$ڕەگ و ڕیشەی ئەفسانەیی بەپیس زانین و قەدەغەکردنی گۆشتی بەراز$
نووسینی: #سەروەر پێنجوێنی#
وەکو بەشێک لە لێکۆڵینەوەیەکی گەورە، بە ناوی ڕەخنە لە لێکدانەوەی زانستی بۆ قورئان، کە لێکۆڵینەوەیەکی ڕەخنەیی بو لەسەر لاف وگەزافەکانی تەوژمی (لێکدانەوەی زانستیی قورئان) و (ئیعجاز ی زانستیی قورئان).و سەرەتا بە و نیازە نووسرا کە لە ناوەندی (ڕووناکبیر) ەکەی (دکتۆر صەباح بەرزنجی) بڵاو ببێتەوە، کە ئەم ناوەندە بە ڕواڵەت دەزگایەکی ڕۆشنبیری بو بەڵام زۆر جار کۆبونەوە سیاسیەکانی باڵ و پارچەکانی بزووتنەوەی (یەک بون) ی ئیسلامیی تێدا دەبەسران هەتا (کۆمەڵی ئیسلامی) درووست بو! بەڵام لە و ناوەندە بە و لێکۆڵینەوە ڕەخنەییە ڕازی نەبون و وتیان ئێمە پێمان باش نییە شتی وا هەر بنووسیت!
بۆیە کاتێک تەواو بو؛ لە گۆڤاری فیکریی (هەژان) ی سەر بە (یەکگرتوی ئیسلامیی کوردستان) بڵاو بوەوە (ژمارە 9و10، ساڵی 2002). تێبینی: ئەمە ئەو دەقەیە لە کاتی خۆیدا نووسیومە، بەبێ نوێ کردنەوە، ئەگەرنا ئێستە یەک خەرمانەی تەواو زانیاری و وردەکاریی زیاتر لەلامان خەمڵیوە دەربارەی ئەم بابەتە، کە لێکۆڵینەوەیەکی تێروتەسەلیان لێ پێک دێت جۆرێک لە لێکدانەوە و إعجاز ی زانستی ئەوەیە کە بۆ ڕونکردنەوەی ئامانجی (تشریع) باس دەکرێن. بەڵام نووسەرانی بواری لێکدانەوەی زانستی بە شێوەیەک قسە لە بابەتەکە دەکەن لە ڕوی زانستیەوە ناڕاستە. بۆ نموونە، دەربارەی ئەوەی کە قورئان خواردنی گۆشتی بەرازی قەدەغە کردووە؛ دەڵێن ئەمە إعجاز ێکی زانستیە چونکە بەپێی ئەوە قورئان هەواڵی داوە لە زیانەکانی گۆشتی بەراز واتە ئەو نەخۆشییانەی کە لێیەوە پەیدا دەبن و پزیشکیی نوێ دەستنیشانی کردون.
ئەمە قسەیەکی هەڵەیە، چونکە دەقەکە تەنیا قەدەغەکردنی تێدایە، ئیتر مەبەستی لە قەدەغەکردنەکە ڕون نەکردووەتەوە و لە هیچ زیانێکی گۆشتی بەراز نەدواوە. لە لایەکی تریشەوە وەنەبێت لەپێش قورئاندا لە هەمو کۆمەڵگەکاندا گۆشتی بەراز بەبێ هیچ سڵێک وەکو خۆراک بەکار هێنرابێت پاشان قورئان بۆ یەکەم جار قەدەغەی کردبێت، بەڵکوو بە شێوەیەکی گشتی ئاڕامیەکان و عیبرانیەکان و عەرەب و زۆر لە گەلانی تری ناونراو بە سامی، هەر لە زوەوە گۆشتی بەرازیان لا قەدەغە بوە، بۆ نموونە هەر لە تەوڕاتدا: (و بەراز... ئەوە پیسە پێتان، لە گۆشتەکەی مەخۆن و دەست لە جەستەی مەدەن..) (پەڕتووکی لاویەکان: 11: 8) (پەڕتووکی دوبارەخوێندنەوەی شەریعەت: 14: 8). هۆکاری ئەم قەدەغەبونەش چەند شتێکە:
هەر لە سەرەتاوە مرۆڤی دەشتەکی بەگشتی لە ئاستی بەرازدا هەستیار و بێزارە، چونکە بەراز وەکو ئاژەڵ و مەڕوماڵات ملکەچی شوانکارەیی نییە و ڕانێکی لێ پێک نایەت کە مرۆڤی کۆچەر بۆ هەمو لایەک پێش خۆی بدات، بەڵکوو زیاتر لەگەڵ ژیانی نیشتەجێیی و کێڵگە و گوندی کشتوکاڵیدا هەڵدەکات. ئینجا بەراز بە گیاندارێکی پیس دانراوە: لە تەوڕاتدا: (ئەوە پیسە پێتان) (پەڕتووکی لاویەکان: 11: 8)، لە قورئانیشدا: (... أَوْ لَحْمَ خِنْزِیرٍ، فَإِنَّهُ ڕِجْسٌ) (الأنعام: 145)، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە زودا مرۆڤی نیوەدورگەی عەرەبی شێوەیەک لە پیرۆزیی داوە بە بەراز، ئەوەش لەوەدا دەردەکەوێت کە بۆ قوربانی بۆ خواوەند بەکار هێنراوە، پاشان ئەو شێوە پیرۆزیە بوەتە شێوەیەک لە پیسی، چونکە بە بۆنەی پیرۆزیەکەوە وەکو خۆراک بەکار نەهێنراوە و ئەوەش بوەتە هۆی ئەوەی لە دواییدا قێزی لێ بکرێتەوە، ئەمە جگە لەوەی کاتێک گیاندارێک بۆ قوربانیی خواوەند بەکار هاتوە؛ ئیتر بوەتە شتێکی تایبەت بە خواوەند و لەبەر ئەوەش قەدەغە بوە لە مرۆڤ.
لە لایەکی ترەوە بابەتەکە پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ئەو گیاندارە لە بنەڕەتدا گیاندارێکی تەوتەمە (واتە پەرستراوێکی سەرەتاییە)، کە بەشێکیش لە تەوتەمیزم قەدەغەبونی خواردنی تەوتەمەکەیە، بۆیە لە زمانیشدا وشەی وەکو احترام و حرام پێکەوە پەیوەستن، و حرمة واتای ڕێز و قەدەغەبون یش دەگەیەنێت. هەروەها پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە بە گیاندارێکی مەسخکراو دانراوە. بە هەمان شێوە سەگ و خوێن بەهۆی بەشداربونیانەوە لە سروتی قوربانیدا و تایبەت بونیان بە خواوەندەوە؛ پیرۆزییەکیان وەرگرتوە و پاشان وەکو شتێکی پیس تەماشایان کراوە. هەر یەکە لە بەراز و سەگ و خوێن لە سروتی قوربانیدا بەکار هێنراون.
ئیتر بۆ نموونە خەڵکی (حەڕڕان) [(ئورفە) ی ئێستە] و پەرستشکارانی خواوەند (ئەدۆنیس) Adonis و ئەفرۆدیتێ Aphrodite لە قوربانیدا بەرازیان بەکار هێناوە، و لای هەمو سووریاییەکان پیرۆز بوە، بەڵکوو زۆر جار خواوەند (ئەدۆنیس) لە شێوەی بەرازدا وێنا کراوە. هەروەها ئاماژە هەیە بۆ ئەوەی کە بەراز تەوتەم بوە، جگە لەوەی باوەڕێکیش لە عەرەبدا هەبوە کە بەراز گیاندارێکی مەسخ کراو ممسوخ ە. لەبەر ئەوانە لای گەلانی نیوەدورگەی عەرەبی بەگشتی و لای سووریاییەکان و لای جولەکە گیاندارێکی پیس بوە و خواردنی قەدەغە بوە، هەروەکو لای یۆنانیەکانیش قەدەغە بوە بە بیانوی ئەوەی بەرازی کێوی خواوەند (ئەدۆنیس) ی کوشتوە! مردنی ئەدۆنیس، پەیکەری پەیکەرتاشی ئیتالی (جوزێپپێ ماتزوۆلی 1709).
لای ڕۆمانیەکانیش بە هەمان شێوە لەبەر ئەوەی بەرازێکی کێوی خواوەند (ئەتیس) Attis [لای فریگیەکان] ی کوشتوە! هەروەکو هیندۆسەکانیش گۆشتی بەرازیان لا قەدەغەیە چونکە بە پیسی دەزانن. بەڵام لای کریستیانەکان لە سووریانیەکان و لە عەرەبە کریستیانەکان قەدەغە نەبوە. بە هەمان شێوە سەگیش لە قوربانیدا بەکار هێنراوە و لای خەڵکی (حەڕڕان) پیرۆز بوە، لای عەرەب و عیبرانیەکانیش تەوتەمێکی دێرین بوە، بۆیە لای جولەکە بە پیسترین گیاندار دانراوە. وەنەبێت ئەمە تایبەت بێت بە بەراز و سەگ و خوێنەوە کە زانستی نوێ لە زیانە تەندرووستیەکانیان دەدوێت، بەڵکوو بۆ نموونە ماسی لای هەمو سووریاییەکان قەدەغە بوە چونکە دەیانپەرست و وەکو تەوتەمیەکان پێیان وابو هەر کەس گۆشتە پیرۆزەکەی بخوات؛ توشی برین دەبێت. لای کەلتیەکان و جێرمانیەکان و لاپیەکانی باکووری سویدیش گۆشتی کەروێشک قەدەغە بوە چونکە پیرۆز بوە بەلایانەوە. هەروەکو تەوڕات گۆشتی حوشتر و کەروێشک قەدەغە دەکات. (پەڕتووکی لاویەکان: 11: 4، 6) (پەڕتووکی دوبارەخوێندنەوەی شەریعەت: 14: 7). بەگشتی هەر گیاندارێک پەیوەندییەکی بە خواوەند یان مرۆڤەوە لە هزردا هەبوبێت؛ بە پیس دانراوە و قەدەغە بوە. لێرەدا مەبەست ئەوەیە کە ئەوەی لە دەقە قورئانیەکەدا هەیە تەنیا قەدەغەکردنی شتەکەیە لەگەڵ تەنیا بەهانەیەک کە ئەویش پیسیە، لە کاتێکدا بینیمان کە قەدەغەکردنەکە و چەمکی پیسیەکەش لە پێش قورئاندا هەبوە، لەبەر ئەوە بواری چەمکی (إعجاز) ی زانستی نامێنێتەوە. ئیتر مشتێکیش نموونەی خەروارێکە. [1]