ناوی هۆنراوە: کتێبی کۆچ
نووسەر: #حەمە ئەحمەد جاف#
لە سەمای مەرگی ئێوەدا...
کتێبی کۆچيک ئەخوێنمەوە
کۆچی مێژووی نیشتمانێک
ڕۆچۆتە هزر و خوێنمەوە
***
عومری عشق و خەندەی لێوتم
بە فرمێسکی چاو سپاردووە
نوسخەیەک لە (کتێبی کۆچ)تم
بۆ ئەرشیفی ئاو ناردووە
****
کتێبێک پڕ لە ئەشکی ئێوە و...
سەمای مەرگ و ماڵئاوایی
کۆچی تراژیدی بەهار و...
لایلایەی دایکی ئاوایی
****
کتێبێک لە ڕەشبەڵەکی ئاو
شەڕی شەپۆل و ڕەشەبا
لە بەلەمێکدا ڕێ ئەکەم
نازانم بەرەو کوێم ئەبا؟
****
ڕەوتی لەرزۆکی کەشتییەک
لە پێچی باو گێژەنی ئاو
لە کەناری دابڕانەوە...
هەرئەڕوا و ناگاتە هەتاو
****
لەگەڵ ڕەوتی کۆچتا.. ئەسرین
بەسەر تەوێڵما دائەکەی!
تۆ لە ئامێزما گەورەبووی،
بۆ لە سێبەرم ڕائەکەی؟
****
وەرەو ئێستا لە خەڵوەتی
خەمی خاک و خوێن مەترسە
هەواڵی مەرگی (ئایلان) و،
کەنار لە (ئیجە) بپرسە!
****
وەرەو بەسەر فەرشی سووری
یەختی دەریای دڵما بڕۆ
چیتر. مەکولێنەوە زامی
نیشتمانی ئازار و سۆ!؟
****
تووڕەیی شەپۆلی ئیجە و...
کتێبی کۆچی کەشتی خنکاو
هەواڵی شەوانی کەنار...
نادەنە دەست پەیکی هەتاو
****
خەون و خۆزگە و ئاواتی تۆ
لەگەڵ ئەشکا سەرهەڵئەگرن
گەر ئیجەش نەیانخنکێنێ..
لە گۆشەی غوربەتا ئەمرن!
****
چوارفەسڵە، باخت پڕگوڵە
سەیرە گوڵی وێت پێ جوانە!
پێشینان ڕاستییان فەرمووە:
گوڵ و گڵی دوور دەرمانە!
****
کانی وجۆگە و بەراوی خۆت
مەدە دەریای شەرابی وی!
بەسەر شەپۆلی ئیجەدا...
مەکەوە دوای سەرابی وی!؟
****
بێمروەت مەبە لە ئاستی
نیشتمانی شام شەکری دڵ
ئاسوودەمەبە. بەوەرزی،..
وەرینی گەڵا و مەرگی گوڵ
****
ڕەوتی لەرزۆکی کەشتییەک
لە پێچی باو گێژەنی ئاو
لە کەناری دابڕانەوە...
هەر ئەڕوا و ناگاتە هەتاو
****
بەسەر پشتی شەپۆلەوە
هاتین تا ئاو بخنکێنین!
لە وڵاتی سێبەرەوە...
هاتین تا هەتاو بچێنین!
***
کانوونی دووەمی 2016
هەولێر
ئەم شيعرە لە رۆژنامەى هەولێر ڕۆژی #11-02-2016# بڵاوکراوەتەوه [1]
=KTML_Bold=ئەم بابەتە بە ڕینووسی سەرچاوەی ئاماژەپێکراو نووسراوە کوردیپێدیا بەهیچ شێوازێک دەستکاری نەکردووە=KTML_End=
Este artículo ha sido escrito en (کوردیی ناوەڕاست) Lenguaje, haga clic en el icono de
para abrir el artículo en el idioma original!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Este artículo ha sido visitado veces 245
Escriba su comentario sobre este artículo!