$رووداوەکەی بۆرسای تورکیا، ستەمێکی ڕێکخراو$
#عارف قوربانی#
هەفتەی ڕابردوو لەناو یاریگای پارێزگای بۆرسای تورکیا، کە میوانداریی یانەی ئامەدی باکووری کوردستانی کردبوو، دیمەنی شێوازێکی دیکەی ستەمی ڕێکخراوی دەوڵەتی تورکیامان بەرانبەر بە کورد لە و وڵاتە بینی. هەرچەند دیمەنەکە وا وێنا دەکرا، کە ڕووداوێکی خۆڕسکانەی لایەنگران و هاندەرانی یانەی (بۆرسا سپۆر) ن. بەڵام ئەو وێناکردنە خودی پیلانەکەیه، کە شێوازێکی چەوساندنەوە و ستەمی ڕێکخراو بەرانبەر بە کورد گیراوەتەبەر، نەک تەنیا هەر لە تورکیا، بەڵکوو لە سووریا و ئێراق و ئێرانیش پەیڕە و دەکرێت.
وەک لە میدیاکان بڵاوکرایەوە، تەنانەت شەوی بەر لە یارییەکە دەستەیەک لە بەناوهاندەرانی یانەی بۆرسا سپۆر چوونەتە بەردەم ئەو هۆتێلەی یاریزانەکانی یانەی ئامەدی باکووری کوردستان لێی ماونەتەوە، درووشمی ڕەگەزپەرستانە و دژی کوردیان گوتووەتەوە. بۆ بەیانی و لەناو یاریگاکەش وێنە و هێمای تیمەکانی بکوژی نادیاریان بەرزکردبووەوه، کە بەپێی هەندێک ئامار، تۆمەتبارن بە کوشتنی نزیکەی 20 هەزار کورد. لە کاتی یارییەکەشدا بە چەندین کەرەستەی جۆراوجۆری شەڕ و پەلاماردان کە بردنەژوورەوەیان بۆ ناو یاریگا قەدەغەیە، پەلاماری یاریزانە کوردەکان و هاندەرانی یانەی ئامەدیان دا و چەندین وەرزشکار و لایەنگرانیان بریندار بوون. ئەوەی لە تۆمارە ڤیدیۆییەکانەوە دەبیندرا، تەنانەت پۆلیس و تیمەکانی ئاساییشی دەوڵەت بەشداربوون لە لێدان و سووکایەتیکردن بە کوردەکان.
ئەم ڕووداوەی شاری بۆرسا هاوکاتە لەگەڵ یادی ڕووداوێکی دیکەی هاوشێوەدا، کە لە 12ی ئازاری ساڵی 2004 لە یاریگای قامیشلۆ ڕوویدا. ئەویش چوار ڕۆژ دوای پەسەندکردنی یاسای کاتی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بوو لە ئێراق، کە وەک جۆرێک لە سەرکەوتنی کورد لەناو کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان ڕەنگیدایەوە بەوەی (فیدراڵی) بۆ کوردستان لە ئێراق چەسپێندرا. خەڵکی قامیشلۆ ئاهەنگی سەرکەوتنی کوردیان دەگێڕا، بەڵام بەپیلانێکی ڕێکخراو شاییان لێکرا بە شین.
یانەی فتوەی دێرەزوور بۆ یاریکردن لەگەڵ یانەی جیهادی قامیشلۆ ڕوویان لە شارەکە کرد. بە سەتان پاس هاندەریان لەگەڵ خۆیان لە ناوچە عەرەبییەکانەوە هێنابوو، لە دەرگایەکی جیاوازەوە و بێ پشکنین، خرانە ناو یاریگاوە. هاندەرانی یانەی قامیشلۆ بەناو تیمی پشکنینی تایبەتی پۆلیس و ئاساییشی دەوڵەتدا تێپەڕێنران و تەنانەت بوتڵی ئاوخواردنەوەشیان لێ قەدەخەکردن بیبەنە ژوورەوە. بەڵام عەرەبەکان تێڵا و چەقۆ و دار و تەنانەت چەکیشیان بردبووە ژوورەوە. بەر لە دەستپێکردنی یارییەکە، بەشێوەیەکی ڕێکخراو و وەک سووکایەتی بە کورد، دەیان وێنەی سەدام حسێنیان لەناو یاریگاکە بەرزکردەوە و کەوتنە سووتاندن و سووکایەتی بە وێنەی تاڵەبانی و بارزانی و ئۆجەلان. هەر بەوەشەوە نەوەستان، پەلاماری هاندەرانی یانەی قامیشلۆیان دا و وەک دەگوترێت تەقینی یەکەم فیشەک لەلایەن پارێزگاری حەسەکەوە دەبێت، کە بەدەمانچەکەی خۆی منداڵێکی کورد دەکوژێت. ئەو پۆلیس و ئاساییشانەی وەک پیلانی پێشوەختە ئامادەکرابوون، بە چەک پشتیوانیی عەرەبەکانیان کرد و بەهۆیەوە چەند هاندەرێکی یانەی قامیشلۆ دەکوژرێن. گرژی و ئاڵۆزی کەوتە شارەوە و لە چەند ناوچەیەکی دیکەی کوردی خۆپیشاندان دەستیپێکرد، ڕژێم سوپای دژی کورد بەکاربرد و لە و ڕووداوە و لێکەوتەکانیدا، زیاتر لە 50 گەنجی کوردیان شەهید کرد و زیاتر لە دوو هەزار کەسیان خستە زیندانەوە.
ئەگەر هەر کەسێک بە بایەخەوە لە ڕووداوەکانی چەند ساڵی ڕابردووی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بڕوانێت، لە گەرمەسێرەوە بۆ دەشتی نەینەوا، زۆر دیمەنی هاوشێوە دەبینین. کاتێ جووتیارە کوردەکان باس لەوە دەکەن عەرەب هاتوونەتە سەر ماڵ و زەویوزارمان و داوای چۆڵکردنی گوندە کوردییەکان دەکەن، ئەو ڕاستیە دەڵێن کە سوپای ئێراق یان پۆلیسی فیدراڵی یا گرووپەکانی حەشدی شەعبی پشتگیری عەرەبەکان دەکەن. بێگومان هەمان سیناریۆش بۆ گۆڕینی دیمۆگرافیای کوردستان لە کرمانشانەوە تا ئورمیە بەردەوامە.
ئەم ڕووداوانە ئەوەمان پێدەڵێن کە دەوڵەتانی سەردەستەی ناوچەکە جیاواز لە و سیاسەتانەی وەک دەوڵەت بۆ سەرکوتکردنی کورد گرتوویانەتەبەر و هەموو دامودەزگا دەوڵەتییەکان خراوەتە خزمەتییەوە، ئامانجیانە خەڵکیش وەک ئامرازێک بۆ چەوساندنەوەی کورد بەکار بەرن. زۆر ڕووداو ڕوو دەدەن دژ بە تاکی کورد، کە دیمەنە ڕووکەشەکەی بریتییە لە هەڵوێستی تاکلایەنەی هاووڵاتییەک یان گرووپێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراو. بەڵام ڕاستییەکە ستەمێکی ڕێکخراوە و ئایدۆلۆجیاییەکی شاراوەی دژەکورد لەناوچەکە لە پشتی هەر یەک لە و ڕووداوە کەسیانەوەیە.
لە تورکیا و ئێراقیش زیاتر زەمینەی گەشەکردنی ئەم ڕق لە کوردبوونە لە باڵاکردندایە. تورک هەر بە سرووشت زۆرینەیان ڕەگەزپەرستن و زۆر بە تووندی دژی کوردن. ساڵانە چەندین جار ئەو دیمەنانە لە میدیاکان بڵاودەبنەوه، کە هاووڵاتی کورد کاتێک وەک گەشتیار ڕوو لەناوچە تورکییەکانی تورکیا دەکەن، ڕووبەڕووی چی سووکایەتی و تەنانەت لێدان و ئازار و ئەشکەنجەش دەبنەوە. نەک تەنیا لەناو تورکیا، تەنانەت بەشێکیان کە نەوەی سێیەم و چوارەمیانن لە وڵاتانی ئەوروپا لەدایک بوون و لەناو ئەو کولتوور و دابوونەریتە فرەیی و کراوەییەشدا پەروەردە کراون، بەڵام هەر کینەیەکی لە ڕادەبەدەریان بەرانبەر بە کورد هەیە. لە ئێراقیش بەدرێژایی دەیان ساڵ هاووڵاتی عەرەب وەک ئامرازێک بەدەستی دەوڵەتەوە بەشدار بووە لە سیاسەتی پاکتاوی ڕەگەزی کورد کە وەک ستراتیجێکی عەرەبی لەلایەن سەدامەوە گەیاندرابووە دواترۆپکی تاوان.
تەنانەت دوای کەوتنی سەدامیش نەک هەر لەلایەن کارەکتەرە دینی و سیاسییەکانیانەوە ئەم ڕق لە کوردبوونە بەردەوامە، بەقسەی ئەو پەڕڵەمانتار و کارەکتەرە سیاسییە کوردانەی وەلائیان بۆ شیعە و ئێران هەیە و زووزوو سەرزەنشتی کورد دەکەن بەوەی بۆچی سازشی زیاتر بۆ بەغدا ناکات، ئۆباڵی ئەوەش دەخەنە ئەستۆی سەرکردەکانی کورد و ئاماژە بە دیوێکی دیکەی باڵاکردنی ئەم مەترسییە دەکەن، کە ئێستا لەسەر ئاستی شەقامی عەرەبی لە شارەکانی خوارووی ئێراق ڕق لە کوردبوون ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لە باڵاکردندایە. پرسیارەکە ئەوەیه؛ ئەگەر ئەمە ئایدۆلۆجیایەک لە پشتییەوە نەبێت و بە پلان و بەرنامە کاری لەسەر نەکرێت، هاووڵاتیەکی عەرەب لە نەجەف یان کەربەلا، بۆچی و لەپای چی دەبێت ڕقی لە کورد بێت؟
پێویستە کورد هۆشیار بێتەوە لەوەی دەوڵەتانی نەتەوەی سەردەستەی تورک و عەرەب و فارس بەشێوازێکی ڕێکخراو کار بۆ سەرکوتکردنی کورد دەکەن. لەگەڵ باڵاکردنی توانای سەربازی و چەک و کەرەستەی پێشکەوتووی زیرەک بۆ لێدان لە کورد، کار لەسەر باڵاکردنی ئەو ڕقە کۆمەڵایەتیەش دەکەن لەناو نەتەوەکانی خۆیان. ڕاستە و گرنگە کورد دەست بەجیاوازی بەها باڵا کۆمەڵایەتیی و مرۆییەکانی خۆیەوە بگرێت و بە جیاوازی ئاست و پلەی مرۆڤبوونی خۆی، خۆی لەوان جیابکاتەوە. بەڵام پێویستە ئەوەش لەبەرچاو بگرێت هەمیشە ئەو بنەمایانە سەرچاوەی هێز نابن بۆ بەرگری لەمانەوەی، دەبێت ئامراز و ڕێگا و شێوازی پێویستی هەبێت بۆ پاراستنی خۆی لە دوژمنەکانی. [1]