$کامۆ وەکوو فەیلەسووف، کامۆ وەکوو ئەدیب$
نووسینی: ڕامیار محەمەد
“غەریزەی ژیان بەهێزترە لەو هۆکارانەی بۆ خۆکوشتن پاڵمان پیوە دەنێن. ئێمە بەر لەوەی خوو بە بیرکردنەوە بگرین، خوومان بە ژیانەوە گرتووە.”
– کامۆ
لە ڕۆژێکی وەک ئەمرۆدا و 61 ساڵ لەمەوبەر، لە کاتێکدا لەگەڵ میشێل گالیمار و هاوسەرەکەی (فرانسین فۆور) و کچەکانیدا بەرەو پاریس دەڕۆشتن، بە ئوتۆمبێل خۆیان دەکێشن بە دارێکدا؛ کامۆ هەر لەوێدا و لە تەمەنی 46 ساڵیدا گیانی دەسپێرێت و خۆی و ڕۆحە یاخیی و توندەکەی بە یەکجاریی ماڵئاواییان لە ژیان کرد.
ژیانی:
ڕۆماننووس و فەیلەسوفە فەڕەنسییەکە، ئەلبێر کامۆ، مرۆڤە جوانپۆشەکە، ئەو کەسەی کە کچان و ژنان، بەبێ ویستی خۆیان دەکەوتنە داوی خۆشەویستییەوە. (دۆن دارپەر)ەکەی بوونگەرایی -هەرچەندە ئەمە لەوانەیە بێبایەخ بێت کە باسێکی لەسەر کامۆ لەسەر بکەیەنەوە، بەڵام ئەمە تاکە شتە کە بە بیری کەسانێکدا دێت کە ئاشنایەتییان لەگەڵ کامۆدا هەیە، کاتێک باسەکە دێتە سەر کامۆ- لە 7 ی تشرینی دووەمی ساڵی 1913 لە شاری مۆندۆڤی جەزائیر لەدایکبووە. هەرچەندە باوکی بە ڕەگەز فەڕەنسی بوو، دایکیشی بە ڕەگەز ئیسپانی بوو، واتە کامۆ جەزائیری نەبوو. بەڵام زۆرترین کاتەکانی ژیانی خۆی لەوێ بەسەر بردووە. لە جیهانێکدا لەدایکبوو، جیهانی هەژاران، بەڵام دواتر بە وەفایانە و ئەمەکدارانە و بیرکەرەوە تیایدا مایەوە. باوکی لە جەنگی جیهانی یەکەمدا دەنێردرێت بۆ جەنگ و بەشداری شەڕی (مارن) دەکات، دواتر بە دەستی نازییەکان دەکوژرێت. هەربۆیە کامۆی هەشت مانگ، بە بێ باوکیی و لەگەڵ دایکێکی نەخوێندەوار و نەنکێکی توند و برایەکیدا لە ئاپارتمانێکی نیشتەجێبوون، بە بێ ئاو و کارەبا ژیان بەڕێدەکەن. ئەو کەسەی ڕۆڵێکی گەورەی گێرا لە ژیانی کامۆدا، مامۆستایەکی قۆناغی سەرەتایی بووە، ئەو درک بە توانای کامۆ دەکات و دەرگای خوێندنەوەی بە ڕووییدا دەکاتەوە.
کامۆ وەکوو فەیلەسووف
ئەلبێر کامۆ ئەوەندەی ڕۆماننووس و چیرۆکنووسە، ئەوەندە فەیلەسووف نییە و خۆیشی دانی بەوەدا ناوە، هەرگیز وەک فەیلەسووفێک خۆی نەناساندووە. ئەمە وێڕای ئەوەی لە زانکۆی جەزائیر فەلسەفەی خوێندووە و هەر لەوێش بە دوو ڕێبازی فەلسەفیی دیاری سەدەی بیستەم ئاشنابووە، واتە فەلسەفەی بوونگەرایی و هەروەها فینیۆمینۆلۆجی. لە فەلسەفەی بوونگەراییش زیاتر بایەخی بەلایەنە دینییەکەی دا و بەتایبەتیش بوونگەرایی سۆرێن و کریکەگۆر و یاسپەرز و چیستۆڤ. لە فینۆمینۆلۆجیش گرنگی بە ئیدمۆند هۆسێرڵ دا.
من دەمەوێ لێرەدا هەڵوێستە لەسەر پەڕتووکە فەلسەفییەکانی کامۆ بکەم، کە دوو پەڕتووکن:
1- ئەفسانەی سیزیف
2- مرۆڤی یاخی
ئەفسانەی سیزیف
کامۆ لە سەرەتاکانی جەنگی جیهانی دووەمدا، پەڕتووکی ئەفسانەی سیزیفی نووسی و لە ساڵی 1942 دا بۆ یەکەمین جار چاپکرا، کە دەکاتە هەمان ساڵی چاپکردنی ڕۆمانی (نامۆ)ی.
سەرەتای پەڕتووکەکە بەمە دەستپێدەکات:
“تەنها و تەنها یەک کێشەی فەلسەفی جیدیمان هەیە، ئەویش خۆکوشتنە، قەراردانی ئەوەی ئاخۆ ژیان ئەوە دەهێنێ بۆی بژین یاخود نا، ئەمە پرسیارە فەلسەفییە فێندەمێنتاڵییەکەیە.”
ئەم هەڵبژاردنەی کامۆ، لە چاوەکانیدایە، چونکە لەو کاتەوەی ئێمە بە جیدی بیر دەکەینەوە، وەکوو چۆن فەیلەسوفەکان بیر دەکەنەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ژیان مانای نییە و هەر لێرەشەوە ناچار دەبین بیر بکەینەوە کە ئاخۆ ئەمە بەسە و دەبێ دەسبەردار بین؟ بۆ تێگەشتن لەم تێزە، دەبێ کامۆ لە مێژووی فیکردا هەڵسەنگێنین. ڕەچاوکردنی ئەوەی کە دەبێ خۆمان بکوژین چونکە ژیان بێمانایە. لەسەر بیرۆکەی پێشووتر بنچینەی دامەزراوە کە پێی وایە دەکرێت ژیان دەوڵەمەند بێت، کاتێک مانا خودایی و دنییەکەی بکەین بە بەردا. ئەم کۆنسێپتەش کەم تا زۆر لە دونیای ئێستادا پشگوێخراوە و وەکوو ڕیمۆتێک تەماشای دەکەین. دەبێ ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە ئەم بیرۆکەیەی کە لە ڕوانگە دینییەکەوە پێی وایە ژیان مانادارە، بۆ دوو هەزار ساڵ لە ڕۆژاوادا کاری کردووە، ئەویش لەلایەن کڵێسای کریستیانیەکانەوە بڕیاری لێدراوە. کامۆ لە ڕیزی بیرمەندە گەورەکانی وەک (کریکەگارد، نیچە، سارتەر، هایدیگەر…) دەوەستێت، بەوەی لە ڕاستیدا پێیان وایە هیچ ئامانجێکی خودایی لە ژیاندا نییە. ئێمە تەنها مەسەلەیەکی بایۆلۆجین، کە لەسەر بەردێکی بچوک لە گەردوونێکی گەورە و کەمتەرخەمدا، بێ ئامانج دەسوڕێینەوە. هیچ داوایەکی خوداییمان لی نەکراوە کە کار بۆ مانەوە بکەین و هیچ ئامانجێکی بەهێز و گەورە نییە بۆ ژیانکردن. ئەمانە ئەو باسانە بوون کە خۆیان لەناو ئەو فەیلەسووفانەدا حەشاردابوو، کە ئێمە ئێستا پێیان دەڵێین: فەیلەسووفە بوونگەراکان. کامۆ پێی وایە ژیان پووچە و بێمانایە، بەڵام ئەو وێرای ئەوە نیهیڵیزم و بێهیوابوونی تەواوەتی ڕەتدەکاتەوە.
گەر بێت و بڵێین (مرۆڤی یاخی) مانیفێستی یاخیبوون بوو لە سەدەی بیست دا، ئەوا دەتوانین بڵێین (ئەفسانەی سیزیف)یشی مانیفێستی ئەبسێردی سەدەی بیست بوو.
کامۆ (ئەفسانەی سیزیف)ی گریکی کردووە بە کڵێشەی نووسینی پەڕتووکەکەی، سیزیف کە سزادراوە بە بەرزکردنەوەی بەردێک بۆ بەرزایی گردێک، و کە دەگاتە سەرەوەی کێوێک دووبارە دەکەوێتە خوارەوە و هەرگیز ناگات بە لوتکەکەی. ئەو پێی وایە ئێمەش دەبێ وەکوو سیزیف، کە هەرچەندە کارەکەی بێهودەیە و دووبارە و دووبارە بەردەکە دەباتە سەرەوەی گردەکە، بەڵام هێشتاکەش بەردەوامە و دووبارەی دەکاتەوە؛ پێویستە ئێمەش بەو جۆرە لە ژیان بەردەوام بین، سەرەڕای ئەوەی ژیانکردن بێهودەیە و هیچ ئامانجێکی تێدا نییە.
ئایا سیزیف بەختەوەرە؟
کامۆ بە بەڵێ وەڵامی ئەم پرسیارە دەداتەوە. لەبەر ئەوەی سیزیف هۆشیارە بەو کارەی دەیکات و ئەو چارەنووسەشی قبوڵە و باوەشی پێدا کردووە. پەڕتووکی ئەفسانەی سیزیف پەیوەندی نێوان پووچی و خۆکوشتن بەیان دەکات بۆمان، ئەو پلەیەی کە تیایدا خۆکوشتن دەبێتە چارەسەرێک بۆ پووچی. بابەتەکانی ناوی شیکردنەوەی پەیوەندی نێوان پووچی (ئەبسێرد) و خۆکوشتنە، وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارەیە کە سەرەتای بیرکردنەوە بە مێشکی تا ڕادەیەک دەتوانم بڵێم هەمووماندا دێت؛ ئەویش ئایا خۆکوشتن چارەسەرێکە بۆ پووچی؟
مرۆڤی یاخی
لە ساڵی 1951 کامۆ پەڕتووکی (مرۆڤی یاخی) بڵاو کردەوە. واتە بە نزیکی 10 ساڵ دوای بڵاوکردنەوەی (ئەفسانەی سیزیف).
ئەو لەم پەڕتووکەدا بە نزیکی فەلسەفەی یاخیبووانی ڕوونکردەوە. ناوەرۆکی پەڕتووکەکەی بە تەواوی فەلسەفی نەبوو، بەڵکوو تێکەڵێک بوو لە بیرۆکەی فەلسەفی و سیاسی.
کامۆ سەرەتای پەڕتووکەکە بەمە دەستپێدەکات:
مرۆڤی یاخی کێیە؟ ئەو مرۆڤێکە کە دەڵێت: نەخێر. بەڵام ئەم ڕەتکردنەوەیە مانای ئەوە نییە کە ئەو مرۆڤە حاشا لە هەموو شتێک بکات، بەڵکوو مرۆڤێکە کاتێک دەست بە بیرکردنەوە لە خودی خۆی دەکات، بەهەمان شێوە دەشڵێت: بەڵێ. ئەو کۆیلەیەی کە بە درێژایی ژیانی فەرمانی جێبەجێ کردووە، لە پڕێکدا کە فەرمانی تازەی پێ دەدرێ بڕیار دەدات کە جێبەجێی نەکات.
یاخیبوون بەلای کامۆوە ئەو کاتە دەستپێدەکات کە مرۆڤی یاخی هەستدەکات بەجۆرێک لە جۆرەکان لەسەر هەقە. بەلای ئەوەوە ئازادی ڕەها گوزارشتێکە لە هەقی بەهێزترین تاک کە دەسەڵات بەسەریدا زاڵبێت. پێشی وایە کە دادپەروەری ڕەها ئەو کاتە بەدەستدێت کە ململانێ و کێشمەکێشمەکان ئیتر بە یەکجاریی کۆتاییان پێبێت، وە دواجار ئەم دادپەروەرییە ناواخنی ئازادییە. ئەم ململانێیەی نێوان ئازادی و دادپەروەری دەبێتە هۆی درووستبوونی هاوسەنگی هەمیشەیی و میانڕەوی سیاسی. وە ئەمەش شتێکە کە زۆرترین سنوورەکان بەرهەمدەهێن. ئەو پێی وایە کە مرۆڤ دەبێت بۆ بنیادنانی خود بژیی و ڕێگەش بۆ ژیانی خۆشبکات. هەرچەند لە دواتردا ئەم پەڕتووکەی کامۆ بووە هۆی ناکۆکی نێوانییان لەگەڵ سارتەردا؛ سارتەر پێی وابوو کە ئەم ئازادی و دادپەروەرییە ڕەهایە لە ژێر هەژموونی کاپیتاڵیزم (سەرمایەداری) نایەتە بوون و هەتا هەژموونی سەرمایەداری زاڵبێت چینی پرۆلیتار ناتوانێ ئازاد بێت. کامۆ بە پەڕتووکی (مرۆڤی یاخی) بەرگری لە سۆسیالیزمی ئاشتیخوازانە کرد و دژی شۆڕشی توندوتیژانە وەستایەوە. لە (مرۆڤی یاخی)دا کامۆ وتی: لە کۆتاییدا ئازادی هەڵدەبژێرم، تەنانەت ئەگەر دادپەروەریش بەرقەرار نەبێت، ئازادی پارێزگاری لە توانای ناڕەزایەتی دەربڕین دژی نادادپەروەری دەکات و ڕێگاکانی پەیوەندی بە کراوەیی دەهێڵێتەوە.
کامۆ وەکوو ئەدیبێک
لێرەدا من دێمە سەر باسی ئەو ڕۆمانەی کە کامۆ نۆبڵی پێ بەدەستهێنا، ئەویش پەڕتووکی (نامۆ) بوو.
لە ساڵی 1942 ئەم پەڕتووکەی بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ دایکم مرد. لەوانەشە دوێنێ بووبێت؛ دڵنیا نیم. تەلەگرامێکم لە ماڵی پیرانەوە بەدەست گەیشت، “دایکت کۆچی دوایی کردووە. سبەی بە خاک دەسپێردرێ. وێڕای ڕێز.” ئەمە هیچ ناگەیەنێ، لەوانەیە دوێنێ بووبێت.
ئەم ڕۆمانەی باس لەپاڵەوانێکی جیاواز و سەربەخۆ و ئایرۆنی دەکات بە ناوی مارسۆ. پیاوێک کە هیچ ئامانج و مانایەک لە خۆشەویستی، کار و هاوڕێیەتیدا نابینێت. ئەو کەسەی کە ڕۆژێک بە ڕێکەوت تەقە لە پیاوێکی عەرەب دەکات و دەیکوژێت. بەبێ ئەوەی بزانێت مۆتیڤی ئەم کارەی چییە و ئەمەش بە مردنی کۆتایی پێدێت. بەشێکی مردنەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە هیچ پەشیمانییەکی تێدا نییە بۆ کارەکەی و هیچ بایەخێک بەو کوشتنەش نادا کە ئەنجامی داوە، هەروەکوو چۆن بایەخی بۆ ئەو چارەنووسەش نییە کە هاتۆتە ڕێی. ڕۆمانەکە چەمکی (ئەنەمی) سۆسیۆلۆجیست (ئیمیل دۆرکاهیم) زۆر بەجوانی بەرجەستە دەکات؛ واتە مرۆڤێک خاڵی لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و مرۆڤێک بایەخی بۆ هیچ شتێک نییە و نامۆیە. ئەو حاڵەتەیە کە مرۆڤ هەستدەکات بە تەواوی دابڕاوە لە کۆمەڵگا و ئەوانیتر، ناتوانێ ڕێگایەک بدۆزێتەوە تا بەها و سۆزی خۆی لەگەڵ ئەوانیتردا هاوبەشی پێبکات. پاڵەوانەکەی کامۆ ناتوانێ ئەوە قبوڵ بکات کە بۆچی وەڵامە باوەکان بەمجۆرەن. مارسۆ دووڕوویی و عەتف لە هەموو جێیەک دەبینێت و ناتوانێ پشگوێی نەخات. ئەو پیاوێکە کە ڕوونکردنەوە ئاساییەکانی پێ قبوڵ ناکرێت. ڕوونکردنەوە ئاساییەکان بۆ پڕۆسەی خوێندن، پەیوەندی خۆشەویستی و کارکردنی مرۆڤ و میکانیزمی کارکردنی حکومەت قبوڵ ناکات. کامۆ لەو چاپەی کە بۆ ئەمریکای نارد و لەوێ بڵاوی کردەوە دەنووسێت: مارسۆ یاری ناکات، ئەو درۆکردن ڕەتدەکاتەوە، ئەو خودی خۆیەتی، ئەو شاردنەوەی هەستەکانی ڕەتدەکاتەوە، هەر بۆیە کۆمەڵگا ڕاستەوخۆ هەست بە هەڕەشە دەکات. ئەوەی کە پەڕتووکەکە جوانتر و جیاوازتر دەکات، ئەو دەنگەیە کە لە مەودایەکەوە و بە ساردی قسە بۆ ئێمە (خوێنەر) دەکات. لە کۆتاییدا مارسۆ سزای مردنی بەسەردا دەدرێت بەهۆی کردەی کوشتنەکەوە کە ئەنجامیداوە، کە دەتوانم بڵێم لە دەستی خۆیدا نەبوو، ئەو دەیەوێ بزانێ ئەو هەستە چۆنە کاتێک پەلاپیتکەی دەمانچەکە دادەگرێت و دەیتەقێنێ. “تەنیا ئەو ئاواتەم بۆ مابۆوە، ڕۆژی لەسێدارەدانەکەم بینەرێکی زۆر کۆ ببێتەوە و بە هاواری ڕقوکینیان پێشوازیم لێ بکەن. گەر بێت و بکوژیش نەبین، گەر بێت و دایکیشمان نەمردبێت، ئێمە لەو پەڕتووکەدا ئەزموونێکی بەچێژ و واقعی دەکەین، وە هەموومان ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە ئێمە توانای درۆکردنمان هەیە و ناتوانین هەندێ ئەزموون هەیە بیکەین. بەڵام مارسۆ بێ هیچ سانسۆر و بێ هیچ درۆیەک ئەوە دەکات کە دەیەوێ. گەر بێت و (ئەفسانەی سیزیف) مانیفێستی پووچی بێت و (مرۆڤی یاخی) مانیفێستی یاخیبوون بێت، ئەوا لە سەدەی بیستدا (نامۆ) مانیفێستی نامۆبوونە.
کامۆ بە هەڵپرژانی بەسەر واقعییەتی سیاسی، ئەزمەی مۆراڵی و سنوورەکان و ئیمکانی هەڵەکاری مرۆڤ، پەیامێکی قوڵ و بەپێزی بۆ ئەم سەردەمەمان هەیە. هەتا پیرۆزترین و بەبەهاترین ئایدیاکان پێویستە لە بەرانبەر ئایدیاکانی دیکەدا هاوتابن و بە هەمان چاو تەماشا بکرێن. ڕەهاگەرایی داهاتووییەکی مەترسیدار لە پێشڕەویماندا درووستدەکات. [1]