پزیشکێکی دەروونی لە نەمسا لەبارەی پێکەنینەوە ڕایدەگەیێنێت، پێکەنین گوشاری دەروونی و دڵەڕاوکێ کەمدەکات، ئەوەش یارمەتیدەرە بۆ کەمکردنی ڕێژەی شەکری خوێن.
دکتۆر جۆرجی کۆستیوک، سەرۆکی پزیشکانی دەروونی لە نەخۆشخانەی سالزبێرگ لە نەمسا دەڵێت: لەکاتی پێکەنیندا چەند هۆرمۆنێک دەردەدرێت کە کاریگەریی لە کەمکردنەوەی ئازاری جومگەکان هەیە، بە جۆرێک ئازاری جومگەکان کەمدەکاتەوە.
ئەو پزیشکە دەروونییە ڕوونی دەکاتەوە، ئەو هۆرمۆنانەی لە پێکەنیندا دەردەدرێن، کاریگەریی لەسەر کۆئەندامی هەناسە و هەرس درووستدەکەن، هەروەها تەندرووستیی دڵ و لوولەکانی خوێن دەپارێزن.
بە گوتەی دکتۆر جۆرجی، دەتوانرێت بە پێکەنین تێکچوونی دەمار چارەبکرێت، هەروەها بۆ دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بەکاربهێنرێت و چارەسەرەکەش چەندین ڕاهێنانی جۆراوجۆری وەکوو ' تەکنیکەکانی پێکەنینی هەناسەدان، هاندان بۆ پێکەنین، پێکەنینی سایکۆداینامیک، نوکتە و چیرۆکی کۆمیدی' لەخۆدەگرێت.
پزیشکەکە ئاماژەش بەوە دەکات کە ڕاهێنانەکانی پێکەنین دەشێت دەرووندرووستی بپارێزن و تووڕەیی و هەستی شەڕانگێزی کەمبکەنەوە.
دکتۆر جۆرجی دەشڵێت: هۆرمۆنی دڵخۆشی کە پێی دەگوترێت 'سیرۆتۆنین' لە جەستەی کەسانی گەشبیندا دەردەدرێت کە یارمەتیی کەمبوونی ئازارەکانی جەستە دەدات.
بە گوێرەی ناوەندی کلیڤلاندی پزیشکی لە ئەمریکا، پێکەنین سوودی کوورتخایەن و درێژخایەنی دەبێت و ڕایدەگەیێنێت، لەکاتی پێکەنیندا ئۆکسجینی زیاتر بۆ مێشک دەچێت، بە جۆرێک سی و ئەندامەکانی دیکە چالاکتردەبن.
دەزگای کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە نەخۆشییەکان لە ئەمریکا دەریدەخات، کاژێرێک پێکەنین دەبێتەهۆی سووتاندنی نزیکەی 350 کالۆری جەستە، چونکە بەهۆی پێکەنینەوە 80 ماسوولکە چالاک دەبن و وزە دەسووتێنن.
لێکۆڵینەوە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان دەریدەخەن، کەسانی گەشبین کەمتر تووشی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان دەبن، چونکە ئەو کەسانە بایەخی زیاتر بە تەندرووستیی خۆیان دەدەن و ژیانێکی چالاکتریان هەیە، ئەمەش وایان لێدەکات زیاتر بەرگرییان هەبێت بەرانبەر بە هۆکاری نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان. [1]