$چۆن لە هێرشەکەی سەر ڕۆژاڤا تێبگەین؟$
#زوبێر ڕەسوڵ#
#22-10-2019#
بەپێی پێوەرە سیاسییەکانی بنیاتنانی هێز، هەر سەرکردەیەکی سیاسی بێجگە لەوەی پاڵنەری بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکەی ئاڕاستەی دەکات، بەڵام شانبەشانی ئەو پاڵنەرە گشتیانەش پاڵنەرە شەخسییەکان نابێت لە شیکردنەوەی سیاسیدا نادیدە بگرین. نەک تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەڵکوو لە وڵاتانی ڕۆژاواش دیدگای سەرکردەی سیاسی (Leader perception) ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە ئاڕاستەی ڕووداوە سیاسییەکاندا. ئەردۆغان یەکێکە لەو سەرکردانەی کە لە حساباتی سیاسیدا دیدگا و بەرژەوەندیی خۆی تا ئاستێکی زۆر زاڵە بەسەر ڕەفتارە سیاسییەکانیدا.
لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین کە پاڵنەرە سەرەکییەکانی هێرشەکەی ئەردۆغان بۆ سەر ڕۆژاڤا لەڕاستیدا زیاتر ئەو پاڵنەرانەن کە تایبەتن بە سیاسەتی ناوخۆی تورکیا، نەک سیاسەتی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بەتایبەتیش پێگەی ئەردۆغان لە ململانێ سیاسییەکانی ناوخۆی تورکیا. چونکە ئەو سەکۆیەی ئەردۆغان پێگە و هێزی حوکمڕانیی خۆی لەسەر بنیاتناوە، زیاتر پرسە ناوخۆییەکانی تورکیان نەک پرسە دەرەکییەکان.
ئەردۆغان سەرەتای بنیاتنانی هێزی سیاسی خۆی لە شارەوانییەکانەوە دەستپێکرد و بووە ئەو کاراکتەرە پۆپۆلیستەی کە ئێستا هەیە. بەڵام لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی 2019 پێگە و هێزی خۆی لە زۆربەی شارە گەورەکانی تورکیا لەدەستدا کە بۆ ماوەی 25 ساڵ بڕبڕەی پشتی هێزی ئەردۆغان بوون بەرانبەر نەیارەکانی.
دەسەڵاتی ئەردۆغان بە تایبەتیش لە هەڵبژاردنەکانی 2019 شکستێکی گەورەی بەرکەوت و ئێستا ڕوو لە داکشانە. ئەردۆغان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو شکستەی پەنای بردە بەر کارکردن لەسەر دوو مەترسیی ناوخۆیی کە تا ئاستێک کۆدەنگیی ناوخۆیان لەسەرە لەسەر ئاستی جەماوەر و دەنگدەری تورک، ئەمەش لەڕاستیدا دوو پاڵنەری سەرەکین بۆ هێرشەکردنە سەر ڕۆژاڤا، کە ئەردۆغان پێیوایە بەم هێرشکردنە دەتوانێت هەردووکیان بپێکێت.
یەکەمیان پرسی مەترسیی پارتی کرێکارانی کوردستانە، ئەم پرسە تا ئاستێکی زۆر، بێجگە لە #هەدەپە#، هەموو پارتە سیاسییەکانی تورکیا یەکدەنگن لەسەری، تەنانەت ئەو جەهەپەیەش کە چەند مانگێک لەمەوبەر بە دەنگی کورد بەسەر ئەردۆغاندا سەرکەوت. پاساوی سەرەکیی ئەردۆغان بۆ ئەم هێرشە ئەوەیە کە ئەو قەوارە سیاسیەی لە ڕۆژاوا درووست بووە سەر بە هەمان ڕێباز و ئایدیۆلۆژیای #پەکەکە#یە و فەرمان لەوانەوە وەردەگرێت. واتا لە ئەگەری چەسپانی پێگەی ئەو کیانە کوردییە دوور نییە لە ئاییندەدا پەکەکە هەمان ئەزموون بگوازێتەوە بۆ تورکیا و جیهانیش هاوسۆزی لەگەڵیان هەبێت.
دووەم پرس کە لە تورکیا تا ڕادەیەک کۆدەنگی لەسەرە، پرسی ئاوارەکانی سووریایە کە بەهۆی شەڕی سووریا ئاوارەی تورکیا بوون. بەپێی چەند ڕاپۆرتێک زۆربەی زۆری دانیشتووانی تورکیا ناڕازین لەو ژمارە زۆرەی ئاوارەی سووری لە تورکیادا (نزیکەی 3.6 ملیۆن ئاوارەی سووریا لەوێن) ، تورکەکان وای دەبینن کە ئەمانە بوونەتە بارگرانی بەسەر تورکیاوە و خەریکە ڕەهەندە کۆمەڵایەتییەکانیشی تەشەنە دەکەن.
ئەردۆغان وای دەبینێ کە بە درووستکردنی ناوچەی ئارام بە قووڵایی 32 کم، دەتوانێت ئەو ئاوارانە لەو شوێنانەی سەر سنوور نیشتەجێ بکات. لەم ڕێگایەوە دەتوانێت قووڵایی ستراتیجی و سەربازیی هێزەکانی سووریای دیموکرات پەکبخات. لەلایەکەی تریشەوە ئەو ئاوارانە لەوێدا نیشتەجێ بکات و هەرخۆیشی بە پاساوی چاودێریکردنی ئەو ناوچەیە لەوێ بمێنێتەوە و وەک هێزێک هەم بۆ دژایەتی #هەسەدە# و هەمیش بۆ گوشارخستنە سەر سووریا و وڵاتەکانی تر کە لە سووریا چالاکن بۆ ئەوەی لە کاتی نووسینەوەی دەستووردا شتێک نەکرێت بە دڵی تورکیا نەبێت.
پرسێکی تر هەیە کە زۆر بەکەمی حسابی بۆ دەکرێت لە هێرشەکەی ئەردۆغاندا، ئەویش پرسی دووبارە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی ئاشتییە لەگەڵ کورد. ئەو پڕۆسەیەی کە هەر ئەردۆغان گەشەی زۆری پێدا و هەرخۆیشی پەکیخست. پێدەچێت دوای ئەم هێرشکارییە، تورکیا دەست بە پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئۆجەلان و پەکەکە بکاتەوە، چونکە ئەگەر تورکیا توانی ڕۆژاڤا بوەستێنێ، هەروەها لە #قەندیل# و شوێنەکانی تریش کە گوشاری زۆری خستووەتە سەر پەکەکە، دوور نییە گەڕێکی تری دانووستاندن دەستپێبکاتەوە لەگەڵ کورد، ئەوەش بۆ ڕەواندنەوە و داپۆشینی ئەو دژایەتییەی کە ئەردۆغان بەرانبەر کورد کردی لەو چەند ساڵەی دواییدا. لەلایەکی تریشەوە ئەگەر تورکیا ئەمەی ڕۆژاڤا و دەورەدانی پەکەکەی لە قەندیل بۆ بچێتە سەر، ئەوا پەکەکە لە پێگەیەکی زۆر لاوازدا دەبێت و بە ناچاری گوشارەکانی ئەردۆغان قبووڵ دەکات. ئەمە ئەگەرێکی دوور نییە، چونکە ئەردۆغان دەیەوێت کارتی کورد لە دەست نەیارەکانی وەک جەهەپە و هەدەپە دەربهێنێ.
وێستگەیەکی تر کە لەڕاستیدا کاریگەریی زۆری هەبوو لەسەر دژایەتیکردنی ئەردۆغان بۆ کورد بەگشتی و بۆ هەدەپە بە تایبەتی (کە دواتر تەواوی ڕەفتارەکانی ئەردۆغانی گۆڕی لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد) بریتی بوو لە هاوپەیمانیی ئەردۆغان لەگەڵ نەژادپەرستەکانی مەهەپە. بەداخەوە هەدەپە کاتی خۆی ڕازی نەبوو ئەم هاوپەیمانێتییە لەگەڵ ئەردۆغان قبووڵ بکات، ئەگەرنا کاریگەریی زۆری دەبوو لەسەر گۆڕینی دیدگای ئەردۆغان بەرانبەر کێشەی کورد لە تورکیا، چونکە بە و هاوپەیمانێتییە چووە بەرەی نەژادپەرستەکان و زیانێکی زۆریشی بە کێشەی کورد لە تورکیا و سەرکردە سیاسییەکانی هەدەپە گەیاند، کە تا ئێستاش زۆربەیان لە زیندانن. هەدەپە، بە ڕەتکردنەوەی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەردۆغان، نەک نەیتوانی لاوازی بکات و لە دەسەڵات دووری بخاتەوە، بەڵکوو ئەردۆغانی کردە دوژمنێکی سەرەکیی کورد لە هەر کوێیەک بێت. ئەم هاوپەیمانێتییەی لەگەڵ مەهەپە کاریگەریی زۆری هەبوو لەسەر هەڵوێستیشی لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017.
لێکەوتەکانی ئەو هێرشەی تورکیا کاریگەریی دەبێت لەسەر پێوەندیی کورد و تورکیا بەگشتی و بەتایبەتی لەسەر باکووری و کوردستان و هەرێمی کوردستان. دژایەتیکردنی ئەو لەشکرکێشیەی تورکیا کۆدەنگییەکی تەواوی لەسەرە لەلایەن گشت پارتە کوردییەکانی هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک کە هیچی کەمتر نەبوو لەو ساتەوەختەی هەرێمی کوردستان بە پاڵپشتیی زۆری جەماوەر بڕیاری دا هێزی پێشمەرگە بۆ پاراستنی کۆبانێ بنێرێ. ئەم هێرشەی تورکیا بۆ سەر ڕۆژاڤا، هەستی نەتەوەیی نێوان گشت بەشەکانی کوردستانی دیسان تۆخکردەوە، بەتایبەت لەنێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژاڤای کوردستان کە قەت ئەو هاوسۆزییە بەوجۆرە نەبووە، ئەمە لەوانەیە لە ئاییندەدا کاریگەریی هەبێت لەسەر ناکۆکییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان لەلایەک و ڕۆژاڤا و پەکەکەش لەلایەکی دیکە. [1]