هیچ ناڕەحەتی و نیشانەیەک نییە کە پیشانی بدا ئاستی چەوری خوێن بەرزبوەتەوە، بەڵام ئەگەر ئاستی چەوری خوێن زۆر بەرزبێتەوە، ئەوا دیواری بۆریچکە خوێنییەکان تووشی ڕەقبوون دەکات و بۆشاییەکەی تەسک دەکاتەوە، بەمەش ڕێڕەوی خوێن بەو بۆریچکە خوێنیە کەمدەبێتەوە، وە لەوانەیە بە تەواوی بوەستێ، دکتۆر داهات حەوێزی، پزیشکی پسپۆری هەناوی و شەکرە مەترسییەکانی بەرزبوونەوەی چەوری خوێنی بڵاوکردووەتەوە.
ئەگەر خوێنبەری قاچ تووشی ڕەقبوون و گیران بێت، کەسەکە تووشی ئازاری قاچی دەبێت، بەتایبەتیی لەکاتی ڕۆیشتن و ڕاکردن، ئەگەر لە پڕ خوێنبەرەکە بگیرێ، خوێن بەرەو ئەو قاچە ناچێ و دور نییە پێویستی بە بڕینەوە بێت.
ئەگەر ئەم تەسکبوونەوە و گیرانە لە خوێنبەری مێشک بێت، کەسەکە تووشی جەڵتەی مێشک دەکات.
لە دڵدا، کاتێک یەکێک لە خوێنبەرە تاجیەکانی دڵ تووشی ڕەقبوون و تەسک بوونەوە دەبێت و ڕۆیشتنی خوێن کەمدەبێتەوە، کەسەکە زووزوو ئازاری سەر سنگ و هەناسەتەنگی بۆ دێت (زەبحەی دڵ)، خۆ ئەگەر خوێنبەرەکە بە تەواوی بگیرێت، ئەوا ئەو بەشەی دڵ کە خوێنی لەو خوێنبەرەوە بۆ دێت، دەمرێت و جەڵتەی دڵ پەیدادەبێت.
بەرزبوونەوەی چەوری سیانی (چەوری سەر جگەر) مەترسی هەیە بۆ گیرانی خوێنبەرە تاجیەکانی دڵ و جەڵتەی دڵ و بەمۆمبوونی جگەر و هەوکردنی پەنکریاس.
هەندێ نیشانەی دەگمەن هەیە بۆ بەرزبوونەوەی چەوری خوێن وەکوو گرێی چەوری ژێر پێست و چەوری زیادەی سەر جومگەکان و پەڵەی زەردی سەر پێڵوی چاو. [1]