#عەبدولڕەحمان سدیق#
مەلای گەورەی کۆیە یەکێکە لەو کەسایەتییە ئایینییە کوردییانەی کە هاوکاتبوونی هاتنە دنیای، لەگەڵ کەسانی وەک محەمەد عەبدە و عەبدولڕەحمانی کەواکیبی و بەدیعوززەمان سەعیدی کوردی، گەورەترین شۆڕشی هزری نوێی ئایینییان هێنایە ئاراوە.
مەلای گەورە کە لە 12/10/1943 (دوازدەی تشرینی یەکەمی ساڵی هەزارو نۆسەدو چل و سێ) کۆچی دوایی کرد، زۆر نووسراو و نامیلکە و پەڕتووکی ناوازەی بۆ بەجێهێشتین، لە سەرووی هەمووشیانەوە تەفسیری کوردی کە خۆی لە دە بەرگدا دەبینێتەوە.
زەحمەتە بتوانین لەم باسەدا لە کۆی سیفاتە بڵندەکانی مەلای گەورە بدوێین، زەحمەتیشە تەنیا سیفەتێکی باس بکەین و ئەوانی دی فەرامۆش بکەین. بەڵام لە بەر سرووشتی نووسینی گۆشە، هەر ناچار دەبین تیشک بخەینە سەر یەکێک لەو خاڵانەی کە مەلای گەورە لە ڕووی ئایینییەوە لەو سەردەمەوە بە پێویستییەکی کۆمەڵگەی کوردەواری زانیوە، کە ئەویش بایەخدانە بە پێگەی ژیری لە تێگەیشتنی دەقە ئایینییەکاندا، بۆیە لە بەرگی یەکەمی تەفسیرەکەیدا دەڵێت: (کە ژیری نەما، قسە لەگەڵ کێ بکەین؟ بیلئەخەس کە کەرامات هاتە گۆڕێ، بە جارێ ژیری و عیلم و حیکمەت دەفڕێ، نیزامی کائینات ژێر بەرەو ژوور دەبێ، حەق و حەقیقەت گوم دەبێ...خودایە تۆ شاهیدی، هەر دینێک هەر مەزهەبێک، هەر مەشرەبێک لەگەڵ ژیری موخالیف بێ، .. من لێی بەریم).
هەروەها دەڵێت: (دینێکم دەوێ، بە مەزهەبێک ڕازیم، کە بە ئیمتیزاجی ژیری و نبووەت ڕۆحێکی خاڵیسی تیا پەیدا بووبێ. زۆریش سەعی دەکەم کە عەوامیش بە ڕاستی لە حەق و حەقیقەت بگا.. با لایشیان مەنفور و بێحورمەت بم).
ئەم بیرکردنەوە باڵایە لە پێگەی ژیری بۆ ئەوسا و بۆ ئەو سەردەمە هەر لە کەسانی نوێکاری وەک خۆی جوانە، چونکە ئەوسا و تا ڕادەیەکیش لە ئێستادا، یەکێک لە ڕواڵەتە دیارەکانی ئەم سەردەمەی کوردەواری و جیهانی ئیسلامی بریتییە لە تێکەڵکردنی ئایین بە ئەفسانە و دەمارگیری، کە ئەمەش زۆر هۆکاری هەیە، وەک:
هۆکاری دەروونی: کە ئەمەش لە هەستکردن بە لاوازییەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە کاتێک باوەڕداران تێگەیشتنیان بۆ ئایین ڕێک بووبێت، هەمیشە هەستیان بە بەهێزیی خۆیان کردووەو، تێگەیشتنەکانیشیان ڕێک و جوانتر بووەو، خوداپەرستێکی گەشبین بوون لە ژیانداو، خاوەن پەیامێکی ئینسانییش بوون بۆ خەڵکی، بەڵام کاتێک باوەڕداران دواکەوتوو بوون و بەرگەی پێشکەوتنەکانی بەرانبەریان نەگرتووە، هەستیان بە لاوازی کردووە، ئەوسا پەنایان بردۆتە بەر ئەفسانە.
یان بە هۆکاری سیاسی، کە تێکەڵکردنی ئەفسانە و دەمارگیریی بە ئایین لەوێوە سەرچاوەی گرتووە، کە زۆربەی نەتەوەکانی دەوروبەر بە فارس و ڕۆم و عەرەبەوە، پاڵپشتیی مەرامە سیاسییەکانیان کردووە، لە ڕێگەی بەکارهێنانی ئایینەوە، تەنانەت ئەگەر ناچاری هۆنینەوەی ئەفسانەش بووبن، بەمەش زۆرێک لە ئەفسانەی گەلان تێکەڵ بە خودی ئایین بووە و، بۆتە مایەی ئەوەی ڕێبازێکی ئایینی دیاریکراو لە بەرانبەر ڕێبازێکی دیکەی ئایینی دیاریکراودا ئەفسانە بۆ خۆی درووست بکات و بیخاتە ناو ئایینەوە، دواتریش کردوویانەتە مەسەلەیەکی ئایینی و خراوەتە ناو ئایینەوە.
بۆیە کە ئایین بە شێوەیەکی ئاسۆیی پەرەی سەندووە، زیاتریش بایەخی بە ڕوخسار و شکڵی دەرەوە داوە و، پانتایی و ڕووبەرێکی ئاسۆیی گرتووە لە ژیانی تاکەکان و لە کۆمەڵگەدا، بەڵام لە ڕووی ستوونی و لە ڕووی تێگەیشتن و وردبوونەوە و تێگەیشتنی ورد لە دەقی ئایینیدا تووشی وەستان بۆتەوە.
بۆیە شێوازی دەرەکی ئایین و شتە ڕووکەشییەکانی ئایین و دەستگرتن بە شێواز و سرووتە ئایینییەکان، بە شێوەیکی ئاسۆیی زیاتر بووە، لە کاتێکدا دەبوایە تێگەیشتنی وردتر و قووڵتر دەربارەی دەقە ئایینییەکان هەبوایە.
بۆیە مەلای گەورە لە بەرگی نۆیەمی تەفسیرەکەیدا جارێکی دیکە دێتەوە سەر باسی گرنگیی زانست و داهێنان وەک بەرهەمێکی ناوازەی بەکارهێنانی ژیری و دوورکەوتنەوە لە خورافات، بۆیە گلەیی لەو بەناو ئاییندارانە دەکات کە دژایەتیی زانست و عەقڵیان دەکرد، لەو بارەوە دەڵێت: (ئاگایان لە عیلم نەما، کەسێک لە علوومی تەبیعییە بدوایا، ئەیانوت کافرە.. پیاوی وەک ئیبن سینایان تەکفیر دەکرد، خەڵکی ترسان و ڕوویان کردە حیکایات و خوڕافات).
لە بارەی زانایانی ڕۆژاواشەوە دەڵێت: (عولەمای تەبیعەت کەوتنە سەعی، ئەسراری تەبیعەتیان گەلێ دەرخست، ئیختراعاتی مودهیشیان کرد، لە هەموو جیهەتەوە بە سەر موسڵماناندا غالب بوون).[1]