ناونیشانی بابەت: محەمەد نووری ئەو شاعیرەی بەعس شەهیدی کرد
ئامادەکردن: #هۆشیار جەمال#
=KTML_Bold=“سەرەتای ژیانی شاعیر”=KTML_End=
لەگەڵ ڕزگاربوونی بەشێکی بچووکی کوردستان و لە هەناوی درووستبوونی یەکەم حکومەتی کوردستان، بەڕێبەرایەتی (شێخ مەحموود، لە ساڵی 1918) دا، شاعیر لە گەڕەکی گۆیژەی سلێمانیدا لە خێزانێکی ڕۆشنبیر هاتۆتە دنیاوە.
$بۆ خۆشی لە هۆنراوەی (ژیانی بێسوود) دا، ئاماژە بەساڵی لەدایکبوونی دەکات:$
لە ساڵی نۆسەد و هەژدە ئەبینم
بە تیری دەستی گەردوون دڵ برینم
بە ئەشکی خوێنی گەش، چاو پڕ گرینم
ئەبێ کەی نەغمە خوێنبێ بولبولی من
شاعیر ناوی تەواوی (محەمەد نووری کوڕی محەمەد عەلی موسا ئاغا) یە. سەرەتای خوێندنی لە (زانستی) دا دەستیپێکردووە. برای شیری مامۆستا (ئیبراهیم ئەحمەد) ە و شیری دایکی یەکتریان خواردووە.
بەهۆی کاری فەرمانبەری باوکییەوە، زۆر جێگە و شوێن گەڕاوە. تا دوا هەواری خۆیان دەبەنە هەڵەبجە و لەوێ دەمێننەوە. ئەمیش دەبێتە فەرمانبەر لە تۆمار نووسینی ژمارەی کاتژمێری کارەبای ماڵان. دوا کۆچی ماڵاوایی باوکی لە هەڵەبجە، ئیدی بەیەکجاری دەگەڕێنەوە بۆ شاری سلێمانی. لەبەر تەجنیدی سلێمانیدا دەبێتە (سکاڵانووس) .
هەروەها وەکوو باسدەکەن، یەکێک بووە لە دەنگخۆشەکانی شاری سلێمانی و لە زۆربەی گەشت و سەیرانی هاوڕێیانیدا گۆرانی گوتووە.
لەناو خەڵکیدا بە کەسێکی هێمن و لەسەرخۆ ناسراو بووە. لەناو دنیای شیعر نووسیندا، سەرەتا نازناوی (کڵۆڵ) و پاشان (غەمناک) ی بۆ خۆی داناوە.
بەسبێ “غەمناک” ماڵت وێرانبێ
لە داخی جیهان سەر بۆ حەیرانبێ
قسەی نەستەق و ئەشعاری شیرین
مەگەر ملوێنێ بەدوو قڕانبێ
=KTML_Bold=“هەڵوێست و ڕێبازی شیعری شاعیر”=KTML_End=
ئەمیش وەکوو شاعیرەکان، خوێندکارێکی سەر بە ڕێبازەکانی خوێندنگەی (کلاسیک، ڕۆمانتیک و ڕیالیستی) بووە.
هەمیشە کارەسات و ڕووداوە دڵتەزێنەکانی نەتەوەکەی کاریان لێکردووە و ببوونە هەوێنی شیعرەکانی.
دیارە بەهۆی بیروڕای جیاواز، یاخود بە فیتی دوژمنان، چەندین جار شۆڕشەکانی کورد، دووچاری شەڕی برا کوژی بوونەتەوە. لەو کارەساتەدا، چەندین ڕۆڵەی قارەمانی گەلەکەمانی تیا شەهیدکراون. ئەو ڕووداوە دڵتەزێنانە لەنێو کێڵگەی ناخی شیعرەکانی غەمناکدا سەوز بوون، زۆر بە ڕاشکاوانە بەرانبەریان وەستاوە و گوتوویەتی:
ئەمڕۆژە چ ڕۆژێکە، کە دنیا شڵەژاوە
هیچ داد ڕەوا بینێ لە دادگاها نەماوە
ئەم میللەتە بەر بوونەتە ئەندام و لەشی یەک
هەر خەنجەرو کێردە، لە دڵانووکی سواوە
ئەم ئەو ئەکوژێ، دوژمن خۆشحاڵە بە هەردوو
هەر خانووی فەللاح، یاخود کرێکارە ڕوخاوە
هەروەها غەمناکی شاعیر هەمیشە لایەنگری هەژاران بووە و دژی زوحاکەکانی سەردەم وەستاوە و ڕوی لە چەرخی چەپگەری ناهەموار کردووەو گوتوویەتی:
ئەی چەرخی چەپ گەڕ، زاڵم وەک زوحاک
بۆ تەفرو تونای هەژاران بێباک
دەی خوا، کاوەیە تابێتە مەیدان
سەری بەهاری لاشەی لەسەر خاک
شاری سلێمانی لە سەرەتای درووستبوونییەوە تاکوو ئێستا دووچاری دەیان کارەسات و ڕووداوی سرووشتی زۆر بۆتەوە.
یەکێک لەو کارەساتانە، ڕووداوی لافاوی شاری سلێمانییە، کە لە عەسری ڕۆژی هەینی (18-10-1957) بەسەر ئەم شارەدا هات بەپێی [ڕۆژنامەی “ژین” لە ژمارە (1366) ی ڕۆژی (24-10-1957) ، کە ئاماژە بە (40-30) خنکاو و (74) خانوی ڕووخاو ئەکات]. ئەمەش بووە بە هەوێنێکی دی بۆ شیعردانانی شاعیران و هەریەکەیان لە ڕوانگەی خۆیانەوە هۆنراوە بۆ ئەم کارەساتە ناخۆشە بنووسن.
=KTML_Bold=غەمناکیش لە تێڕوانینی دیدی خۆیەوە بۆ ئەم کارەساتە گوتوویەتی:=KTML_End=
هەوری چڵکنی پایزی ڕەشپۆش
سەری دڵشادت نەوانە ناو کۆش
دات ڕشت لە سەردا باران و تەرزە
دڵی دڵڕەقت هێنایە لەرزە
هێرشی لافاو، لافاو چی لافاو
تەپوتل بۆ شیو، منداڵ، ژن و پیاو
“ڕژێمی قاسم و غەمناکی شاعیر”
ڕژێمی قاسم نەک هەر پەیمانەکەی شۆڕشی تەموزی سەبارەت بە کێشەی کورد لەبەر ڕۆشنایی بەندی (3) ی دەستووری کاتیدا جێبەجێ نەکرد، بەڵکوو تەواو پێچەوانە و چەندین جار شۆڤێنایانە ترو کۆنەپەرستانەتر لە ڕژێمی پاشایەتی کەوتە چەوساندنەوەو فشار خستنە سەر جەماوەری کوردستان.
دەستی بە قەدەغەکردنی ڕۆژنامەو داخستنی بارەگاکانی پارتی و ڕاونانی سیاسەتمەدارانی کورد کرد. لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا هەڵوێستی پارتی بەرانبەر عەبدولکەریم هێمن بووە. تا پیاوە ماقول و عەشایەرەکانی کورد، ئەو ڕەوشەیان پێ هەزم نەکراوە. دەستیان بە کۆڕوکۆبوونەوە کردووە. لەم کارەدا (حاجی براهیمی چەرمەگا) ، ڕۆڵی مەردانەی گێڕاوە. دانیشتنی لەگەڵ ڕیش سپیەکانی ناوچەی شارەزووردا کردووە و، هێزێکی گەورەی عەشایەری کۆکردووەتەوە. پاشان بۆ چاو ترساندنی سەرانی ڕژێم و بەرزکردنەوەی ورەی جەماوەر، بەبێ ترس خۆی دەکات بەناو شاری سلێمانیدا و بە بازگەکاندا دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەی سوورداش. ڕۆژی دووشەممەی (11-09-1961) ، لە دەربەندی بازیان ئەو هێزە پێش بە هێرشی داگیرکەری ئێراقی دەگرن. ئەمەیش بووبەهۆی هەڵگیرساندنی (شۆڕشی ئەیلول) .
دوابەدوای ئەوە، عەبدولکەریم کەوتە پڕوپاگەندە کردن دژی شۆڕشی کورد.
ئەوە بوو لە ڕۆژی یەکشەممەی (24-09-1961) دا ڕایگەیاند، کە شۆڕشی کورد سەرکوتکرا.
ئیتر لەو بێبارییەی عەبدولکەریمەوە، غەمناکیش هەڵوێستی جوامێرانەی خۆی بەرانبەر بە کارە ناڕەواکانی گۆڕی و لەم هۆنراوەیەدا دەڵێت:
ئەی کەریم دەس هەڵگرە، لە زیللەتی ئەم میللەتە
بۆ ئەسوتێنی! وڵاتی کانی نازو نیعمەته
کورد داوای مافی گەلێتی خۆی ئەکات، تۆ ئەی کوژی
کەی ئەمە ئینسافی ئینسان و نیظامی دەوڵەتە
تۆبە دەم تەنقیدی ئیستعمارو ئەزنابی ئەکەی
هەم ئەڵێی حەقی ئەمانە، مەشنەقەو شەش گەز پەتە
جەنگیزو تەیموری تار، هۆلاکۆو هیتلەری
لاشەیان هێشتا لە چاو تۆدا نوقومی ڕەحمەتە
ساوەرە مەیدانی ئینساف و عەدل مافی بدە
تۆ لەکن خۆت باو باپیری لەسەر ئەم کڵفەتە
=KTML_Bold=“غەمناکی شاعیر و چوارینە شیعرەکانی”=KTML_End=
غەمناکی شاعیریش یەکێکە لەو کەسانە، کە شوێن پێی خیام و بابەتاهیری هەمەدانی هەڵگرتووە و کاریگەریی ئەوانی بە تەواوی پێوە دیارە. وەک: خەیام لە چوارینەیەکیدا پێوانەی تەمەنی خۆی دەکات و دەڵێت:
دووڕوویی بەسە، ڕوودەکەمە مەیخانە
ئەم ڕیشی سپی بەمەی بڕەنگێ جوانە
پێوانی تەمەن گەیشتە حەفتا تاکەی
خۆم هەر وەکوو نیشان نەدەم، شێتانە؟
غەمناکیش لە دوو چوارینەی جیاوازدا، شوێن پێی خەییام کەوتووە، ئاماژە بە تەمەنی خۆی دەکات، کە (چل و سێ) ساڵە.
$بەڕوونی دیارە ئەو دوو چوارینەیەی لە ساڵی (1961) دا نووسیوە:-$
چل و سێ ساڵە لە دنیای پەرپوت
لەشێکی باریک وەکوو عەنکەبوت
شریتی لانەی عومری هەڵپێچا
فەلەک بەبایە پچڕانی نابوت
چل و سێ ساڵە برای ئینسانم
دائیم هەژار و بێ بەرگو نانم
بۆ چاکی ئەوان زەحمەت ئەکێشم
لە خانەی سفر بێناو نیشانم
لەو تەمەنە کوورتەی (45) ساڵەی خۆیدا توانیویەتی ناونیشانێک بۆ خۆی و بنەماڵەکەی بەجێبهێڵێت.
=KTML_Bold=دەستگیرکردنی شاعیر و هۆکاری شەهید کردنی:=KTML_End=
ڕۆژی یەکشەممەی (09-06-1963) سەرانی بەعس، لەناو شاری سلێمانیدا (قەدەغەکردنی هاتوچۆ) یان ڕاگەیاند. دەستیان بە ڕەشبگیرکردنی هاووڵاتییان کرد، خەڵکێکی زۆریان دەستگیرکرد. بەبێ دادگا سەدان کەسیان گوللە بارانکرد. ئەو کارە نامرۆڤانەیە لە مێژووی شاری سلێمانیدا بە (دادگای دۆڵەکە) تۆمارکراوە.
شاعیریش یەکێکە لە شەهیدانی ئەو کارەساتە. لەو ڕۆژەدا لە ماڵ چۆتە دەرەوە بۆ نان کڕین. لە ڕێگەدا دەیگرن، دوای کاتژمێر و نیوێک، لەسەر جنێونەدان بە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (مەلا مستەفا) ، لەناو حامیەی سلێمانیدا گوللە بارانی دەکەن. دوای (14) ڕۆژ ماڵەوەیان هەواڵی شەهید کردنی دەبیستن.
شەهید محەمەد نووری بە تەنیا لەناو چوار دیواری حامیەدا ئەکرێت بەژێر خۆڵەوە.
پاش (9) مانگ بەسەر شەهید کردنیاو، لە دوای کودەتاکەی عەبدولسەلام عارف، لاشەکەی ئەدۆزرێتەوە، لەگەڵ تێکڕای شەهیدان لای پردەکەی کارێزەوشکدا، بەخاکیان دەسپێرن. پاشان لە کەشوهەوایەکی گونجاودا، دەیانگوێزنەوە بۆ گردی شەهیدان. لە ساڵڕۆژی ئەم شەهیدانەدا، بۆ یەکەمین جار لە مێژووی شاری سلێمانیدا، ژنان بەشداریان لە ڕێپێواندا کرد، ئەویش بە هەڵگرتنی وێنەی شەهیدان بەناو شەقامەکانی شاردا چون بەرەو گردی شەهیدان.
=KTML_Bold=شێرکۆ بێکەسی شاعیر بەم شێوەیە هەستی خۆی بۆ شەهید محەمەد نووری دەردەبڕێت لە بەرهەمە شیعری دەقی واڵای کورسیدا:=KTML_End=
ڕۆژێ لە ڕێی “با”یەکی وێڵەوە کە ڕێی کەوتبووە “حامییە”و خۆیکردبوو بە “با”یەکی عەرەب زوبان. دوای دەربازبوون هاتە لامان ئیتر ئەوسا تێگەیشت چی ڕوویداوە. “با”کە وتی: من ئەزانم جارێکی تر عەریزە نووسەکەی ئێوە نایەتەوە! وتمان بۆ چی؟!
وتی: جوندییەکی مردن، خەڵکی “ڕاوە”ە ڕایگرتووە و پێی وتوە، وەرە تفێ لەم جامانە سوورە بکە و لەو شاخانە و ئەوسا ئیتر بچۆرەوە بۆ ماڵەوە! عەرز و حاڵچی ڕووی کردۆتە سەربازی مەرگ پێی وتوە! تەنیا یەک تفم پێماوە،
ئەویش بۆ ڕوخساری تۆیەو بۆ ڕوخساری تاعونەکەی بەعس و من ناچمەوە بۆ ماڵەوە!
=KTML_Bold=سەرچاوەکان:=KTML_End=
1- دیوانی غەمناک، ئامادەکردنی محەمەد مەردان، سلێمانی 2013 ، چاپی یەکەم، چاپخانەی شڤان.
2- کورسی، تێکستی واڵا، شیعری (شێرکۆ بێکەس)
چاپی یەکەم، سلێمانی 2005، لە بڵاوکراوەکانی بەشی چاپ وبڵاوکردنەوەی ڕادیۆ نەوا. [1]