ناونیشانی بابەت: داگیرکردنی تاریکی
ئامادەکردن: هەندرێن شێخ ڕاغب
ڕۆمانێکی 721 لاپەڕەیی بەبێ ئەوەی یەک وشەی زیادەی تێدا بێت، ڕۆمانێک دژ بە فاشیزم، لە تورکیا دەوڵەتی قوڵ هەیە، داگیرکردنی تاریکی لەویش قوڵتر ڕۆچووەتە ناو تورکیا. چەندە ئەرکی هەموو کوردێکە لەهەر کوێی دنیا هەیە کە ئەم ڕۆمانە بخوێنێتەوە، بەهەمان شێوە بۆ هەر تورکێک حەپەسانێکی گەورەیە؟ ئاخر چۆن دەکرێت تورکێکی چیایی؟ بەمجۆرە بنووسێت!. چۆن حەپەسان درووست ناکات کە کوردێک بەم قوڵیە ناسیۆنالیزمی تورکی ڕوت وقوت نیشانی هەموو دنیا بدات و یەک بستی بە شاراوەیی نەهێڵێتەوە. داگیرکردنی تاریکی ڕۆمانێکی پڕ هێژایە لەبەرانبەر نەهامەتییەکانی ناسیۆنالیزم، وە نەبوونی ناسیۆنالیزم، لەو کاتەی ڕەخنەی قوڵ لە ناسیۆنالیزمی تورکی دەگرێت کە چۆن کوێری کردون، ڕێک لە هەمان کاتیشدا ئەم پاشکۆیەتی و شکستەی کوردیش دەردەخات کە بەهۆی نەبوونی ناسیۆنالیزمی کوردی چۆن خاوەنی خۆی نیەو بچوک بچوک دابەش بووە بەسەر دەیان شوناسی تەقلیدی و بێ فکر.
ویستم دێرە هەر گرنگەکانی ناو لاپەڕەی ڕۆمانەکە وەک ئیقتباس بۆ ڕونکردنەوەی زیاتری بابەتەکەم وەربگرم، چەندەی سەیرم کرد نەمتوانی مەگەر کۆی ڕۆمانەکە وەک خۆی بنووسمەوە، چونکە هەر لاپەڕەو پەرەگرافێکی دەخوێنیتەوە، گرنگترە لەوەی دیکە. بەختیار عەلی بە زمانێکی سادەو دێڕی سادە، ئاڵۆزترین ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی دنیا لەروی ڕەگەزپەرستی و توندوتیژی نەتەوەیی دەخاتەروو. بە بۆچونی من داگیرکردنی تاریکی کەوتنی دەمامکی دەوڵەتی تورکیایە لە بەردەم خوێنەردا، ئینجا ئەم خوێنەرە کوردە یان هەر نەتەوە و زمانێکی دیکەیە بە خودی خوێنەری تورکیشەوە.
گرنگە ئەم ڕۆمانە بۆ زمانە زیندووەکانی دنیا وەربگێڕدرێت، بۆ هەر ئەندامێکی پەڕڵەمانی ئەوروپا، ئەڵمانی و فەرەنسی و ئینگلیزی لەسەر کورسییەکەیان دانەیەک لە ڕۆمانەکەی بۆ دابنێ، بڵێ قوربان ئەگەر قسەیەکتان لەسەر تورکیا کرد زەحمەت نەبێت داگیرکردنی تاریکی بخوێننەوە ئینجا لێدوان بدە. بۆ هەموو کوردێک و تورکێک خوێندنەوەی ئەم ڕۆمانە گرنگی زۆری هەیە، نابێت دنیای ئەدەبی و سیاسی ئێمە بێ دەنگ بەسەر ئەم ڕۆمانەدا تێپەڕێت.
هەرچەندە من بڕوام بە خەڵاتە جیهانییەکان نیەو سیاسەت و دەوڵەت دەستیان هەیە لە دابەشکردنیان، نەک ڕاستی دەق و بەرزی دەق و نووسین، بەڵام داگیرکردنی تاریکی بیانویەکی نەهێشتۆتەوە کە خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبی بدرێتە بەختیار عەلی.
ڕۆمانێکە سیاسی، پێت دەڵێت دەوڵەتی یەک نەژادو یەک زمان و یەک کولتور لەم کەونە وجودی نییە، بەرگریەکی سەختە لە جیاوازی و چەوسانەوەی نەتەوایەتی، لەم ڕۆمانەدا چەندە ئازار دەخۆیت بۆ چەوسانەوەی سەختی گەلی کورد، نەفرەت کردن لە ئەرمەن و یۆنانیەکان، هێندەش بەزەیت بە تورکەکان دا دێتەوە، چونکە خەیاڵ و ژیان و خۆشییان نییە بەهۆی مۆتەکەی ئەوی دی، کە کوردە. پەندێکی باو هەیە کە دەڵێت: چەند سەختە کورد بوون. بەڵام لەم ڕۆمانەدا بەختیار عەلی پێمان دەڵێت: چەند سەختە تورک بوون. ئەم دەوڵەتە بووەتە مۆتەکەیەکی گەورە بەلای تورکەکانەوە گیرۆدەی کردون، لەبری ئەوەی دەوڵەتەکەیان بکەنە دەرفەتێک بۆ ئەوەی بەسەر دنیادا بکرێنەوە، کردویانەتە ئەشکەوتێک لەناویدا لە بنەبانی تاریکیییەوە دانیشتون!.
ناونیشانی ڕۆمانەکە خۆی بەتەنیا ڕۆمانێکە، چۆن تاریکی داگیرناکرێت و کارێکی نەکردەیە، بەهەمان شێوە لەناوبردن و سڕینەوەی نەتەوە و گەلێکیش هەمان شتە. لەم ڕۆمانەدا مێژوی سەد ساڵی دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیا ڕون و ڕاشکاو باس دەکات، کە مرۆڤ نیگەران دەبێت کاتێک فاشییەتی کەمالیزم لە سەرەتای سەدەی بیست، هەمان فاشیەتە لەسەرەتای سەدەی بیست و یەک. ئەم ڕۆمانە دەلاقەیەکی گەورەیە لەسەر ئاشکراکردنی ئەم هەموو نەهامەتییەی کە لە دوای ڕێککەوتننامەی سایکس-بیکۆ لە ماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا بەسەر ئەم ناوچەیەدا هاتووە بەهۆی فاشیزمەوە.
لەم ڕۆمانەدا دوای ئەم هەموو دڕندەیەتییەی فاشیەت، بەڵام عەقڵی بە ئاگاهاتووی نەتەوەیەکی پێ داگیرناکرێت، دوای تاقیکردنەوەی هەموو شێوەکانی دڕندەیی و فاشیەت، کەچی تا دێت هۆشی نەتەوەیی کورد فراوانترو قوڵتر ڕۆدەچێتە ناو خودی دەوڵەتەکەوە. بەختیار عەلی بەرانبەر تورکەکان دادەنیشێت و یەک بەیەک شکستەکانیان بۆ شی دەکاتەوە، بەرانبەر کوردەکان دادەنیشێت و یەک بەیەک سەختییەکانیان بۆ شی دەکاتەوە. لە داگیرکردنی تاریکی بۆ تیۆرداڕێژەران و بیرکەرەوەکانی نەژادی تورکی ڕون دەکاتەوە کە کۆی ئەم پڕۆسەیەی ئێستا لە ناو تورکیا هەیە شکست خواردو کارەسات ئامێزەو دەچێتە خزمەت فاشیەت، کە دواجار چارەنووسێکی باش بۆ داهاتووی ئەم دەوڵەتە ناهێنێت. ڕێک وراست لە داگیرکردنی تاریکی بەختیار عەلی ئەم دێرە شیعرەی سوهراب بۆ تورکەکان دەخوێنێتەوە کە دەڵێ: چاوەکانتان بشۆن و لەنوێوە سەیری دنیا بکەن. [1]