بابەت: بەڵگەنامە
نووسین: نەوشیروان مستەفا ئەمین
نامەی #شێخ مەحمودی حەفید# بۆ سەرۆکی ئەنجوومەنی کۆمەڵی گەلان -عصبة الامم پاریس #21-03-1931#
$بەڕێز جەنابی سەرۆک$
شانازی ئەوەم هەیە ترس و شکاتی نەتەوەیەکتان پێ ڕاگەیەنم کە خودی خۆتان خستوتانەتە ژیر ئینتداب و پاراستنی خۆتانەوە و دەشگوترێ ئەوەی ئینتداب دەکات، پارێزەریشە. ئەم نەتەوەیە نەتەوەی کوردە کە من زۆر شانازی بەوەوە دەکەم بە یەکێک لەوان دەژمێرێم و ئێستا ئەم نەتەوەیە لە بەشی باشووری وڵاتی گەورەی کوردان کە بە ئێراقەوە لکینراوە، نیشتەجێیە.
من بەئەرکی خۆمی دەزانم سەرنجی بەڕێزتان بۆ ئەو خاڵە ڕاکێشم کە خاکی کوردستانی لکێنراو بە ئێراقەوە، بەهیچ شێوەیەک وەک ( (بین النهرین) ) نەکەوتۆتە ژێر دەستی هیچ یەک لە هێزەکانی دەوڵەتە یەکگرتووەکان یان دەوڵەتە هاوپەیمانەکان. کوردەکان خۆیان لە 1918دا چەکیان هەڵگرت و هێزەکانی تورکیان ناچارکرد خاکەکەیان چۆڵ بکەن, سەربەخۆییان ڕاگەیاندن و دەوڵەتیکیان درووستکرد کە بەڕێوبەرایەتی وڵاتی بەناوی ( (دەوڵەتی کوردستانی باشوور) گرتە دەست. لەو سەردەمەدا ئێراق پشێوی تێکەوتبوو، هێشتا هێزەکانی یەکگرتوو (متحد) و هاوپەیمانی (متفقین) لە ناویدا جەنگیان دەکرد. پاشان بۆ بەدبەختی ئێمە خاکەکەمان بە ئێراقەوە لکێنراو، ئەوروپاش کە لافی ئەوەی لێ دەدا کە بۆ بەرگریکردن لە ماف و دادپەروەری چەکی هەڵگرتووە، لەبەرانبەر ئەم ستەمە گەورەیەدا بێ دەنگ بوو. ستەمێک کە چارەنووس و داهاتووی نەتەوەیەک کە ئەگەر چی نەک بە ڕەسمی بەڵام بەکردەوە بووبووە خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ، خۆی بەستەوە بە چارەنووسی نەتەوەیەکی دیکەوە، کە نەژاد و داب و نەریت و مێژوو و زمان و سیمایان لەیەک جیاوازە. گەر چی هێشتا جێی سوپاس بوو کە باری ئەم ستەمە گەورەیە بەو بەڵێنە کەم بوەوە کە ( (کۆمەڵی گەلان ) ) سەبارەت بە بەخشینی خودموختاریەکی تەواو بە کوردستانی باشووری دابوو.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کە چەندان ساڵ بەسەر ئەو بەڵێنەدا تێدەپەڕێ کەچی نەک هەر بەڵێنەکە جێبەجێ نەکراوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ژیانی خۆمان و ژن و منداڵ و باوکانمان لەژێر هەڕەشەی ئاگری تۆپ و فڕۆکە بۆمبهاوێژەکان و ڕەشاشەکان دایە، بەو تاوانەی ئامادەنین ببین بە عەرەب و چاو لە ڕێی جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەین کە پێمان دراوە.
دەوڵەتی ئێراقی هیچ دوودڵ نەبووە لەوەی شاری #سلێمانی# – پایتەختی کوردستانی باشوور- بۆمباران بکات و کوردەکانی ئەم شارەی کوشتوە بەتاوانی ئەوەی ئامادە نەبوون بەشداری لە هەڵبژاردنێکدا بکەن کە ئەو دەیەوێت بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی سەبارەت بە بڕیاریک ئەنجامی بدات کە هەموو مافە ڕەواکانی کوردان پێشێل دەکات و کۆشکی ئومێد و ئارەزویان بۆ ئاییندە ، دەڕمێنێ.
ئێمە بڕوامان وایە ئەم تۆپ وگوللانەی بەسەر قوربانیانی کوردی دانیشتوی کوردستانی باشووردا دەبارێ، لە بنەڕەتدا هێرشێکیشە دەکرێتە سەر حەیاو ئابڕووی (کۆمەڵی گەلان)، چونکە کوردەکان لەژێر ئینتدابی ئەو (کۆمەڵە) یەدان، واتە لەژێر پارێزگاری ئەودان.
ئەگەر هێزەکانی دوڵەتی عەرەبی ئێراقی پشتیان بە فڕۆکە و سوپاکانی دەوڵەتی ئینگلیز نەدەبەست کە ((کۆمەڵی گەلان)) ئینتدابی ئەم سەرزەمینەی بە ئەوان سپاردووە تا بەناوی ((کۆمەڵەی گەلانەوە )) بەڕیوەی ببەن ، ئەوا مێژوو دووبارە دەبۆوە و هیرشکردن بۆ بەغدا و داگیرکردنی بۆ کوردەکان وەک کاری ڕۆژانە ئاسان دەبوو. ئێمە ئامادەین و هەمیشەش ئامادە دەبین لەبەرانبەر عەرەبەکاندا، بەرگری لە وڵاتەکەمان بکەین. بەڵام لەبەر ئەوەی نامانەوێت تووشی ڕوبەروبوونەوەیەکی چەکداری ببن لەگەڵ دەوڵەتی ئینگلیزدا کە بەناوی ئەو (کۆمەڵە) بەڕیزەوە هەنگاو دەنێ، ئەوا وامان بەباش زانی بۆ شکاتکردن ڕووبکەینە (کۆمەڵەی گەلان) و داوای جێبەجێکردنی ماف و دادپەروەری بین.
بێگومان بەداواکاری ئەوەی وڵاتی ئێمە بە ئێراقەوە بلکێنرێ و هەوڵدان بۆ ڕازیکردنمان بۆ قبووڵکردنی ئەم لکاندنە بەزۆری چەک، بەهیچ شێوەیەک ئەو ئاشتی و ئاساییشەی کە (کۆمەڵی گەلان ) دەیەوێت لەم بەشەی دنیادا بەرپای بکات، دابین ناکرێت. تا ئەوکاتەی چارەنووسی وڵاتی کورد بەدەستی ڕۆڵەکانی خۆی نەسپێرێت و تا ئەودەمەی دەوڵەتیکی کوردی بەڕیوەبەرایەتی بەشی کوردنشینی ئەم ناوچەیە نەگرێتە دەست، ئومیدێک بە ئاشتی و ئاساییش لەم ناوچەیەدا نییە. کورد کە خاوەن میژویەکی هەزار ساڵەن و هەمیشە لە قۆناغە جیاوازەکانی میژودا زانیویانە و توانیویانە بەرگری لە ژیان و وڵات و مێژوو دەزگا نەتەوەییەکانی خۆیان بکەن، ئێستە بڕیاریان داوە بۆ بەرگریکردنی چەکدارانە لە خۆیان تا دواکەس بمرن، بەڵام مل بۆ کۆیلەیەتی عەرەبەکانی ئێراق، کەچ نەکەن. ئێمەی کورد دەمانەوێت لەگەڵ هەموو گەل و نەتەوەکاندا دۆست بین و بەرانبەر بەهیچ گەلێکیش ڕقمان لە دڵدا نییە. بەڵام لە کاتیکدا کە سەربەخۆیی تەنانەت بەهەندێ گەلی سەرەتایی ئەفریقا وەک لیبریا دەدرێت و لەگەڵی وەک ئێمە زەوت دەکرێت کە توانیوێتی بەشەرەف و ئازایەتی و قارەمانیتی و غەریزەی پاڵەوانی و هۆش و زیرەکی خۆی پایەیەکی مەزن لە مێژووی گەلاندا بەدەست بهێنێ، ئیدی ئەمە ستەمێکە کە ناتوانین لێی بێدەنگ بین. بەتایبەتی کە پێش ماوەیەک دەوڵەتی ئێراق کە تووشی نەخۆشی دەمارگیری توندڕەوی نەژادی بووە، هەوڵ دەدا بە پشتیووانی دەوڵەتی ئینگلیز و بەهۆی خوێناویترین هەنگاوی جەنگییەوە ، بەرگریکردنمان تێک بشکێنێ.
خوێن و ئاگر هەرگیز نەیتوانیوە و ناتوانن ڕاستییە میژوییەکان بگۆڕن و سەدان هەزار کوردی وەک #سەڵاحەدینی ئەیوبی# و#کەریم خانی زەند# بکەن بەعەرەب. نەتەوەی من و خودی خۆشم بەهیچ شێوەیەک دەمارگیری ئایینزایی (مزهبی) مان نییە. تینوی خوێنڕێژی نین و ئەگەر چەکیشمان هەڵگرتووە تەنیا لەبەر ئەوەیە کە ناچاریان کردوین و بەسەریاندا سەپاندوین.
ئێمە خواستی دەسەڵاتگرتن بەسەر هیچ نەتەوە و هیچ وڵاتیکماندا نییە. نامانەوێ ئاغاو سەرداری هیچ کەسێک بین. بەڵام ئەوەش قبووڵناکەین کە خەڵکانی دی بەسەرماندا زاڵ بن یان جگە لە خۆمان سەردار وئاغایەکمان هەبێت. ئەمەش خۆی ئامانج و ئایداڵیکە کە چەندان هەزار کەس لەکاتی ئەم جەنگی دوایدا، لەپێناوی دا گیانی خۆیان فیداکرد.ئەمە جگە لەوەی ئەمە مافێکە کە خودی (کۆمەڵی گەلان ) هەر لەم ڕۆژانەی دوایدا ، بۆی سەلماندوین.
ڕیگەم بدەن بە دڵنیاییەوە پێتان ڕابگەیەنم ئەم دۆخی شۆڕشگێڕییەی کە هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ بەدنییەتی دەسەڵاتدارانی ئێراق ، کۆتای پێ نایەت ئەو کاتە نەبێت کە هەموو مافەڕەواکانی کورد بەڕەسمی بناسرێ و لەبەرچاو بگیرێت.
ئەوەی ئێمە دەمانەوێت$داننانە بە سەربەخۆیی وڵاتەکەماندا، واتە (( دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانی باشوور ))$ داو بڕین و لەناوچونی هەموو پەیوەندییەک بەدەوڵەتی عەرەبی ئێراقەوە. جگە لەمەش پەیمانی تازەی نێوان ئینگلیز و ئێراق کە کۆتایی بە ئینتدابی ئینگلیزی بەسەر ئێراقدا دێنێ، ئەو ڕاستییە دەردەخات کە ئەو ڕێگە چارەیەی پێشنیارمان کردووە بە تەواوی لۆژیکییەو هیچ ڕێگەیەکی دەربازبوونی لێ نییە.
کۆمەڵی گەلان دەبێ گەر بەسەرنجدان لەکرۆکی ڕووداوەکانیش بووە، بگەڕێتەوە بۆ بڕیارەکەی خۆی کە 1925 داوێتی.
لەگەڵ ئەوپەڕی ڕێزمدا
شێخ مەحمود بە نوێنەرایەتی
دانیشتووانی کوردستانی باشوور
سەرچاوە:
پەڕتووکی سەردەمی قەڵەم وموراجەعات (1928-1931)
لاپەڕە 180-183
#نەوشیروان مستەفا ئەمین#
[1]