کاتیشدا دەیانویست کەسێک لەو پۆستە باڵایە قسە بکات، بۆ ئەوەی لای هێزەکان و خەڵک قسەکان وەربگیرێت.
شێخ جەعفەر سەرکەوتوو بوو لە دەرخستنی جیاوازییەکان لە یەک کاتدا، لە حکومەتیدا و لەو لاشەوە ستایشی نێچیرڤان بارزانی کردوو. بە هەمووانیشی وت سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی نییە ئەگەر نا زۆر شتی پێدەکرا.
دوای قسەکانی شێخ جەعفەریش لە دیداری مێری، نێچیرڤان بارزانی بەجۆرێک لە جۆرەکان پێشوازی لە قسەکانی شێخ جەعفەر کردوو تەنها وتی قسەکانی شێخ لە دڵسۆزی بوو، بەڵام دەبووایە لەگەڵ خۆی ئەو قسانەی بکرد بووایە. [1]