ئیمپڕاتۆریی عوسمانی کە لەسەدەی نۆزدەدا، بە پیاوە نەخۆشەکەی ئەورووپا ناسرابوو، پاش شەڕی جیهانی و شکستی ئیمپڕاتۆرییەکانی عوسمانی، ئەڵمانیا، ئوتریش (نەمسا) و پڕۆس، لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانەوە پلانی بۆ دانرا و لە چەند ڕێککەوتننامە و پەیمانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا، هێزەکانی هاوپەیمان ویستیان ئەو پیاوە نەخۆشە کە جوگرافیایەکی بەرینی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتبووەوە، لە کۆڵ خۆیان بکەنەوە و پلانێکی نوێ بۆ لەناوبردنی هێزێکی وا زەبەلاح دابڕێژن، کە هەم ناوچە ستراتیژی و گرینگەکانی لە دەست دەربێنن و هەم کانگە دەوڵەمەندەکانی وزە بکەوێتە ئەو شوێن و وڵاتە نوێیانەوە، کە بۆخۆیان پلانیان بۆی هەبوو.
یەکێک لەو ڕێککەوتنامانەی پەیوەندیی بەو دابەشکارییە نوێیەی هاوپەیمانان لە ئاستی جیهاندا هەبوو، دابەشکردنی ئیمپڕاتۆریی عوسمانی بە پێی پەیماننامەی سیڤەرە.
لە کوردستاندا، بەهەڵە لەلایەن زۆر کەسەوە وا باس کراوە کە ئەو پەیماننامەیە تایبەت بە کورد بووە. بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە ئەو پەیماننامەیە، ڕێککەوتنێک بوو کە لەنێوان ئیمپڕاتۆریی عوسمانی و ڕووسیا و بریتانیا و فەڕەنسا واژۆ کرا و بەو شێوەیە بە فەرمی وڵاتانی هاوپەیمان لایەنێکی گەورەی شەڕی جیهانی، کە عوسمانیی تێکشکاو بوو پێمل بە ویستەکانی خۆیان دەکەن.
ئەو پەیماننامەیە لە دەی ئووتی ساڵی 1920ی زایینی واژۆ کرا.
لەو سەردەمەدا عوسمانی لەلایەن سوڵتان محەمەدی شەشەمەوە بەڕێوە دەبرا و واژۆی ئەو پەیماننامەیە بووە هۆی سەرهەڵدانی نەتەوەپەرستانی تورک و دەرکەوتنی ناسیۆنالیزمی توندئاژۆی تورک لە عوسمانیی دابەشکراو.
لە لایەکی دیکەوە کوردیش دەستی بە جموجۆڵ کرد و چەندین شۆڕشی بە هێزی کوردی لەو سەردەمەدا و بەر لەویش لە چوارچێوەی ئیمپڕاتۆری عوسمانی و لە سەردەمی سەرەتای دەسەڵاتی تورکەکاندا هاتە ئاراوە. بە هەمان شێوە لە خوارووی کوردستانیش وەکی پێش تر باس کرا، هێندێک شۆڕشی بە هێز وەک شۆڕشی شێخ مەحموود هاتە ئاراوە. پێشتریش سمایل ئاغای سمکۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەدەرەوەی جوگرافیای عوسمانی، شۆڕشێکی گەورەی ڕێک خستبوو کە پەل و پۆی هاویشتبووە ناوچە کوردستانییەکانی ناو ئیمپڕاتۆریی عوسمانییەوە.
کۆی ئەوانە ئەگەر بخەینە پاڵ یەک، تێدەگەین کە لایەنی براوەی شەڕی جیهانی، لە کاتی داڕشتنەوەی نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، نەدەکرا گوێی خۆیان نە لە تورکە توندئاژۆکان و نە لە کوردە مافخوازەکان بخەوێنن. بۆیەش هاوکات ئەو دوو نەتەوەیە بەو دوو وەسفە ناو دێنم، چون لە هەموو شۆڕشە کوردییەکانی ئەو سەردەمدا و تەنانەت لە شۆڕشەکانی دواتریشدا، کورد جودا لە مافی خۆی شتێکی دیکەی نەخستووەتە ڕوو و هێرشی نەکردووەتە سەر شوناسی هیچ نەتەوەیەکی دیکە و ئاڕاستەیەکی ئینسانیی مافخوازانەی بووە، کەچی هەر لەو سەردەمدا، تورکەکان و ناسیۆنالیزمی ساوای تورک، ڕەگ و ڕیشەیەکی ڕەگەزپەرستانەی بەخۆوە گرت و تا ئێستاش کە سەدەی بیست و یەکەمە، ئەو ئاڕاستەیە هەر دەوامەی هەیە و شێوەی ڕووبەڕووبوونەوەی تورکەکان لە سەدەی ڕابردوو لەگەڵ کورد و ئەرمەنەییەکان ئەو ڕاستییە دەسەلمێنێ.
بەڵام ئەگەر بگەڕێینەوە سەر ڕێککەوتننامەی #سیڤەر# ، کە پەیوەندیی بە داهاتوو و چارەنووسی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەر چوار نەتەوەی کورد و عەرەب و تورک و ئەرمەنەوە هەبوو، دەتوانین بڵێین لە خاڵەکانی ئەو ڕێکەوتنامەیە، هەموو ئەو بابەتانەی ئاماژە بە ویست و خواستی تورک و ئەرمەن و عەرەبەوە هەیە جێبەجی کرا و تەنیا کورد بە هیچ کام لەو ئیمتیازانەی بڕیاڕ بوو پێی بدرێ نەگەیشت.
پەیمانەنامەی سیڤەر لە حەوت خاڵدا خراوەتە ڕوو کە بریتین لە:
هەموو وڵاتە عەرەبەکانی پانتای جوگرافیایی عوسمانی، دەبێ لەو وڵاتە جودا بکرێنەوە.
سەربەخۆییی پاشایەتیی حیجاز بە فەرمی دەبێ بناسرێ.
ئیتالیا لە باشووری ڕۆژاوای ئاسیای بچووک دەستی بە هەرێمک ڕابگا، دوورگەکانی دودکانس و ڕوودووس لە دەریای ئێژە وەبەر ئیتالیا کەوت و باقی دووررگەکانی دەریای ئێژە دران بە یۆنان.
ناوچە تورکەکانی ڕۆژهەڵات و دەوروبەری ئیزمیر دران بە یۆنان.
گەرووی بۆسفۆڕ و دادرانێل نێو نەتەوەیی کران و ئاقارەکانی دەوروپشتی ئەو دوو گەرووە ئاوییە لە چەک داماڵدران.
کۆمارێکی سەربەخۆی ئەرمەنی لە ناوچەی ئاناتۆلی ڕۆژهەڵات دامەزرا.
ناوچە کوردنشینەکانی باکووری مووسڵ، بە شەرتی وەرگرتنی خودموختاری لە چوارچێوەی قەلەمڕەوەی ئیمپراتووریدا مانەوە و مافی ئەوانیش بۆ وەرگرتنی سەربەخۆیی درایە کۆمەڵگەی نەتەوەکان تا لە ساڵێکدا ئەو مافە بە فەرمی بناسێ.
وەک دەبینین لەو حەوت خاڵەی لەسەرەوە باسی کراوە، پێنجیان پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە چارەنووسی گەلانی ناوچەکەوە هەیە. تورکەکان هەر لەو جوگرافیایەدا دەمێننەوە و کۆمارێکی تورکی پێک دێنن و مافی گەلانی دیکە دەخەنە ژێر پێ. عەرەبەکان چەند وڵاتی سەربەخۆیان بۆ پێک دەهێنرێ و هەر کام لەو وڵاتانە دەبنە ئەندامی کۆمەڵگەی نێو نەتەوەیی. ئەرمەنییەکان دەبنە خاوەن کۆماری سەربەخۆی خۆیان و گەرووەکانی بۆسفۆڕ و دادرانێلیش بۆ هاتوچۆ و کاروباری گەیاندنی وزە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، وەک ناوچەی نێونەتەوەیی دەست نیشان دەکرێن. تاقمێک لە وڵاتانی ڕۆژائاوییش هەر کام بەشێک لە هەرێمەکانی قەراغ دەریا و دوورگەکانیان پێ دەبڕدرێ. ئەوەی دەمێنێتەوە زۆرینەیەکی کوردە لە کوردستانی ژێردەسەڵاتی عوسمانیدا، کە ژماریان لە زۆربەی وڵاتە عەرەبییەکان زیاترە و چەند بەرابەری کۆماری سەربەخۆی ئەرمەنییان حەشیمەت هەیە و خاکەکەشیان بە چوار قات زیاتر لە وڵاتی ئەرمەنستانە.
دیارە سەرپەرستی ناوچەی کوردستانی عوسمانی دەسپێردرێتە وڵاتی فەڕەنسا و دواتریش وەک دەبینین لە پەیمانەکانی دیکەدا ئەو خاڵەی باسی مافی کوردە پشتگوێ دەخرێ و لەو کاتەوە تا ئێستا ئەو مافە بوویتە مایەی کێشە و مشتومڕی وڵاتانی ناوچە و کوشتاری خەڵکی کوردستان.
ئەگەر بەشێکی زۆری هۆکارەکانی سەرنەگرتنی پێکهاتنی وڵاتی سەربەخۆ بۆ کوردان بگەڕێتەوە بۆ گرینگیی ویلایەتی موسڵ بە سێ ناوچە و پارێزگای مووسڵ و کەرکووک و سلێمانییەوە، کە دوانیان کانگای وزە بوون و وڵاتانی وەک بریتانیا و فەڕەنسا و ڕووسیا هەر کام زیاتر لەوەی پابەندی بەندەکانی پەیماننامەی خۆیان بن، پابەندی بەرژەوەندیی خۆیان بوون و کورد و مافەکانی کوردیان کردە قوربانی، بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ پەرتەوازەییی هێزەکانی کورد لەو سەردەمدا.
نەبوونی یەکگرتوویی و ڕێبەرایەتیی یەکدەنگ و سەرهەڵدانی شۆڕشی نایەکگرتوو لە ناوچە جیاوازەکان و پۆلێن نەکرانی مافەکانی کورد لەلایەن ڕێبەرایەتیی کوردەوە، خۆی یەکێک لەو هۆکارانەی دیکەیە کە دەکرێ باسی بکرێ و وەک لایەک لە کێشەکان دەستنیشان بکرێ، کە تا ئێستاش نەیهێشتووە خەونی سیڤەر بۆ کورد وەدی بێ.[1]