ئیسماعیل حەمەئەمین
وتاری `هەرەسی ماڵە کارتۆنییەکە` یان چاکتر وایە بڵێین `هەرەسی ماڵی کارتە کۆنکەنیەکە` شتێک نییە، ئازادیخوازنی ئەم وڵاتە نەیانگووتبێت، تەنیا ئەوەیە ئەوانەی چ بانگەشەی ڕووخانی هەرێمیان لەم ڕاپۆڕتە ڕۆژنامەوانییەوە کرد و چ ئەوانەی وەک نەوەی نوێ و گۆڕان و کادێڕەکانیان بەم ڕاپۆڕتە خۆشحاڵ بوون. هەروەها ئەوانەی کەوتنە دەرکردنی بەیاننامە لە کاتژمێر دوای دوو نیوەشەودا و تووشی هیستریا بوون. زۆربەیان، پێ ناچێت ڕاپۆڕتەکەیان خوێندبێتەوە، یان چ نەبێت ڕاوێژکارە کاوێژکارە تەمەڵەکانیان بەوردیی وەریانگێڕابێت و سەرنجیان لەسەر دابێت. هەر بۆیە، ڕاپۆڕتی ڕۆژنامەنووس (وینترۆپ ڕۆجەر) لە 22-03- 2023 بۆ `فۆرین پۆلەسی` بەناوی “باشووری کوردستان، هەرەسی ماڵە کارتۆنییەکە“ بەڕای من هیچی تازەی تێدا نییە کە نووسەران و هەروەها ڕۆژنامەنووسان و تەنانەت کادێرانی حیزبەکان خۆشیان نەیانگوتبێت.
لەوەش سەیرتر ئەوەیە کادێرانی یەکێتی دڵیان پێ خۆش بوو، بە مەرجێک ڕاپۆڕتەکە پارتی و یەکێتی خستۆتە یەک قەفەزی تاوانبارییەوە! تەنانەت `نەوەی نوێ` کە دەڵێت؛ ئێمە ڕاپۆڕتەکەمان قبووڵە، کەچی ڕاپۆڕەتەکە ئەوان بە ئۆپۆزیسیۆنی `لاواز و پۆپۆلیست` پێناسە دەکات و فڕێیاندەداتە دەرەوەی ئۆپۆزیسیۆنێکی جیدیی و سیاسییەوە.
خاڵێکی تر کەسەرنجی ڕاکێشام ئەوەیە، کە ساڵانێکە دڵسۆزانی ئەم کوردستانە دەنووسن و دەبێژن و تەنانەت دەستگیردەکرێن لەسەر گووتنی ئەم ڕاستیدانە. بەڵام مەسەلەکە تەنیا ئەوەیە ` پیاوی سپی` قسان دەکات، ئەقڵیەتی ژێردەستەش وایە، هەزار کەسی خۆی قسەبکات لای گرنگ نییە، بەڵام ڕۆژنامەنووسێکی بێگانەی ئەمریکی دانیشتووی سلێمانی قسەبکات لێی دەبێتە دێو و درنج، ئەمەش “گرێی خۆبەکەمزانینی کوردیی`ە بەرانبەر بێگانەی داگیرکەر و بەتایبەت پیاوی سپی…
هەر بۆ مەبەستە دێم خاڵە سەرەکییەکانی ئەم وتارە بۆ خوێنەران کوورتدەکەمەوە، تەنیا بۆ ئەوەی بزانن کە ڕۆجەر شتێکی نەگوتووە کە منداڵێکی ئاوفرۆشی سەر ڕێگای چەمچەماڵ پێشتر نەیگووتبێت. جا بۆ ئەوەی بەرچاو ڕوونیمان هەبێت، دووربین لە هەڵەکاری، حەزمکرد خاڵە سەرەکییەکانی ئەم ڕاپۆڕتەی هەرای ناوەتەوە، وەک خۆی بێ زیاد و کەم، بە کوورتی و پوختی بۆ خوێنەرانی ئەم واڵەم وەک خۆی کە لەدەقە ئینگلیزیکەدا هاتووە و ڕوونبکەمەوە؛
چەمچەماڵ خاڵی دەستپێکردنی ڕاپۆڕتەکەیە، بە شارێکی وشک و ترسناک و پڕ هەژاریی وەسفدەکات، لای ڕۆجەر؛ چەمچەماڵ شاری گازی سرووشتییە، بەڵام پڕە لە هەژاری و بێکاری. ئەمە جگە لە نوخبەیەکی سیاسی نەبێت لەو ناوچەیەدا خۆشگوزەرانن، خەڵکانی چەمچەماڵ لەژێر ناجێگیری ئابووریدا دەناڵێنن.
پاشان ڕاپۆڕتەکە پۆزەتیڤ باسی دەستپێشکەری کورد دەکات لە پڕۆسەی هاریکاریکردنی داگیرکردنی ئێراق، بەڵام کاتێک باسی دۆخی ئێستا دەکات و بە `ڕەش و تاریک` وەسفی دەکات.
- نووسەری ڕاپۆڕتەکە ڕای وایە؛ سەرکردە میلشیاییەکان دەستیان بەسەر سێکتەرە مەدەنییەکاندا گرتووە و ئازادی خەڵکیان خستۆتە مەترسیەوە. هەلی کار یەکسان نییە بۆ هەمووان و ئەمەش بووەتە هۆی کۆچی بە کۆمەڵی گەنجان بەرەو هەندەران و وڵاتانی دیکە.
- نووسەری ڕاپۆڕتە دەڵێت “ گەر جەنگی ئێراق هیچی فێرنەکردبین، دەبێت ئەوەمان فێربکات کە دەبێت خۆراوا زیاتر ڕەنگدانەوەی خواستی خەڵک و زیاتر نێزیکبوونەوە بێت لەخەڵک، نەک بەدیهێنانی خواستی سەکردە سیاسییەکانی ناوچەکە.`
هەروەها ڕۆجەر لەوەسفی ماڵە کارتۆنییەکەدا، دەڵێت: ماوەی سی ساڵە ئەم دەسەڵاتە پشتگیری دەکرێت بۆ سەربەخۆیی و بەدیهێنانی دیموکراسی؛ هەر لە پشتگیری پێشمەرگەوە تاوەکوو پێگەی کورد لە حکومەتی نوێی ئێراقی و پشتگیرییە ئابوورییەکان، بەڵام ئەم پشتگیرییە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و گەندەەڵی بەدووی خۆیدا هێناوە.
هەروەها ئاماژە بەوەدەکات؛ هەرچەندە بەپێی یاسا نابێت جگە لە حکومەت هیچ حزبێک هێزی چەکداری هەبێت، بەڵام لە واقیعی حاڵدا وانییە و دوو حیزبە سەرەکیەکە خاوەنی هێزی چەکداری خۆیانن.
هەردوو پارتە سەرەکییەکە #PUK# و #PDK# بابڵێن پارتی و یەکێتی ناوچە و حکومەت و دەسەڵاتیان لەگەڵ یەکتردا بەشکردووە. بەم پێیە ڕۆجەر لە ڕاپۆڕتەکەیدا دەگەڕێتەوە بۆ مێژووی یەکێتی لە دوای حەفتاکان پاشان باسی شەڕی ناوخۆیی کوردکوژی نەوەدکان دەکات کە ئەمە شەڕە لەکاتێکدا ڕوویدا کە خەڵکی کوردستانی لەژێر دووگەمارۆی ئابوورییدا دەیانناڵاند. ڕۆجەر دەیەوێت بڵێت؛ دوا شت ئەم دوو حیزبە بیری لێ بکەنەوە بارودۆخی خەڵکە لەم ناوچەیەدا.
هەروەها ڕۆجەر ڕای وایە؛ هەرچەندە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یارمەتیی ئەم دوو حیزبەی دا بۆ ئاشتەوایی و تەبایی ناوخۆیی. بەڵام لە هەڵبژاردنی 2018 وە پەیوەندی نێوان ئەم دوو حیزبە چووەتە بواری `نا- بەکاربەری ` dysfunction تێکچوون و بێ کەڵکی، و چیتر کارکردنیان پێکەوە جێگیرنییە.
ڕۆژنامەنووس ڕۆجەر دەڵێت “ لە دوای 2018 وە `نەوەیەکی تازەی سەرکردە` دەرکەوتوون کە جگە لە بەرژەوەندی خۆیان، هیچ خواستێکی پراگماتیکی و بەڕێوبردنیان نییە، تەنیا بۆ بەرژەوەندی خودی خۆیان بەکارن. دیارە مەبەستی میراتگرە لەندەنیەکانی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی و گۆڕان و ئیسلامی و سۆسیالستە.
ڕاپۆڕتەکە جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەردوو حزبەکە پارتی و یەکێتی داهاتی نەوت و خاڵە گومرگیەکانیان دابەشکردووە لەنێوان خۆیاندا.
بە مەرجێک کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهۆی شەڕی داعش و پەتای کۆرۆنا پشتگیریی کردوون، کەچی سێکتری حکومی و خزمەتگوزاریەکان تەواو فەرامۆشکراوە.
بێکاری زیاتر لەنێوان گەنجەکاندایە و چەند ژمارەیەکی نیشانداوە لەوەی لەسەدا شازدەی خەڵکی کوردستان بێکارە و بگرە زیاتریشە.
لە ڕاپۆڕتی `ڕووخانی ماڵە کارتۆنییەکەی هەرێم“ ڕۆجەر ڕای وایە ؛ ئۆپۆزیسیۆنی کوردستان لەت لەت و لاوازە، بۆ نموونە `گۆڕان` چوونە نێو حکومەتی پارتی و یەکێتی. هەروەها `نەوەی نوێ` بە `پۆپۆلیست` و `فێڵزان` لەقەڵەمدەدات. هەژاریی سیاسیان لای ڕۆجەر لەوەدایە؛ تەنیا ترسی خەڵک `لە فێڵکردن لە سندوقەکانی دەنگدان` هەژارانە وەک وتاری ئۆپۆزیسیۆنبوونیان بەکاردێنن.
پارتی و یەکێتی نەک تەنیا بەرپرسیارن لە بێکاری و هەژاریی، بەڵکوو بەرپرسن لە کۆچی گەنجان بەرەو هەندەران وەک چۆن هەزارها لە سنووری بێلەڕووسیا و پۆلۆنیا گیریان خواردووە. هەروەها پێشێلکردنی مافی ژنان و مافە جێندەرییەکان بەشێکی تری شێوازی حکومکردنی ئەم دوو حیزبەیە.
ڕۆجەر لەم ڕاپۆڕتە کوورتیدا جەختدەکاتە سەر وشەی dysfunction کە مانای خەلەل، تێکچوون، خراپ بوون، شکان و بێکەڵک بوون دەگەیەنێت. ئەم وشەیەی لە سەرەتای ڕاپۆڕتەکەی وەک تێزێک داناوە و پاشان وتارەکەی سەلماندنی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی جووت حیزب، چیتر بەکارنایەت، بێکەڵکە، خەلەلی تێکەوتووە. بەڕای ئەو تێکچوونی ئەم سیستەمەی لەم ڕستەیەدا کوورت کردۆتەوە بەوەی دەڵێت؛ “ تێکچوونی هەرێم دەرئەنجامی خودپەرستی و خودبەرژەوەندی سەرکردەکانێتی“.
سەرکردەکانی ئەم هەرێمە لە هەولێرەوە هەمیشە بۆ خۆنمایشکردن پێشوازی لە نوێنەرانی خۆراوا و ئەمریکا دەکەن، بەڵام لە جەوهەردا هیچ بەهایەکی جیهانی و خۆراوایی و جەوهەریی پەیڕەو ناکەن. بەمانای سەرکردەکانی حکومەتی هەرێم ئەم پەیوەندیانە بە جیدی وەرناگرن.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەسەڵاتی هەیە بەسەر حکومەتی هەرێمدا بەڵام نەیویستووە ڕاستەوخۆ ئەم دەسەڵاتە فەرزبکات. بۆ نموونە ئەمریکا پشتگیرییەکی باشیان لە هێزی پێشمەرگە کردووە، بەڵام دەسەڵاتدارن لاولاوە خەریکی گەندەڵین!
لە کۆتاییدا `ونترپ ڕۆجەر` دووبارە جەختدەکاتەوە لە چەوساندنەوەی ژنان و تەنگبەری ئازادی ڕادەربڕین و زیندانکردنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوان. بەڕای ئەو گەر ئەم دۆخە وەها بڕوات ئەوا ئەم هەرێمە تووشی ئاژاوە و دابەشبوون و ڕووخان دەبێت.
هیوادارم خوێنەری ئەم خاڵانەی سەرەوە لۆجیکانە لەم ڕاپۆڕتە بڕوانن، کە بێگومان هیچی نوێی تێدا نییە بۆ ئێمەی کورد و زانیاریەکانی پێشتر گوتراون. وەک گووتم؛ منداڵێکی هەژاری کورد دەیزانێت. بەڵام خوێنەران خۆیان سەرپشک بن لە وەڵامدانەوە و هەڵسەنگاندنی ئەم وتارەی ڕۆجەڕ.
سەرچاوە: Winthrop Rodgers، Iraqi Kurdistan’s House of Cards Is Collapsing، foreign policy، MARCH 22، 2023
https://foreignpolicy.com/author/winthrop-rodgers.[1]