ناونیشان: کاک نەوشیروان چی بڵێت؟
نووسەر:#هێمن عەبدوڵڵا#
ڕۆژی دەرچوون:#15-05-2017#
پاش غائیببوونێکی نزیکەی یەک ساڵی، کاک نەوشیروان گەڕایەوە کوردستان. هەرچەندە گەڕانەوەکەشی وەک ئەو ماوەیەی لە لەندەن بوو، دوور بوو لە چاوی میدیا، بەڵام ئەوە هیچی لەو ڕاستییە نەگۆڕیوە کە جەماوەری بزووتنەوەکەی ئومێدی گەورەیان بە هاتنەوەی هەیە. ناکۆکەکانیشی، هەرچەندە وای پیشاندەدەن کە هیچ نەگۆڕاوە، بەڵام هاتنەوەی و بێدەنگییەکەی سەخڵەتی کردوون.
بەدرێژایی ئەو ماوەیەی کاک نەوشیروان بێدەنگ بوو، بزووتنەوەکەشی بێدەنگ بوو. هەرچەندە هەڵسووڕاوەکانی وایان پیشاندەدا کە بەبێ ئەویش گۆڕان هەر بەسەرپێوەیە، بەڵام دەرکەوتنە بێمنەتانەکەی هەفتەی ڕابردووی ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە گردی زەرگەتە و جگەرە داگیرساندن و قاچ لەسەر قاچ دانان و هەواڵە ڕۆژنامەڤانییە دوو دێڕییەکە وای دەردەخست کە شاندی یەکێتی بە داشی سوار و بە تۆنی بێمنەتانە و دوور لە چاوی کاک نەوشیروان قسەیان کردووە و پەیامی خۆیان گەیاندووە. کەچی ئەو بەیانییەی کاک نەوشیروان گەیشتەوە، لە تەلەڤیزیۆنی یەکێتییەوە ڕووماڵی تایبەتی زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی دەباشان دەکرا و هەر زووزووش ڤیدیۆ و قسەکانی #مام جەلال# و کاک نەوشیروان لێدەدرانەوە. وەک بڵێی کەتنێک کرابێ و کەتنکەر لەترسی سزای پاش کەتنەکەی خەریکی پاکانەکردن بێ!
زۆر کەس دەیانوت یەکێتی بۆیە لەگەڵ پارتی نزیکبوونەتەوە لە ڕێککەوتن، چونکە خاترجەم بووە کاک نەوشیروان هێندە نەخۆشە تازە چاوی بە کوردستان ناکەوێتەوە. بۆیە ئێستا کە هاتووەتەوە، گۆڕین یان وەکخۆی هێشتنەوەی تۆنی دەنگی یەکێتی بەرانبەر گۆڕان و پارتی مایەی سەرنج و لێوردبوونەوە دەبێت. بەتایبەتیش کە لەسەر ئاستی خوارەوەی هەریەکە لە گۆڕان و یەکێتی بیرۆکەی بەهەرێمکردنی #سلێمانی# زیندووکراوەتەوە و کادیرەکانیان لە میدیاکاندا بانگەشەی بۆ دەکەن.
هەرچەندە ئەوەی لە خەڵکەوە دەیبیستین وێنەیەکی زۆر جیاوازە لەوەی میدیا و کادیرە حیزبییەکان دەیانەوێ وێنای بکەن، بەڵام هەرواش دەبێ ئومێدمان بەوە هەبێ کە هاتنەوەی کاک نەوشیروان لەجیاتی ئەوەی عامیلی شەڕ بێت، ببێتە عامیلی خێر بۆ ئاساییکردنەوەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستاندا. خەڵک ئێستا هێندەی پێی گرنگە مووچە و کارەبا و خزمەتگوزاریی تەندرووستی هەبێ، هێندە بۆی گرنگ نییە کێ سەرۆکی پەڕڵەمان دەبێ و کێش ئیدارەی وڵات دەکات.
ڕەنگە گۆڕان لە مافی خۆی لەو ڕێککەوتنەی بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگا و ئیدارەکانی زۆنی سەوز هەیبوو بپرسێتەوە و چیدیکەش نەهێڵێ مافی بخورێ، کە بەڕاستیش پێویستە وابێت، بەڵام من زۆر لەمێژە ئەو حەماسەتە لەنێو خەڵکدا نابینم کە بۆ حیزبەکان هەیانبوو، بە جەماوەری گۆڕانیشەوە. خەڵک لەخەمی باشبوونەوەی دۆخی ژیان و خۆشگوزەرانیدان و بەلایانەوە گرنگ نییە کێ ئەوەیان بۆ دابین دەکات و مافی کام حیزبە کام پۆستی هەبێ و کامەی نەبێ. بۆیە باش دەبێ کاک نەوشیروانیش دوای ئەو ماوە درێژە لە بێدەنگی، ئەوە بڵێت کە خەڵکی سادە دەیەوێ گوێی لێبێت نەک ئەوەبێت کە هەم گەنجە کەمئەزموونە پۆپۆلیستەکان و هەم سیاسییە پیرە لە خەڵک دوورکەوتووەکانیش ئارەزوو دەکەن لێی ببیستن. [1]