نووسەر :#ڕێبوار سیوەیلی#
گواستنەوە لە نەزانییەوە بۆ دانایی:
لە بەسەرهاتی (سینۆهە)دا شتێک دەخوێنینەوە بەم مانایە: هەمووشتێ لە ژیانی مرۆییدا گۆڕانیی بەسەردا دێت: خۆراک، جلوبەرگ، ماڵ، شێوازی ژیان و هەر شتێکی تر، بەڵام نەزانیی بە نەگۆڕیی دەمێنێتەوە.
بەم مانایەش، نەزانیی دۆخێکی هەمیشەیی هوشیاریی مرۆڤە و دانایی دۆخێکی کاتی و لە چاوەڕوانیی زیاتردا. مێژووی ڕەگەزیی مرۆیی لە نەزانییەکی ڕەهاوە بەره و داناییەکی ڕێژەیی هاتووە. ئێمە هەتا دێت لە نەزانیی ڕەها دوور دەکەوینەوە، بەڵام بەمانای ئەوە نييە بەره و دانایی ڕەها دەڕۆین، چونکە دانایی تەنیا لە ڕێژەیی بوونیدا داناییه و ئەگەر بوو بە دانایی ڕەها، دیسانەوە، دەبێتەوە بە نەزانیی. بۆیە یاساکە ئەوەیە، کە دەڵێت: گشتیترین ئامانجی زانست بریتیە لە پیشاندانی ڕەوتێک، کە تیایدا تاکەکەس بتوانێت لە نەزانییەوە بگات بە دانایی. ئەم ڕەوتە شتە نامۆکان ئاشنا دەکات، نەزانراوەکان ڕووندەکاتەوەو تاکەکەس ئامادەی وەئەستۆگرتنی بەرپرسیارێتی لە ئاست گشتدا دەکات، چونکە دانایی بە پێچەوانەی نەزانییەوە، بەرپرسیارمان دەکات.. ئه و کەسەی لە نەزانییەوە تاوانێک دەکات، سزای تاوانەکەی دەدات، بەڵام نەزانییەکەی وەک تاوان لێکنادرێتەوە. بەڵام ئه و کەسەی لە زانینەوە تاوانێک دەکات، هەم سزای تاوان و هەم سزای زانینەکەیشی دەدات، چونکە دەزانێت ئەوەی دەیکات، تاوانە. ئه و کاتەی زانست تاکەکەس ڕۆشندەکاتەوە، دەبێتە زانستێکی فێرکەر، پەروەردەکەر و ئەوەمان بۆ ڕووندەکاتەوە، ئاخۆ ئەو شتانەی بڕوامان پێیانە، ڕاستن یان هەڵە. بۆیەش ئەوەندە وشەی تاکەکەس دووبارە دەکەمەوە، تا جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە، کە زانین پێش هەموو شتێک پڕۆژە یەکی کەسیی و تایبەت و خودیە، نەک گشتی و سەرجەمگیر و ئاپۆرەیی. پرۆسەی زانستی و ئاستی ئاگایی، سەرەتا پڕۆژە و پرۆسەیەکی هەڵبژاردەگەرایانەیە، کە بەهۆیەوە کۆمەڵگا و دامەزراوەکانی ئه و هەڵبژاردەیەمان لە دانایان بۆ ئامادە دەکەن، کە پێشڕەوایەتی بیری زانستی دەکەن و ڕەوتی زانستیی پێ بەپێی ئامانجە هاوبەشە مرۆیی و لۆکاڵیەکانی کۆمەڵگای خۆمان، ڕیکدەخەن.
لێرەوە، ئاساییە بپرسین: بارودۆخی زانست لە هەرێمی کوردستاندا لە چیدایە؟ کێ و کام دامەزراوانە پێشرەوایەتی بیری زانستیی دەکەن؟ چ سیاسەتێکی زانستیمان هەیە و کامانان ئه و هێزە سیاسیانەی پاڵپشتی لە بۆچوونی زانستیی دەکەن؟ ئەگەر ئێمە لە قۆناغی پاشەکشێی زانستیداین، هۆکارەکان چین؟ ئایا وێڕای لاوازیی تێۆری و کەرەستەی تەکنەلۆژی، نەبوونی شارەزایی و هۆکاری تر، کولتوور چ جۆرە ڕێگرییەک لەبەردەم پرۆسەی زانستیدا دروستدەکات.. ئەم پرسیارەی دوایی، سوودی زۆری هەیە، چونکە لە چاوپێداخشاندنەوەیەک بە بارودۆخی زانست لە هەرێمی کوردستانی پاش ڕاپەڕین، بە تێپەڕین بە ئەزموونی پەرلەمانتاری و حکومەتداریی هەرێمی کوردستان، زۆربوونی ژمارەی زانکۆکان و بنکەی توێژینەوه و سەنتەرەکانی ڕاپرسی و زانکۆ ئەهلییەکان، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ، هێشتا پرانسیپی زانستیی لە هەرێمەکەدا جێگیرنەبووە و نەبۆتە خاوەن نۆرمی خۆی. زانست، لە زۆر بەکارهێنانیدا گوزارەیەکی سواوە، بۆ وتنی شتێک، کە دەبوو هەبێت و نییە، یان زۆر لاوازە. بەمجۆرەش، ئەم وتارە ڕێگرە کولتوورییەکانی بەردەم بیر و پرۆسەی زانستی، بە ڕێگریی هەرە سەرەکیی لەبەردەم چارەنووسی زانستی لە هەرێمەکەدا دەبینێتەوە.
ڕێگرە کولتوورییەکانی بەردەم پرۆسه و بیری زانستی:
بەشێک لەو ڕێگرانەی کە کاریگەرییان لەسەر دواکەوتنی زانست و لەناوبردنی چالاکیی زانستیانە، لە کۆمەڵگادا هەیە، ڕێگری کولتوورین. ڕێگری کولتووری، بە کۆی ئه و دیوارو بەڵگانە دەگوترێ، کە کەسانێک بەناوی ڕەوایەتی و ڕەسەنێتی کولتوورییەوە، لە کۆمەڵگادا بڵاویان دەکەنەوه و ڕەواجیان بۆ پەیدا دەکەن، بەبێ ئەوەی بەڵگەی لۆژیکیانه و سەلمێنراو بن و زیاتر لە تێگەیشتنی ئایدیۆلۆژی و پێش زانستی و میزاجییەوە نزیکن، تاکو تێگەیشتنی زانستیانە. ڕێگرە کولتوورییەکان زۆرجار لە بنەوانی خۆبەکەمزانیی و بێمتمانەیی کولتوورییەوە سەردەردەهێنن و کاریان بریتیە لە بێمتمانەکردنی کۆمەڵگا و بکەرەکانی ناوی، بەخۆیان.
بەڵام وێڕای بوونی ڕێگرە کولتووریەکانیش، بۆمان هەیە بپرسین ئایا کولتووری ئێمە لە بنەمادا کولتوورێکی دژە زانستیانەیە، یان پەسەندکەری زانست و بیرۆکەی زانستیە؟ ئایا بیری زانستیانە لەلای کورد بیرێکی نوێیە، یان کۆن؟ ئایا دەکرا ژیانێک بۆ کورد هەبێت لە دەرەوەی بیرۆکەی زانستی و سەرەتاو بنەما زانستیەکان؟ وەڵامی ئەم پرسیارانە هەرچییەک بن و تێگەیشتنمان لە زاراوەی زانست هەرچییەک بگرێتەوە، ئێمە کۆمەڵێ دیاردەی ژیانکیی و شارستانیی و جوانیناسانە لە ژیانی کوردیدا دەبینینەوە، کە بەبێ ئاشنایی کوردەکان بە بنەما سەرەتاییەکانی زانست و شێوەزانستی و هەبوونی کەسانێکی ئاشنا به و بنەمایانه و بەکارهێنانیان لە ژیانی کردەیی و پیشەیی و داهێنانی خۆیاندا، نەدەبوون.
هونەرەکانی شیعر و بەتایبەتی مۆسیقا، کە کۆنترین فۆرمەکانی تەعبیرکردنی کوردن لە خۆی، بەبێ شارەزایی لە بنەماکان تەکنیک و مەهارەتی پیشەیی و دانایی بە تەکنکیی ئه و هونەرانە، وێنا ناکرێن. دەبێت بەر لەسەرهەڵدانی ئەم فۆرمانەی داهێنان، ئه و داناییە پیشەیی و هونەرییە لەلای بکەران ئامادەبووبێت، تا بەرهەمەکان بەرجەستە بکەن. بۆ دروستکردنی یەک شمشاڵ، یان دەهۆڵ، داناییەکمان پێویستە کە جۆرەکانی ڕووەک و پێستی ئاژەڵ لە یەک جیا بکاتەوە و ئەوەیان هەڵبژێرێ کە توانای بوون بە ئامێرێکی مۆسیقایی هەیە. ڕاستە کوردەکان لە نووسینەوەی نۆته و میلۆدیەکانیانەوە دەستیان پێ نەکردووە، بەڵام ئەوەی کە ئێستا دەتوانین، ئه و میلۆدی و نۆتانە بە زمانی زانستیانەی مۆزیک بنووسرێنەوە، نیشانەی سەرچاوەی ئەوانە لە هزرێکی شێوەزانستیدا.
تەلارسازی و خانووبەرەی ئێمەش، جگە لە ناسینێک و داناییەک به و کەرەستانەی لێی دروستکراون، جگە لە هەڵبژاردنی مرۆڤی کورد بۆیان لە ئەنجامی ناسین و ئەزموون کردنیانەوە، کە دیسانەوە بەرهەمهێنەری جۆرێ لە زانینە لەسەر ئه و کەرەستانە، پڕن لە هونەرەکانی پێوانەکردن، هارمۆنی، هاوسەنگی، دۆزینەوەی چەقی قورسایی، ئاراستەکانی ئاسۆیی و ستوونی و گونجان و تێکهەڵکێشان، کە هەموو ئەمانە ئاشکراکەری داناییەکی پراکتیکیانه و شێوەزانستیانەی باووباپیرانی ئێمەن بە هونەری تەلارسازی و شێوەناسی و جوانیناسی.. لەبەرامبەر ئەمانەدا، شێوەژیانی کشتوکاڵیانەی ئێمه و ئه و ئەزموونەی له و بوارەدا پێیدا تێپەڕیوین، هەمووی بەڵگەن لەسەر ناسین و دانایی بە سروشتی خاک و ئاووهەوا. هەر لێرەشەوە، کردە زانستەکانی وەک سیستەمی ئاودێری، چاندن، دروێنە، شەتڵ کردن، تووزکردن، موتوربەکردن، کە پەرچکەرەوەی فۆرمی بیرکردنەوەی زانستیانه و شێوەزانستیانەن، ئامادەییان هەیە.
بە هەمان شێوە، بیری ساخڵەمی و پزیشکیی میللیی و چارەسەرکردن، دەرمانسازی و جۆرەکانی خۆپاراستن، هەموویان نیشانەکانی بیرکردنەوەی زانستی کردەیی ئەم میللەتەیان پێوە دیارە. بەبێ ئەوەی ئەم قسەیە به و مانایە بێت، کە ئێمە ئیدیعا بکەین، زانست بە تێگەیشتنە تیۆرییە هاوچەرخەکەی، وەک ئەوەی لە تاقیگه و بەهۆی ئامێرو تیۆرییەکانەوە بەرهەم دێت، بوونی هەبووبێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ناکرێت ئەم کۆمەڵە مرۆییە، هەزاران ساڵ لەسەر خاکەکەی ژیابێت و ڕێنمایی شێوه زانستیانەی، کە بەرئەنجامی دانایی پراکتیکی و کەڵەکەبوونی زانیارین، بۆ دروست نەبووبێت. ڕاستە ئەم میللەتەش، لە نەزانییەکی ڕەهاوە، دەستی پێکردووە، بەڵام ئەگەر هەنگاوی بەره و داناییەکی ڕێژەیی نەنایە، ئەمێستا بوونەکەی سڕدرابۆوە. لێرەوەیە کە قسەکردن لەسەر بوونی هزرە پێش زانستی، شێوەزانستییەکان و زانستیەکان لە ژیانی گەلاندا خۆی دەسەپێنێت و وێنەیەکی تەواوترمان لەسەر شوناسی مرۆیی خۆمان بۆ بەرجەستە دەکات..
بۆیە شەرم شکاندنی میللەتێک لە جیهان و پێشکەوتنەکانی، بەوە دەبێت، کە ڕابردووە پراکتیکی و داناییە شێوەزانستیەکانی خۆی بیر بخەینەوە، بۆ ئەوەی لە هەنگاوی داهاتوودا باس له و ڕێگرە کولتووریانە بکەین، کە وایان کردووە، لە ئێستاشدا نەهێڵن پرۆسەی زانستی لە کۆمەڵگا و تەنانەت لە دامەزراوە زانستیەکانیشدا، گەشە بکات.[1]