پەیامی نەورۆزیی حسەین یەزدانپەنا، پێشمەرگەی ڕێگای سەربەخۆیی کوردستان
ڕۆڵەکانی نەتەوەی گەورەی کورد!
کوردستانییە نیشتمان پارێزەکان!
نەورۆز و ساڵی تازەی کوردی لە کاتێکدا دەگەڕێتەوە کە کوردستان لە هەموو لایەکەوە خوێن و خەم دایگرتووە. لە 6 مانگی ڕابردوودا لە ڕەوتی ڕاپەڕینی ژینا بۆ ڕاماڵینی داگیرکەر لە کوردستان، لە لۆڕستاناتەوە هەتا #ماکۆ# زیاتر لە 160 ڕۆڵەی نیشتمان گیانیان بەخت کردووە. هەروەها لە ئاکامی هێرشە درۆنی و هاژەکییەکانی ئێران بۆ سەنگەر و پێگەکانی پێشمەرگە، 20 ڕۆڵەی کوردستان گیانیان بەخت کرد. لە ماوەی یەک حەوتووی پێشوو لە بەرەبەری نەورۆزدا، پۆلێکی دیکە لە لاوانی ئەم نیشتمانە لە گرتووخانەکانی داگیرکەردا شەهید کران. هەروەها لە ئاکامی بوومەلەرزە لە خۆی و باکوور و ڕۆژاوای کوردستان، هەزاران کەس گیانیان لەدەست دا و هەزارانیش ماڵوێران بوون. ئەگەر چی هۆکارەکانی ئەم تراژیدیایانە جیاوازن، بەڵام لە کۆتاییدا فاکتەرێکی بنەڕەتی هەموویان هاوبەش دەکات کە بریتییە لە بندەستی سیاسیی کورد و بێدەوڵەتیی کوردستان . کوردستانیان تەنیا بە هەبوونی دەوڵەت و سەروەریی نەتەوەیی دەتوانن لە هەڕەشە و دەسدرێژییەکانی داگیرکەران و لە ڕووداوە سرووشتییەکان پارێزراو بن. لێرەوە لەگەڵ یەکبەیەک بنەماڵەی شەهیدەکان و قوربانییەکانی بوومەلەرزەکان، هاوخەمی قووڵ دەردەبڕمەوە.
ئەو ڕاپەڕینەی کە بە مەرگی کیژە لاوی کوردستان ژینا ئەمینی ، چەخماخەی لێدرا، بێجگە لەوەی ماوەی 100 ڕۆژ کوردستانی داگیر کراوی کردە گۆڕپانی ڕاپەڕین و بەربەرەکانێ لەگەڵ هێز و دامەزراوەکانی دەوڵەتی داگیرکەری ئێران، هاوکات کوردستانی جارێکی دیکە کردەوە پێشەنگی خەبات بۆ ئازادیی . بڵێسەی ڕاپەڕینی کوردستان بەخێرایی گەیشتە نەتەوە بندەستەکانی دیکە و شەقامەکانی تارانیشی گرتەوە.
ئێستا پاش 6 مانگ لە دەسپێکی ئەو ڕاپەڕینە، هەر چەند ئاستی خۆپیشاندانەکانی سەر شەقام و بەربەرکانێکان دابەزیون، بەڵام هۆکارەکانی ڕاپەڕین و ئیرادە و گوڕ و تینی ڕۆڵەکانی کوردستان بۆ ڕاماڵینی داگیرکەر لە نیشتمان، هەر لە جێگای خۆیانن. ئێستاش کوردەواری هەر لە کەشوهەوای ڕاپەڕین و بەرەنگار بوونەوەدایە و ئاسۆی ئازادیی ڕوون و گەشە!
ئەگەرچی گەوهەری ڕاپەرینی ژینای کوردستان، لەسەر گۆڕەپانەکە هەڵگری حەقیقەت و ناوەرۆک و ئامانجی دیار و ڕوونی نەتەوەیی ڕزگاریخوازانەی خۆیەتی، بەڵام لە بەستێنی سیاسەتدا، ستراتیژی و هەڵوێست و ڕەفتای سیاسیی جیاوازی لەسەر دوو ئاستی کوردستانی و ئێرانیی، لێکەوتووەتەوە. ئەو جیاوازییانە ڕیزبەندیی سیاسیی جیاواز و دژ بە یەکیشی پێکهێناوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ تۆختر دەبنەوە.
لە ئاستی کوردستاندا، ڕوانگەی کوردستانیی، حەقیقەتی ڕاپەڕینی ژینا بە شتێ بێجگە لە بەردەوامیی هەمان حەقیقەتی ڕاپەڕینەکانی 100 ساڵی پێشوو بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی لە بندەستی و ڕاماڵینی داگیرکەر لە نیشتمان و ژیان بەبەهاکانی ئازادیی، دێمۆکڕاسی، یەکسانیی و دادپەروەرییەوە نابینێت. دروشمی دیار و ئامانجە ڕوونەکانی ڕاپەڕینی ژینا: داگیرکەری ئێرانی، تۆ قاتڵی ژینامانی؛ کوردستان کوردستان گۆڕستانی فاشیستان؛ هەتا کوردێ بمێنێ کوردستان هەر دەمێنێ؛ هەتا دەوڵەتمان نەبێت هەر ئەوە بەشمان دەبێت؛ لە تەنیشت دروشمی گشتیی ژن، ژیان، ئازادی، ئاوێنەی ئەو حەقیقەتەن.
پارتی ئازادیی کوردستان هەر لە دەسپێکی ڕاپەڕینەوە نەک هەر لە دیتن و تێگەیشتنی درووستی ڕاپەڕین بە هەڵە نەچوو، بەڵکوو خۆی بەشێک بووە لەو حەقیقەتە و بەرهەمهێنانەوەی بەهاکانی. ئێمە هەموو حەولمان ئەوە بووە کە ناوەندییەت و مێحوەرییەتی دیسکۆرسیی کوردستان لەو ڕاپەڕینەدا، پارێزراو بێت تا بە هێزە بزوێنەر و کاریگەرەکەی ڕێگای هەڵوەشاندنەوەی بناغەکانی دەوڵەت-نەتەوەی ژێنۆساید و کۆمەڵکوژییەکان و گەیشتنی نەتەوەکان بە هاوسانی و بەرابەریی حقووقی-سیاسیی خۆش بکات. هەروەها جیهانی ئازاد و دیموکرات وەک خۆی بیبینن و لە بۆتەی دیموکراسیخوازیی ئێرانییدا پشتگوێی نەخەن. لەم پێناوەدا لە لایەکەوە بەردەوام و بێ ماندوو بوون بانگەوازی یەکڕیزی و یەکێتی لەنێوان حیزب و لایەنە کوردستانییەکانمان کردووە و بێ دوو دڵییش پێشوازییمان لە هەر پێشنیار و پڕۆژەیەکی دڵسۆزانی نیشتمان بۆ ئەو مەبەستە کردووە. هاوکات چ بۆ هەوێنی یەکگرتوویی و چ بۆ پێداگریی لەسەر مافی نەتەوەیی کوردستان و بۆ ڕێگری لە ڕژانی بەهای خوێن و فرمێسکی کوردستانییان بۆ توورەکەی بەرژەوەندییەکانی ئەو ڕەوت و گرووپانەی نایانهەوێ پایەکانی دەوڵەت-نەتەوەی ڕەزاخانی لاواز ببێ، لەسەر مافی دیارییکردنی چارەنووس وەک پرێنسیپ و مافێکی خودایی و سرووشتی و یاسایی، پێمانداگرتووە.بەداخەوە سەرەڕای حەقیقەتی وەک خۆری ڕاپەڕینی کوردستان و پێداگرییەکانی ئێمه، هێڵی ئێرانچییەتی لە بزاڤی کوردستاندا کە جارێکی دیکە هەڵەسوونی هێناوەتەوە، بە سیاسەت و هەڵوێست و جووڵەی پێچەوانەی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی کوردستان، ناوەندییەت و مێحوەرییەتی کوردستانی لەو ڕاپەڕینەدا، بۆ ئەم جەمسەر و ئەو جەمسەری ئۆپۆزیسیۆنی فارس گوێزاوەتەوە. بەمجۆرە ئەو هێڵ و ڕەوتە نەک هەر حەقی خۆی بە ڕاپەڕین و خەڵکی ڕاپەڕیو و شەهیدان نەدا، بەڵکوو بارودۆخەکەی گەیاندووەتە ئاستی تەشەنای ناکۆکیی لە ڕیزەکانی نەتەوە و حەول و هیوای پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی و چەسپاندنی بنەمای مافی حاکمییەتی نەتەوەیی ومافی دیارییکردنی چارەنووسی سیاسییی شلوێ کردووە. ئەوە لە کاتێکدایە کە لە لایەک هۆشیاری نەتەوەیی لە کۆمەڵگەی کوردەواری لە ئاستێکی بەرزدایە و لە لایەکی دیکەوە جیهانی دەرەوە ، لە هەموو کاتێ زیاتر ئامادەیی دیتنی قەیرانگرتوویی دەوڵەت-نەتەوەی ئێران و فرەنەتەوەیی ئەو یەکە سیاسییەو ڕەوایی مافی چارەنووسی نەتەوە کۆلۆنیکراوەکانی هەیە.
ئەوەندەی بۆ ئۆپۆزیسیۆنی فاشیستی فارس دەگەڕێتەوه، تێکۆشاون حاشا لە حەقیقەتی ڕوونی ڕاپەڕینی ژینا بکەن. ئەوان سەرەتا هەر وەک دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، لە بەفەرمیی نەناسین و سڕینەوەی ناوی ژینا و پێداگریی لەسەر ناسنامەی بەزۆر داسەپاوی مهساوە دەستیان پێکرد. ئەوان هەموو توانای خۆیان خستە گەڕ تا بیروڕای گشتی و دەوڵەتان و کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان بە لاڕێدا ببەن و کوردستان لە مەحوەرییەت و ناوەندییەتی ڕاپەڕین دژی کۆماری ئیسلامی بخەن و وەک پاشکۆی وتار و ئەجندا سیاسییەکانی خۆیان پیشانی بدەن. ئەوان خێڵی بەربڵاوی میدیا و میدیاکارانیان خستووەتە گەڕ کە دەنگ و ڕەنگی ڕاستەقینەی شەقامەکانی کوردستان و نەتەوە بندەستەکانی دیکە سانسۆڕ بکەن و جۆرێکی دیکە بیاننوێننەوە و بە پێی بەرژەوەندیی و ئایدۆلۆژیای خۆیان پیشانیان بدەنەوه.
ئەجندا و ئامانجی ئەم ڕەوت و جەمسەرانەی ئۆپۆزیسیۆنی فارس تەنیا دەستاو دەستکردنی سادەی دەسەڵاتی سیاسییە لەنێوان خۆیان و حوکمڕانانی ئێستای ئێران ، بە بێ ئەوەی زیان بە بناغەکانی ئەو دەوڵەتە بکەوێ کە بە خوڵقاندنی تاوانیەلی ژینۆساید و کۆمەڵکوژی لەسەر کورد و نەتەوە کۆڵۆنیکراوەکانی دیکه، دامەزرا و خۆی گرت. لۆبییەکانی ئێران لە ئەمریکا و ئەورووپا بە پاڵپشتیی پلانی ژوورە فیکرییەکانی سوپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران، دەورێکی چالاک و شوێندانەریان لە زەقکردنەوەی ئەو ڕەوت و گرووپانە و حەولدان بۆ بە ئالترناتیوکردنیان دەبینن.بەداخەوە هێڵی ئێرانچێتی لە بزاڤی کوردستاندا، لە دەرفەت و بەستێن خوڵقاندن و ڕەوایی دان بەو ڕەوت و گرووپانە و بە هێند وەرگرتنیان لە ئاستی نێودەوڵەتییدا، یاریدەدەریانن.
بەمجۆرە لە بەستێنی ڕاپەڕیندا، لە ئاستی کوردستان، دوو هێڵ و ستراتیژ و دیسکۆرسی جیاواز خەمڵیون کە هەر دوولا حەوڵ دەدەن لە ڕاپەڕینی ژینا هێز وەربگرن و بەو هێزەوە بە پێی ستراتیژ و دیسکۆرسی خۆیان ڕاپەڕین ئاڕاستە و بە ئەنجام بگات. هێڵی کوردستانییەت و هێڵی ئێرانچێتی. هێڵی کوردستانییەت ئەو هێڵەیە که: ڕاپەڕینی ژینا بە بەرهەمی هۆشیاری نەتەوەیی دەبینێ کە ئامانجەکەی ڕاماڵینی داگیرکەران لە نیشتمان، هەڵگرتنی تەوقی سەروەریی ئێران لەسەر کوردستان و وەدەستهێنانی سەروەریی کوردستانی و پێکهێنانی نیشتمانێکی سەربەخۆیە کە تێیدا ئازادیی و یەکسانی و دادپەروەری لە بەها بەرزەکانی بێت. ئەم هێڵە بە تەواوەتی لەدەرەوەی وتاری ئێرانییدایە و بە مەعریفە و کردار، بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو تەرتیباتە سیاسییە دەڕوانێ کە دەوڵەت-نەتەوەی ئێرانی لەسەر بنیاتنراوە و سەروەریی فارسی بە سەر کوردستاندا سەپاندووه.
هێڵی ئێرانچێتی لە کوردستان بریتییە لەو سیاسەت و هەڵوێست و دیسکۆرسانەی که: کۆی کێشەی کورد تەنیا لەگەڵ سیستەمە سیاسییەکە دەبینێ و لەگەڵ چوارچێوە بنەڕەتییەکە واتە دەوڵەت کێشەی نییە، دەستی لە وەدیهێنانی دەوڵەت و سەروەریی نەتەوەیی و مافی دیاریکردنی چارەنووسی سیاسیی کوردستان هەڵگرتووە و چارەنووسی کورد و چارەسەری پرسی کوردستانی بەستووەتەوە بە کوێرەڕێی دیمۆکراسیی ئێرانی و شەتەکدانی هەتایی کورد بە دەوڵەتی ئێرانەوە. ئەم هێڵە لە هەر کوێ بۆ دابینکردنی هێندێک بەرژەوەندیی جەمسەرێکی ئۆپۆزیسیۆنی فارس بە بڕێک دروشم و دەستەواژەی گشتییەوە شک بەرێت ، بۆ لەنگەر گرتن لە پەڕاوێزیدا هیچ هێڵێکی سوور ناهێڵێت و ناسنامە و ماف و بەها و پڕەنسیپە نەتەوەییەکانی بۆ قوربانیی دەکات.
بە سەرنجدان بەوەی هێڵی ئێرانچێتی، لە لایان بەشی ئۆپۆزیسیۆنی پارێزەرانی دەوڵەت-نەتەوەی فارسەوە پشتیوانیی دەکرێت و لە جووڵەی دیپلۆماسی و میدیاکانی ئەو ڕەوتەدا دەرفەتی دەرکەوتن و دەورگێڕانی پێ دەدرێت، ئەگەر هێزی شەقام و هێڵی کوردستانی تەسی نەداتە دواوە و دەربەستی نەکات بە پڕێنسیپ و چوارچێوەی کوردستانییەوە، دەتوانێ لەسەر ڕەنج وخوێنی سەدەیەک ژێنۆساید و کۆمەڵکوژی و شۆڕش و بەرەنگارییەکانی کوردستان و ڕاپەڕینی ژینا هەڕەشە بێت.
لەگەڵ پێشکەشکردنی پیرۆزبایی گەڕانەوەی نەورۆز و دەستپێکی ساڵی تازەی کوردیی، لەسەر پێویستیی نەهێشتنی ئەو دابەشبوونەی پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و گۆڕینی بە یەکڕیزیی و داڕشتنی یەک وتار و یەک ستراتیژ و پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی کوردستانی پێ دادەگرینەوە کە بە گەڕانەوەی هەمووان بۆ بڕیاری کوردستانیان و بە بنەما گرتنی پڕێنسیپی مافی دیاریی کردنی چارەنووس، دەتوانێ وەدیی بێت.[1]
حسێن یەزدانپەنا
پێشمەرگەی ڕێگای سەربەخۆیی کوردستان
نەورۆزی 2723