#ئێستا کچێک نیشتمانمە#
من ئیستا نیشتمانی خۆم دۆزیوەتەوە
نیشتمانی تازەی من کچێکە لە نیشتمانە پیر و
عەبوسەکەی
ئێوە ناچێت. بۆ ئاو ئەڵێن ڕوونترین ئاو
لە چاوەکانی ئەودایە. بۆ درەخت و بۆ گیا و گوڵ و
زنویر ئەڵێن هەمووی لە جەستە و لە باڵاو لە شان و
مل و گەردن و نێوان مەمانی ئەودایە. من ئیتر
نامەوێ لەو نیشتمانە بێ خەونەی ئێوەدا بژیم. من ئەمەوێ
بچمە ناو گەردوونی ڕەنگاڵەیی ئەو کچەوە. ئەو سیحرەوە،
لەوێدا خەو ببینم. لەناو ئەودا شیعر بنووسم.
لەناو ئەودا بخوێنمەوە و هەر لەناو ئەویشدا پیاسە بە
کەنارەکانی دڵنیاییدا بکەم. لەودا پاڵ بکەوم و چاو ببڕمە
بارینی بەفر و پەپوولە پێکەوە. دەست لە
خۆشەویستیی بدەم و
بۆنی بکەم. ئەمەوێ بچمە ناو قۆزاخەی ئاشتییەوە
لەوێدا بژیم و بمرم.
بێزار بێزار بێزار بووم. لەو هەموو تیغەی
سەربڕین.
لەو هەموو ڕەشەبای ڕقە. لەو هەموو دارستانی
تۆڵەیە. بێزارم بێزار لەو هەموو حیکایەتە ژەنگ
گرتووانەی کە هەر لە منداڵییەوە گوێیان
تەفرەدام.
چاویان لێ دزیم و
هەستیان بە سڕبوون سپاردم!
#شێرکۆ بێکەس# [1]
=KTML_Bold=تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە.=KTML_End=