بازی کورد بناغەدانەری دەسەڵاتی مەڕوانییەکان
لە ساڵەکانی 983 تا 1085ی زایینیدا لە سنوورەکانی ئەرمەنستانەوە بەرەوە مێزۆپۆتامیا، دەسەڵاتێکی کوردی دەردەکەوێ کە لە مێژوودا بە مەڕوانییەکان نێودێر کراون. بناغەدانەری ئەو دەسەڵاتە سەرۆک عێلێکی کورد بە نێوی ئەبوو عەبدوڵڵای حسێن کوڕی دۆستەک ناسراو بە بازی کورد بوو کە بەوتەی ئێبنی ئەسیر شوێنی لە دایکبوونی شاخەکانی باحەسمێی لای ناوچەی حەیزانی #ئامەد# بوو. باز پیاوێکی شارەزا و لێهاتوو و بەخشندە و لە کوردانی حەمیدییە و سەرۆک هۆزی حەمیدییە بووە.
ئەبوو عەبدوڵڵا حسێنی کوڕی دۆستەک، لاوازبوونی دەسەڵاتی ئالی بوویەی کردە دەرفەتێک بۆ دەرکەوتن و سەرەڕای ئەوەی بۆخۆی هەندێک قەڵای بەدەستەوە بوون، هێرشی کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئالی بوویە و ئامەد و پاشان میافارێقینی داگیر کرد و پاش وە دەست هێنانی ناوچەکانی نووسەیبین و جزیرە، بەرەو باشووری مێزۆپۆتامیا داگەڕا. لە نیزیک موسڵ، باز و پەنا خوسرەو عێزۆددەولەی دەیلەمی، میری بەهێزی ئالی بوویە کە ئەودەم لە دواساڵەکانی دەسەڵاتی خۆیدا بوو، یەکتر دەبینن و بە وتەی مێژوو، میری دەیلەمی بە دیتنی باز سام دەیگرێ و هەوڵی کوشتنی دەدا بەڵام بۆی ناگونجێت. ئەو جارە باز لە ئاژاوەی پاش مەرگی (عێزۆددەولە) میری بە ناوبانگی ئالی بوویە کەڵک وەردەگرێ و تەنانەت موسڵ دەگرێ و مەترسی دەخاتە سەر بەغداش کە ئەوکات شوێنی نیشتەجێبوونی خەلیفەی عەباسی بوو.
ئالی بوویە کە ترسێکی زۆریان ڕێ نیشتبوو، دیسان هەوڵ دەدەن کە پێش بە سەرکەوتنەکانی باز بگرن و ئەوجار سەمسامۆد دەولەی دەیلەمی سپایەک بە سەرکردایەتیی بەهرامی کوڕی ئەردەشێر دەنێرێتە سەر مەڕوانییان کە بەتەواوی شکست دێنن. ئەوجار سەمسامۆددەولە دیسان سوپایەکی تر بەسەرکردایەتیی ئەبولقاسم سەعدی حاجێب بۆ بەربەرەکانی لەگەڵ باز دەنێرن کە ئەویش هەر سەرکەوتوو نابێت و لە هەمبەر دەسەڵاتی کوردیدا هیچی بۆ دەستەبەر نابێ.
ئەبولقاسم سەعدی حاجێب توانیبووی مووسڵ بگرێت کە پێشتر بە دەس بازەوە بوو، بەڵام خەڵکی موسڵ بەوە ناڕازی بوون و داوای حوکمەتی مەڕوانییان کردەوە و ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەی باز دیسان لە گرتنەوەی موسڵدا سەرکەوتوو بێ.
ئەو سەرکەوتنە یەک لە دوای یەکانەی ئەبوو عەبدوڵڵا حسێنی کوڕی دۆستەک لە هەمبەر ئالی بوویەدا، بوو بەهۆی ئەوەی خەلیفەی عەباسی نازناوی بازی کوردی پێ ببەخشێ؛ بە پێی مێژوو ئەوە دووەم جار بوو کە دەسەڵاتی ئایینیی عەباسی، نازناوی بازی بە دەسەڵاتدارانی هاوچەرخی خۆی دەبەخشی و جاری یەکەم ئەو نازناوە بەخشرا بە عەبدولڕەحمانی ئومەوی کە لە هەمبەر هێرشی نەیارانیدا بە تەنیا و بە مەلە لە چەم پەڕییەوە و پاشان بە باکووری ئەفریقادا خۆی گەیاندە باشووری ئەوروپا و دەسەڵاتی ئۆمەوییانی ئەندەلۆسی لەوێ دامەزراند.
پاش داگیر کردنی موسڵ، بازی کورد تاجی پاشایەتی دەنێتە سەر و سکە بە نێوی خۆی لێدەدا.
ئیبنی ئەرزەق نووسەری پەرتووکی مێژووی میافارێقین، ئاماژە بەوە دەکات کە باز، یەکەم پادشای کورد بووە. لە سێیەم شەڕی نێوان باز و سەمسامۆددەولەدا ئەوجار سەمسام بە دوو سوپاوە هەڵمەتی کردە سەر موڵکی باز و دەسەڵاتی حەمدانییەکانیشی بە دژی مەڕوانییەکان هان دا و ئەوجارەیان باز شکستی هێنا و بەرەو ئامەد پاشەکشەی کرد. ماوەیەک دواتر باز داوای ئاشتیی لەگەڵ ئالی بوویە کرد. ئەوە لە کاتێکدا بوو کە ئالی بوویە بە هیوا بوو لە پیلانێکدا سەری باز بەگۆمدا بکات، کەچی پیلانەکەیان سەرکەوتوو نەبوو و ناچار دانیان بە دەسەڵاتی بازدا هێنا.
دەسەڵاتداریی باز ئەو جارەشیان لەلایەن حەمدانییەکانەوە دەکەوێتە مەترسییەوە و حەمدانییەکان بە وەرگرتنی یارمەتیی لە عەرەبەکانی عەشیرەتی بەنی عەقیل، هەڵدەکوتنە سەر موسڵ و داوای دەسەڵاتی موسڵ وەک موڵکی میراتی خۆیان دەکەن. هەروەها بەهیواش بوون بێجگە لە سڕینەوەی دەسەڵاتی مەڕوانییەکان لە موسڵ، پێش بە کوردانی بەشنەوی بگرن کە لە ناوچەی موسڵدا خەریک بوون بەهێز دەبوون. لەوشەڕەدا کە لەنێوان مەڕوانییەکان و عەرەبی بەنی عەقیل و حەمدانییەکاندا بوو، باز سەرکەوتوو نابێ و لەلایەن یەکێک لە عەرەبەکانی بەنی عەقیلەوە دەکوژرێ و بکوژەکەی چوارپەلی دەکات و مەیتەکەی دەنێرنە بەغدا و لەوێ لە داری دەدەن؛ بەڵام بەهۆی ناوبانگێکی باش کە بازی وەک کەسێکی بەخشندە و لێهاتوو ناساندبوو، خەڵکی بەغدا لەگەڵ ئەو کارەی دەسەڵاتداری عەرەب دژایەتی دەکەن و سوێی بۆ دادەگرن و پرسە و سەرەخۆشیی بۆ دەگرن، پاشانیش جەستەی لەت و کوتکراوی باز لە دار دەکەنەوە و دەیبەنەوە موسڵ و لەوێ بەڕێزەوە بە خاکی دەسپێرن.
پاش مردنی باز خوشکەزایەکی بە نێوی ئەبوو عەلی حەسەنی مەڕوان لە جێگای ئەو دادەنیشێ و دەسەڵاتەکە پتەوتر و بەهێزتر دەکات و نزیک حەوت ساڵ بەرپرسی دەسەڵاتی مەڕوانییەکان دەبێت. لە پاش ئەویش دوو برای دیکەی ئەبوو عەلی بە ناوەکانی سەعید و پاشان ئەحمەد ناسراو بە نەسروددەوەلە دەبێتە میری دەسەڵاتی مەڕوانییەکان، کە تەمەنی مێژووی دەسەڵاتی نەسروددەولە بە پێی دەیتا مێژووییەکان نزیک 53 ساڵ دەخایەنێ.
دەسەڵاتی مەڕوانییەکان لەلایەن زۆربەی مێژوونووسانی ئەو دەم وەکوو ئیبنی ئەسیر، ئەبوو شوجاعی ڕوزراوەری -کە وەک بەڕێوەبەری بەشی نووسین لە خزمەت ئەلموقتەدا خەلیفەی عەباسیدا بووە-هەروەها ئیبنی خەلدوون و ... باسی لەسەر کراوە و تەنانەت ئیبنی خەلدوون پێی وایە کە مەڕوانییەکان تەنیا دەسەڵاتی غەیرە عەرەبی سنوورەکانی ڕۆژاوای وڵاتی ئیسلامی ئەو سەردەم بوون.
ناسر خوسرەو، شاعیری بەناوبانگی فارس لە درێژایی سەفەرە حەوت ساڵە بە ناوبانگەکەی خۆیدا و لەکاتی دەسەڵاتداریی نەسروددەولەدا بە ئامەددا تێدەپەڕێت و تەنانەت میریش دەبینێ. ناسر خوسرەو لە سەفەرنامەکەدا باسی ئەوە دەکات کە شاری ئامەد ژێر دەسەڵاتی مەڕوانییەکان، لە چاو باقیی شارەکانی وڵاتانی عەرەب و عەجەم و هێند و تورک، یەکجار جیاواز بووە و پێی وایە هیچ شارێک لەو وڵاتانەی دیتوویەتی، لە گوێن ئامەد نابێ؛ هەروەها ناسر خوسرەو ئاماژە بە هەبوونی مزگەوت و کلێسا لەو شارەدا دەکات کە بۆ ئەو کات و لە گێژەنی دەمارگرژیی ئایینی ئیسلام و کریستیانیەکاندا، ئەو خاڵە شاندەری بیری ئازاد و ڕەهای دەسەڵاتی نەسروددەولەی مەروانی و کوردانی شاری ئامەد بووە.
دەسەڵاتی مەڕوانییان پاش نەسروددەولە هێندە ناخایەنێ و تورکانی غۆز کە دواتر دەبنە بناغەدانەری دەسەڵاتی سەلجووقی لە ئێران و ناوچەکانی دەوروبەریدا، هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی مەڕوانییان و بە وتەی ئیبنی ئەرزەق، بۆ یەکەم جار تورکان لە ئامەد دیتران و پاش چەند دەیە شەڕ و هەڵمەت لە دیار بەکر و باقی ناوچەکانی دەسەڵاتی مەڕوانیدا، لە کۆتاییدا سەرکەوتنیان وە دەست هێنا و دەسەڵاتی مەڕوانییەکان تێک ڕووخا.[1]