لۆزانی دووەم.. کورد بوو بە قوربانی سیاسیەتی وڵاتانی ناتۆ
#12-07-2023#
لە کۆتاییدا دەرکەوت هەموو ڕێگرییەکانی دەوڵەتى بۆ ئەندامبوونی سوید لە هاوپەیمانى ناتۆ پەیوەندیداربووە بە پرسی کوردەوە و لەبەرانبەر ڕازی بوونیدا بە ئەندامێتی سوید، ناتۆ بە بەشێک لە داواکارییەکانی دەوڵەتى داگیرکەری تورک دژ بە کورد ڕازی بووە، کۆتا کۆبوونەوەی ناتۆش کە بە ئاشکرا پشتیووانی بۆ دەوڵەتى تورک پێوە دیارە دژ بە کورد، بە لۆزانی دووەم نادەبڕێت.
دەوڵەتى داگیرکەری تورک لە ئەندامبوونییەوە لە ناتۆ تا ئێستا، هەموو هەوڵێکی داوە بۆ بەکارهێنانی ناتۆ دژ بە کورد، بە کەڵک وەرگرتن لە ئەندامێتی ناتۆ زیندانەکانی تورکیا لە کەسایەتی و چالاکوانان و کەسانی ئازادیخوازی کورد پڕکراوە، هەرکات پەیوەندی نێوان تورکیا و ناتۆ ئاسایی و توندوتۆڵ بوبێت، ئەوا کورد ڕووبەڕووی هێرشی خوێناوی و پاکتاوکردن بووەتەوە.
$ڕۆژی 4ی نیسانی ساڵی 1949 واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆکرا و دامەزراوە$
هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی- ناتۆ، بەپێی پەیماننامەی ئەتڵەسی کە بە پەیماننامەی واشنتۆن ناسراوە و ڕۆژی 4ی نیسانی ساڵی 1949 واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆکرا و دامەزراوە.
ئامانج لە دامەزراندنی هاوپەیمانییەتی باکووری ئەتڵەسی وەک وەڵامێک بۆ بەهێزبوونی هێزی سەربازی یەکێتی سۆڤیەت ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا درووست بوو، چوونکە وڵاتانی ئەوروپا کە لەدەرەوەی یەکێتییەکە بوون، هەستیان بە مەترسی هێرشی یەکێتی سۆڤیەت کردبوو، بۆیە بەپێویستیان زانی لەگەڵ ئەمریکا یەک بگرن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییە.
بارەگای سەرەکی هاوپەیمانی باکووری ئەتڵەسی لە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکایە، ئەندامە سەرەتاییەکانی بریتی بوون لە بەلجیکا، کەنەدا، دانیمارک، فەرەنسا، ئایسلەندا، ئیتاڵیا، لۆکسمبۆرگ، هۆڵەندا، نەرویج، پورتوگال، بەریتانیا و ئەمریکا.
$بە ئەندام بوونی سوید ژمارەی ئەندامانی ناتۆ بوون بە 31 وڵات$
پاشان یۆنان، تورکیا، ئەڵمانیا، ئیسپانیا، کۆماری چیک، هەنگاریا، پۆڵەندا، بولگاریا، ئیستۆنیا، لاتڤیا، لیتوانیا، ڕۆمانیا، سلۆڤاکیا ، سلۆڤینیا، ئەلبانیا، کرواتیا، مۆنتینیگرۆ، مەقدۆنیای باکوور و بوون، بە ئەندامی ناتۆ و ئەمساڵیش فینلاند بوو بە ئەندام، ئێستا بە گشتی 30 وڵات ئەندامی ئەو ڕێکخراوەن و سویدیش بۆ ئەندامێتی قبووڵکراوە و بەوەش ژمارەی ئەو وڵاتانەی ئەندامی ناتۆن دەبێت بە 31 وڵات.
ئامانجی ئاشکرای هاوپەیمانییەتییەکە کارکردنە بۆ پاراستنی ئازادی و ئاساییشی ئەندامانی لە ڕێگە سیاسی و سەربازیەکانەوە، لە ڕێگەی سیاسیەوە خۆی لە پشتیووانی بنەماکانی دیموکراتییەت و هاندانی گفتوگۆ و هاوکاری لەپرسی بەرگری و درووستکردنی متمانە و ڕێگری لەئاڵۆزیی درێژخایەن دەبینێتەوە.
هەروەها مەبەست لە ڕێگا سەربازیەکان، تواناکانی هاوپەیمانییەتییەکەیە لە بواری سەربازی بۆ ئەوەی بتوانێت قەیرانەکان تێپەڕێنێت ئەوەش بەپێی مادەی پێنج لە پەیماننامەی واشنتۆن، یان بە ڕاسپاردنی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەتەنیا یان بە هاوکاری وڵاتان و ڕێکخراوەکانی دیکە ئەگەر هەوڵە دیبلۆماسییەکان شکستیان هێنا.
مەرجی وەرگرتن لەهاوپەیمانییەتییەکە ئەوەیە هەر وڵاتێکی یەکێتی ئەوروپا پشتیووانی بنەماکانی هاوپەیمانییەتییەکە بکات و بەشداربێت لەبەهێزکردنی ئاساییشی ناوچەی باکووری ئەتڵەسی، لەئێستادا 30 وڵات ئەندامی ناتۆن.
دەوڵەتى تورک کە 71 ساڵە ئەندامی ناتۆیە، سیاسەت لەسەر ئەندامانی ناتۆدەکات و پێوانەی بنەماکانی ناتۆ کاری کردووە، لە هەندێک قۆناغدا و بەتایبەت لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەردۆغاندا، سیاسەتی تورک بەشێوەیەک بنەماکانی ناتۆی پێشێلکرد، ئەمریکا ڕەتیکردەوە فڕۆکەی ئێف 16 بدات بە تورکیا، لەبەرئەوەی تورک سیستەمی بەرگریی ئێس 400ی لە ڕووسیا کڕیبوو.
لە سەروبەندی هاتنی داعشدا، ئەردۆغان پێچەوانەی سیاسەتی ناتۆ کاری کرد، لە سووریا و ئێراق پشتیووانی ڕاستەوخۆی داعش و سەلەفییەکانی کرد، لەکاتێکدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا لە جەنگێکی قوورسدا بوو دژ بە داعش.
لە ساڵی 2016ەوە، پەیوەندییەکانی دەوڵەتى تورک لەگەڵ ڕووسیا چووە قۆناغێکی نوێوە، ئەوەش دەرچوون بوو لە سیاسەتی ناتۆ، لەبەرئەوەی خودی ناتۆ دژ بە هەژموونی ڕووسیا درووست بووە، بەڵام ئەردۆغان لە بەرەی دژ بە ڕووسیاوە خۆی کرد بە نێوەندگیر و تاڕادەیەکیش ڕووسیا و ئەمریکا ویستیان کەڵک لەو سیاسەتەی ئەردۆغان وەربگرن، بەڵام داخوازییەکانی ڕووسیاو ئەمریکا پێەوانەی یەکتری بوون.
لە ساڵی 2004ەوە، دەوڵەتى تورک دەیەوێت لە دەریای سپی سنووری خۆی فراوان بکات و لە ساڵی 2013ەوە بە ئاشکرا و بە پشتیووانی ڕووسیا هەوڵدەدات خواستەکانی بۆ داگیرکردنی بەشێک لە سنووری یۆنان لە دەریای سپی بەدیبێنێت.
دەوڵەتى داگیرکەری تورک تا ڕووخاندنی یەکێتی سۆڤیەت وەک قەڵغانی بەرگری ناتۆ ناودەبرا، لە ساڵی 1991ەوە ناتۆ پێویستی بەو قەڵغانە نەما، لە ئێستادا ئەمریکا، یۆنانی کردووە بە قەڵغانی پارستنی ناتۆ و دژ بە فراوانخوازییەکانی دەوڵەتى تورک وەستاوەتەوە، هەروەها داگیرکردنی سنووری وڵاتێکی ئەندامی ناتۆ لەلایەن وڵاتێکی تری ئەندامی ناتۆوە پێچەوانەی بنەماکانی ناتۆیە.
هەرچەندە، ناتۆ لە هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتى تورک دا هاوکاریی بووە، بەڵام لە شەڕی چەتەکانی داعشدا و بە تایبەت شکستهێنانی داعش لەسەر دەستی کورد، ناتۆ سیاسەتی خۆی بەرانبەر بە کورد گۆڕی، جگە لە هاوکارییە سەربازییەکانیان، کورد بەشێکی گرنگە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش.
دەوڵەتى تورک نیگەرانە لەو سیاسەتەی ناتۆ و داوای بەردەوامی لە ناتۆ ئەوەیە وەک ساڵی 80 کان و 90 کان، لە شەڕی دژ بە کوردا پشتیوان و هاوکاری بێت، هەر بۆیە ساڵێکە دژ بە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ وەستاوەتەوەو مەبەستێتی ناتۆ ڕازی بکات لە شەڕی دژ بە کورد دا بەشداری کارای پێ بکات و تەنیا لە چوارچێوەى پشتیوانى نەمێنێتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا، دەوڵەتى تورک جەختی کردووەتەوە لەوەی یەپەگە و قەسەدە لەلایەن ناتۆوە بخرێنە لیسی تیرۆرەوە و هاوکارییەکانیان بۆ ڕۆژاوای کوردستان ڕاگرن، هەروەها هاوکاری بکەن لە هێرشکردن سەر ڕۆژاوا، بەڵام زۆربەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ ڕەتیان کردووەتەوە بچنە ژێر باری داواکارییەکانی دەوڵەتى تورک.
لە کۆتاییدا دەوڵەتى تورک بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ ڕازی بوو، لە دوا ڕاگەیەنراوی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ناتۆیشدا دەردەکەوێت، کە لاری بوونی دەوڵەتى تورک لە ئەندامبوونی ناتۆ، بۆ ناچارکردنی ناتۆبووە بە داواکارییەکانی دەوڵەتى تورک لەبارەی کوردەوە.
ئەندامانی ناتۆ لەبەرانبەر ڕازیبوونی تورکیا بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ بە بەشێک لە داواکارییەکانی تورکیا ڕازیبوون بۆ شەڕی دژ بە کورد، هەروەها فرۆشتنی فڕۆکەی ئێف 16 بە دەوڵەتى تورک و ئاڵوگۆڕی هەواڵگریی، جگە لەوەش ڕێگە بە تورکیا دەدرێت هێرشەکانی بەدەوام بێت بۆ سەر ڕۆژاوای کوردستان و بەردەوامیدان بە هێرشەکانی بۆ سەر باشووری کوردستان.
کۆبوونەوەی ناتۆ پەیوەستبووە بە ئەندامێتی سوید لە ناتۆ و پرسی کورد، چاودێرانی سیاسی ئەو کۆبوونەوەیە بە لۆزانی دووەم دژ بە کورد ناودەبەن و ڕەنگە کاریگەرییەکانی لە ئاییندەدا بە خراپ لەسەر کورد دەربکەوێت.[1]