$کوژاندنەوەی ئەوانیتر$
#سیروان ڕەحیم#
#06-11-2019#
درووستبوونی دەوڵەت و پڕۆسەی نەتەوەسازی لە تورکیا لەسەر کۆمەڵێک ستوون وەستاون، لەنێو ئەو ستوونانەدا یەک ستوون هەیە لە هەمووان لەبەرچاوتر، بەهێزتر و هاوکاتیش ستوونێکە نابێ بەهیچ کلۆجێک لاواز و لەق ببێت. لاوازبوونی ئەو ستوونە واتە هەژانی دەوڵەت، هەژانێک بۆ ئەوان بە نەمان کۆتایی دێت. لە درووستکردن و گەشەپێکردنی دەوڵەتدا لە تورکیا کرۆکی بیرکردنەوەکە ئەمەیە.
$سیستەمی سیاسی و دەوڵەتی سێبەر دەڵێن:$
ئەگەر دەتەوێت تورکیایەکی بەهێز و کەسی گوێڕایەڵ دڵسۆزت بۆ وەتەن هەبێت، دڵسۆزیی بێ چەند و چوون، بێ پرسیار و بێ دڵەڕاوکێ، دەبێ ئەوانیتر بسڕیتەوە، هەر چرایەک ڕۆشنایی بۆ تۆ و ئامانجەکانی وەتەن نەبێت بەپەلە، زۆر بەپەلە بیکوژێنەوە. باشە ئامانجەکانی وەتەن چین؟ کوژاندنەوەی هەموو ڕەنگێک، دەنگێک، نووزەیەک، هەناسەیەک، هەموو شتێک کە ناتورک بێت. لە سیاسەتەوە بۆ هونەر، لە ئایینەوە بۆ کولتوور، لە وەرزینەوە بۆ بازرگانی، لە تەماتەوە بۆ قاوە، دەبێت ناوی تورکی یان لە پێش یاخود لە پاش هەموو ئەو ناوانەوە بێت. هێزی سەربازی تورک، موزیکی تورک، سیاسەتی تورک، وەرزشی تورک، تەماتە، قاوە، زەوی و ئاسمانی تورک. لەوێ هەوا، ئاو، خشپەی گەڵا شەپۆلی زەریا و هەناسەدانیش هی تورکن. ئەگەر ئەمە نەزانیت یان بیزانیت و ملەملی لەگەڵ بکەیت، کەواتە سەرچڵیی بە ژیان و بە بوونی خۆتەوە دەکەیت. ئەوێ تورکیایە و ڕۆژگارێکی درێژە یەکێک لە دروشمەکانی دەوڵەت ئەمەیە: تورکیا هی تورکەکانە.
تورکیا کە لەسەر کاولاشی دەوڵەتی عوسمانی بنیاتنرا، هەر لەسەرتاوە ئامانجی سەرەکی ئەوەبووە هەموو کەمینەکان لەنێو تورکدا قووت بدات. لە سۆنگەی گەیشتن بە: یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک زمان، یەک سەرۆک/ ڕابەر. هەوڵیاندا ئەرمەن بەتەواوی بکوژێننەوە، عەلەوی بکەنە ئیسلام و کوردیش بکەنە تورک، بێگومان لەم هەڵمەتەدا ئەوەی خۆی بەدەستەوە نادات چارەنووسی دەرکردن و کوشتنە. تا ئێستا بەرگرییەک، مانەوەیەک و خۆبەدەستەوەنەدانێک تورکیای گیرۆدە کردبێت، تورکیا بە دەستییەوە گیری خواردبێت و ستوونی پتەوی ڕاگرتنی وەتەن بهەژێنێت، مانەوەی کورد و عەلەوییەکانە.
لە تورکیادا، تورکیایەک کە مستەفا کەمال درووستیکرد و ئامانجی سەرەکی دەوڵەتێک بوو تەنیا بۆ تورک، هەر لە دەستپێکەوە، لە درووستبوونی ئەو دەوڵەتەوە، بە کردار ئەوەیان سەلماندووە کە مرۆڤ تورک نەبێت، نابەختەوەرە. مستەفا کەمال خۆی جەختی لەوە کردووەتەوە بەختەوەر ئەو کەسەیە تورک بێت. مرۆڤ تورک نەبێت و بنەماکانی تورکبوون ڕەتبکاتەوە، باشترین جێگرەوە بۆی کۆیلەبوونییەتی. ئەمە لەدەرەوەی سنوورەکانی تورکیاش وەهایە و لە هەر کوێ بۆیان بکرێت پەلاماری ئەوانە دەدەن کە ناتورکبوونی خۆیان ڕادەگەیێنن. لە کاردانەوەی هەندێ ڕێکاری ئەوروپاییدا بەرانبەر بە زێدەڕۆیی ڕەوەندی تورک، لەم ساڵانەی دواییدا تورکیا تەنانەت ئەو هەڕەشەیە لە ئەوروپایش دەکات و هەندێ جار باس لە فەتحکردنی ئەوروپا دەکەن.
بەڵام ئایا لە تورکیا مرۆڤ کە بوو بە تورک ئیتر بەختەوەرە؟
$لە تورکیا تابلۆی گشتی وەهایە:$
هەموو کەس لەویتر دەترسێت. ئەم هاوسێ لەویتر. ئیسلام خۆی وەکوو قوربانی دەستی عەلمانی وێنا دەکات و لێی دەترسێت، لەشکر خۆی وەکوو قوربانیی دەستی دەوڵەت و سیاسیگەل دەبینێت و پێیوایە دەبێت ئەو دڕکەیان لەژێر پێ دەربهێنن، دیارە هەموو کەمینەکانی دیکە، هەروەها کورد و هەموو ئەوانی دیکەی ناتورک لەلایەن هەر هەموو دامەزراوەکانی دەوڵەتەوە دەچەوسێنەوە. هەر بۆیە سیستەمەکە ئەوەندە ئاڵۆز و پێچیدەیە، بەڕێوەبردنێکی ئەوەندە پڕ گومان و پڕ ستەم لە کاردایە، بە تەنیا بوون بە تورک مرۆڤ بەختەوەر ناکات و تەنانەت مرۆڤ دڵنیا ناکات کە کاری کردە بێت تاوەکوو بەشێوەیەکی ئاسایی بژی. بۆ نموونە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا زۆرن ئەو تورکە ڕەسەنانەی تەنیا لەبەر ڕەخنەیەک، دەنگێک، ناڕەزاییەک بەرانبەر بە کارەکانی ئەردۆغان و پارتەکەی ژیانیان لە مەترسیدایە، یان ئاوارەبوون و یاخود لە باری ئابوورییەوە خراونەتە سەر ساجی عەلی. نەک هەر تورکی چەپ، دیموکرات، ڕۆشنبیر، ڕۆژنامەڤان، نووسەر، هونەرمەند و هتد، لە مەترسیدان، بەڵکوو هاوڕێیانی دوێنێی سیاسی و حیزبی خۆی، کەسانی تورک/موسڵمان/سوننی کە ساڵانێک پێکەوە کاریان کردووە، ئێستا بە جۆرێک لە جۆرەکان قوربانی دەستی ئەردۆغان و پلانەکانی وین.
لەگەڵ بەرگریی مانەوەی کورد و عەلەوییاندا، لە تورکیا هێزی گرنگ لە ناوخۆی وەڵاتەکەدا هەن، کە دژی ئەو سیستەمە نامرۆڤانەیەن و لە زۆر وێستگەی گرنگ و هەستیاردا بە دەنگی بڵند بەڕووی دەوڵەتدا وەستاونەتەوە و نەخێریان پێگوتووە.
زۆرن ئەو دەنگە دیموکرات و مرۆڤحەزانەی نێو تورک، لەگەڵ هاواری کورداندا هاوار دەکەن و لەگەڵ کوشتنی هرانت دینکەکاندا دێنە سەر شەقام و بەدەنگی بەرز پشتگیری لە ڕەوابوونی ئەو دۆزانە دەکەن کە دەوڵەت شەڕیان دەکات و پەلاماریان دەدات.
لە تورکیا هێز هەیە لەهەمبەر کردەی نامرۆڤانە و پەلاماری دەوڵەتدا دەڵێت نەخێر. لەسەردەمی دەسەڵاتدارێتی ئەردۆغاندا، دەوڵەتی یەک سەرکردە دەسەڵاتی تاکە پیاو، یەکەمین نەخێرێکی کاریگەر کە گوێیانی کاس کرد، ساڵی 2013 و لە ڕووداوی پارکی گەزیدا بوو. ئەودەم دەنگە گەورە و ئازاکان بۆ یەکەمجار پلانی ئەردۆغانیان وەستاند و لەکاریان خست.
پاش ئەو ڕووداوە و دوای هەوڵی کودەتای هاوینی 2016 ئیتر ئەردۆغان هەموو ئەو دەنگانەی لەسەر ڕێ لادا. چ بە گرتن یان بە دەربەدەرکردن.
ئێستا و لەگەڵ ئاکەپە و سەرۆکەکەیدا کەس ئیتر باوەڕ ناکات بواری دیالۆگ مابێت، دیالۆگێکی ژیرانە، ئاخر نەک تەنیا کورد و #شەڕڤان#ی کورد، بەڵکوو ئەو هەڕەشە لە کاربەدەستانی ئەوروپایی، دەوڵەتانی ئەوروپایی و تەنانەت لە ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکایش دەکات. بەڵام پاش دامرکانەوەی ئەم ئاگرە، دوای داچوونی ئەم گڤە گڤی باهۆز و ئافاتە، پێویستە کورد و زۆر لە نوێنەرانی گەلانی دەوروبەر بکەونە قسە و دیالۆگ لەگەڵ تورک و کاربەدەستانی تورک، پێویستە دەست بەشەڕێکی قوورس بکەن لەگەڵیان، شەڕی دانووستاندن و ئیقناعکردنیان بە وتووێژ، وتووێژێک تێیدا بە ڕوونی باس لەوە بکرێت تورک و ئەوانیدیکەی ناتورک مرۆڤی وەک یەکن، چوونیەکن و ئیتر دەبێت ئەوە لەبیر بکەن مرۆڤ بکەنە کۆیلە و بە مرۆڤی پلە خوار. ئەوە شەڕە قوورسەکەیە، شەڕێک هەر دەبێت بکرێت، ئەو شەڕە بەتایبەتی لە پێش کوردە وەکوو نەتەوەیەک کە مەحکومە بە ژیان، هەتاهەتایە ژیانی هاوشان، هاوسێ یان تێکەڵ لەگەڵ تورکدا. بەڵام ژیانێک بێئەوەی چراکانی ئێمە، چراکانی ژیان و بوونمان بکوژێننەوە.
هەموو هەوڵێک بۆ پێکەوەژیان و بۆ ئاشتەوایی، بۆ ڕێگەدان بە پێکهاتەکانی دیکە، یان هەناسەیەک بۆ دەنگ و ڕەنگە جیاوازەکانی دیکە لە تورکیادا، ئیتر لەم قۆناخەدا مەحاڵە و دەمێنێتەوە بۆ قۆناخی دوای ئاکەپە. ئەردۆغان کە بەکردنەوەی بەشی کوردی لە تیڤی فەرمیی دەوڵەت و بە پێڤاژۆی ئاشتی لەگەڵ کوردی باکوور دەستی پێ کرد یان ڕاست دەوروبەرەکەی چاوبەست کرد، هەمووان دەبینن بۆ داکوتان و بۆ پتەوڕاگرتنی ستوونە گرنگەکانی دەوڵەت یەک دەوڵەت، یەک نەتەوە، یەک ئاڵا، یەک زمان، یەک سەرۆک/ ڕابەر، تەنانەت لە مستەفا کەمال واوەتر دەچێت. ئەم بۆ کوژاندنەوەی چراکانی دیکە تێکەڵەیەکی ترسناکە، تێکەڵەیەک لە نەتەوەپەرستێکی تووندڕەو و ئیسلامێکی سیاسی، لە هەر شوێنێکیش ئەو دوو شتە ئاوێتە بوون، نەک تەنیا چراکان، بەڵکوو هەموو شتە جوانەکان دەکوژێنەوە. [1]