برای بەڕێز و خۆشەویستم کاک دکتۆر عزدالدین
ڕۆژ باش
لە قوڵایی دڵمەوە بە هەستێکی زۆر گەرم و گوڕی برایانەوە سڵاوت لێ دەکەم، خۆشی و بەختەوەریت دەخوازم، هیوادارم هەمیشە سەربەرز بێت و بەردی سارد و گەرمت نەیەتە ڕێ.
نامەکانم هەمویان پێگەیشت زۆر سوپاست ئەکەم کە ئەم برایەی خۆت بەسەرکردۆتەوەو یادت کردوە. وە جارێکی دیکەش سوپاسی چەندلانە و چەند قاتت دەکەم کە نامەی یەکیەتی نوسەرانت بۆ وەرگرتوم و بۆت ناردوم، ئەوە لەوێ بوەستێ کە ئەو برادەرەی هێنابوی ئەو پەندەی داوە و ئاوا وەدرەنگی خستوە. ئەوەی لە بنەڕەتەوە جێگای دڵخۆشی منە و زۆرم بۆ گرنگە پیاوەتیەکەی ئێوەیە کە زەحمەتت کێشاوە و سازت کردوە. خۆت دەزانی لەم لایانە ئەو جۆرە نامانە کاریان پێ ئاسان دەکرێ، وە بەراستی کارەکەمی تا ڕادەیەکی زۆرئاسان کردوە و هیوادارم تا ماوەیەکی دیکە بتوانم بێم بۆلاتان.
کاکە گیان هەروەکو تۆ بەلاتەوە وابوە کە نامەکەی تۆم پێگەیشتوە وە وەڵامم نەنوسیوتەوە. منیش لە دڵی خۆم دا گەلێ جار بیرم دەکردەوە و دەم گوت عجایب کاک عزالدین ئەم برایەی خۆی لەبیرچۆتەوە.
کاکە گیان تکات لێ دەکەم زۆر سڵاوم بۆ لە مامۆستا صاڵح یوسفی بکە زۆر ڕێز و ئیحترامی پێشکەش دەکەم و لە لطف و بزورگ داریان مەمنونم.
طبیعیە ئەم سوپاسانە لە ئێوەوە دەست پێ دەکەم و پلە بە پلە دەڕۆم چونکە ئەصڵی پیاوەتیەکە تۆ کردوتە.
زۆر سڵاو و حورمەت بۆ دایکی ڕاز و بۆ پوری ڕاز، چاوی ڕاز ماچ دەکەم.
بە دایکی ڕاز بفەرمو زەحمەت بکێشێ زۆر سڵاوم بۆ عالیە خانی ئامۆزام بکات و ئەویش سڵاوم بۆ لە خزمان بکا. هیوادارم ئیتر لەیەکتر بێ خەبەر نەبین. سڵاو لە هەمو دۆست و برادەران. [1]
بە خوا ڕەنگە کاک عیسی عرفانت بینی
زۆر سڵاوی لێ دەکەم
بژی بە خۆشی و سەربەرزی کاکی زۆر خۆشەویستم
برات #حەسەن قزڵجی#
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!