ناونیشان: ترەمپ غەڵەتەکەی کرد
نووسەر: #هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون: #06-01-2020#
ئایەتوڵڵا خامنەیی چەند کاژێر پاش کوژرانی قاسم سولەیمانی، کە ناوی لێنابوو “شەهیدی زیندوو“، جێگرەوەی بۆ دانا و لە تویتەریش تەنیا بیسمیللایەکی نووسی. پەیڕەوانی وا لێکیدەدەنەوە کە خامنەیی بەو بیسمیللایەی مەبەستی ئەوەبێ بەکردەوە دەست بە دەرکردنی ئەمریکا لە ناوچەکە کرا.
چونکە هەمان بیسمیللا لەلایەن کۆمەڵێکی دیکە لە سەرکردەی هێزە پرۆکسییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا و لە رێگەی تویتەرەوە بڵاوکرانەوە. وەک بڵێی کۆدێک بێت لەنێوان خامنەیی و ئەو سەرکردانەدا کە لەجیاتی ئەوەی وەک هەمیشە لە ڕێگەی حاجی قاسمەوە پێیانبگات، ئەم جارە لە ڕێگەی تویتەری ئەمریکاییەوە دەرگات. بەڵام ئەمە تەنیا لێکدانەوەیە و هێشتا ڕاستییەکەی ڕووننەبووەتەوە.
لە ڕۆژانی پێشوودا هەر ئاغای خامنەیی لە تویتەرەوە قسەی بە ترەمپ وت و پێشیگوت: “هیچ غەڵەتێکت پێناکرێ“، بەڵام هەینیی ڕابردوو ترەمپ “غەڵەت“ێکی کرد کە ئێشەکەی بۆ خامنەیی تا سەر ئێسقان بوو. ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران دڵنیابوو لەوەی ئەمریکا هەموو شتێک بکات دەست بۆ سولەیمانی نابات. هۆیەکەشی ڕوونە: هەرچەندە شیر و تیری ئێرانی و ئەمریکی لەیەک دەسوێندران، بەڵام لەژێرەوە هەوڵی جیاجیا هەبوون بۆ دانووستاندن. ئەو هەوڵانەش لەلایەن دەوڵەتی عەرەبییەوە و لە ڕێگەی قاسم سولەیمانییەوە دەدران. ئەگەر ڕووداوەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا ڕووینەدابایە و ئێران هەڵەی نەکردبایە لە مەزەندەکردنی کاردانەوەی ئەمریکا، زۆر زەحمەت دەبوو سولەیمانی ببێتە ئامانج.
قاسم سولەیمانی بۆ ئەمریکییەکان باشتر بوو لەوانەی لەدوای ئەوەوە دێنە ناوچەکە. ئەو هەرچەندە سەرکێشیی پەلهاویشتنی فراوانی هەژموونی ئێرانیی لە ناوچەکەدا دەکرد و تەحەدای ئەمریکای دەکرد، بەڵام تەنیا عەسکەر و جێبەجێکار نەبوو، عەقڵێکی گەورەی دیپلۆماسیش بوو. لەنێوخۆی ئێرانیش سولەیمانی بۆیە ببووە قارەمانێکی میللی، چونکە توانیبووی لەنێوەڕاستدا بمێنێتەوە و هەر توندئاژۆکان نا، بەڵکوو ئەوەی ناویان میانەڕەوە، ئەوانیشی لە پشت بن. ئێستا کە سولەیمانی دەڕوات و بەو نمایشەی بۆ بەخاکسپاردنی بە شارەکانی ئێراندا کرا، لە هەڵبژاردنەکانی ئێراندا توندئاژۆکان زۆر بەهێزدەبن و وتاری دژی ئەمریکاش بەهێزتر دەبێت. بۆیە ئەگەر ترەمپ بەڕاستی شەڕی نەویستبێ لەگەڵ ئێران، بە کوشتنی سولەیمانی ئیشەکەی خۆی قوورستر کردووە.
ڕاستییەک هەیە، ئەویش ئەوەیە کە هێزە پرۆکسییەکانی ئێران لەلایەن قاسم سولەیمانییەوە باش کۆنترۆڵ کرابوون، بەڵام بەتەواوەتی کۆنترۆڵ نەکرابوون. ئەو هێزانە سوپایەکی ڕێکخراو نین، بۆیەش کۆنترۆڵکردنیان زۆر قوورسە. ئەمەش سەرئێشەیەکی نوێ هەم بۆ خامنەیی و هەم بۆ ترەمپیش درووستدەکات.
چونکە هەرچەندە پێدەچێ خامنەیی و ڕاوێژکارەکانی بیانەوێ بەدیقەت و وردی بڕیار لەسەر پڕۆژەی تۆڵەسەندنەوەی سولەیمانی بدەن، بەڵام دەبێ هەمیشە پێشبینی بکەین کە ئەو هێزە پرۆکسییانە کردەوەی وا بکەن، کۆماری ئیسلامی بخەنە ژێر باری جەنگێک لەگەڵ ئەمریکا کە دەزانین هەرچەندیش درێژە بخایەنێت، نایباتەوە و بۆ چارەنووسیشی باش نابێت. خۆی زۆربەی شەڕەکانی دنیاش هەر لە کردەوەی کۆنترۆڵنەکراوی واوە هەڵگیرساون.
ئێستا ئێران و ئێراق زۆرتر لە هەرکاتێک دۆخیان بەرەو دۆخی باڵکانی ساڵانی نەوەت و قۆناخی لەبەریەکهەڵوەشانەوەی یۆگۆسلاڤیا دەچێت. من ئێستا لە کۆسۆڤۆم، کە لەهەناوی جەنگی یۆگۆسلاڤیادا سەربەخۆییەکەی لەدایک بوو، لێرەوە دەیبینم کە چۆن �