نەورۆز دەرفەتێک بۆ شکۆی مرۆڤ
جەژنەکان لە ناوەرۆکی خۆیاندا، بە درێژاییی مێژوو واتایەکی دژە ئەهریمەنی دەگوازنەوە بۆ بەرەکانی داهاتوو؛ هەروەها هەمیشە دەرفەتی خوڵقانی نوێ و هیوا لە هزرەکاندا دەئافرێنن و هاندەری مرۆڤن بۆ نواندن و ڕازاندنەوەی ڕاستەقینە شکۆدارەکانی مرۆڤایەتی و پەرەپێدان بە فەنتازیای جیهانی نوێ و پڕ لە داد و هێمن و بەشکۆ کە ئاواتی هەموو مرۆڤێکە.
یەکێک لە بۆنە هەرە گەورە و واتا بەخشەکانی فەرهەنگی خەڵکی کورد، نەورۆز و ڕێوڕەسمی پەیوەندیدار بەو جێژنە دێرینە وەیە. نەورۆز بە بنەمایەکی قوورس و قایم و دەوڵەمەندەوە، تەژی لە نهێنیی کۆمەڵایەتی و ئۆستوورەیی و مێژووییە کە نەک تەنیا هەر لەناو نەتەوەی ئێمەدا، بەڵکوو لەنێو نەتەوەکانی دراوسێشدا، ئاوێتەی هێماگەلێکی یەکجار درەوشاوەیە.
بەڵام زیاترین هێمایەکی هاوبەش لە نەورۆزی دراوسێکاندا، زیاتر دەرفەتی شادمانی و پێکەوەبوون و ڕێزگرتن لە سرووشتە و ڕێوڕەسمەکانیشیان زیاتر هەر ئاماژە بەو واتایانەیە. بۆ وێنە لەنێو خەڵکی ئازەربایجان ڕۆهێشتنی چلچرا لە کولانکەوە و نەورۆزانە بەخشین و نەورۆزانە وەرگرتن و سفرەی نەورۆز ڕاخستن، ئەو ڕێوڕەسمانەن کە لە ڕۆژانی نەورۆزدا بەڕێوەدەچن. خەڵکی تاجیکستان لەوڕۆژانەدا پارچەی سوور لە دەرگا دەبەستن و چێشت و شیرنیی تایبەت درووست دەکەن و سەردانی یەکتر دەکەن؛ دەرگا و پەنجەرە بۆ پێشوازی لە نەورۆز دەکەنەوە و سوورەگوڵ بە دەستەوە دەگرن. لە ئەفغانستان و قێرقیزستان و قازاخستانیش ڕێز لە نەورۆز دەگیرێت و وەک جەژن ڕێورەسمی تایبەتیی خۆی هەیە، بەڵام ئەو بۆنەیە لەو دوو وڵاتەش هەر لە حەددی خواردن و شادمانی و کێبەرکێ و ئەوەدا خۆیدا دەبێت.
بەڵام جەژنەکان و بەتایبەت نەورۆز بۆ مرۆڤی کورد هەڵگری جۆرە بیرکردنەوە و جۆرێکی تر لە خۆ ڕێکخستنە. نەورۆز وەک جەژنێکی نەتەوەیی، بەهێزترین بۆنەیە کە بە درێژاییی مێژوو لە هەمبەر قوورساییی هەڵمەتی ئایین و فەرهەنگی داسەپاوی جۆراوجۆر بۆ سەر کوردستان، دەوامی هێناوە و بۆ هەمیشە هەرماو بووە. مرۆڤی کورد لە ماوەی ژیانی مێژووییدا، کاتەکانی ساڵی بە پێی تایبەتمەندیی جیاوازی ئەو کاتانە قۆستۆتەوە و نێودێری کردوون و کردوونیە دەرفەتێک بۆ شادمانی و پێکەوە ڕابواردن و خۆڕاهێنان لەگەڵ سرووشت و نوێ کردنەوەی شێوازی ژیان؛ بۆ وێنە جەژنگەلێکی وەکوو: جەژنی دەسپێکی شەوی چلە لە دوایەمین شەوی پاییز، بێڵندانە لە ناوەڕاستی ڕێبەندان، جەژنی هەنار لە کۆتایی وەرزی ڕنینی هەنار، سێزدەی بەهار وەک بۆنەیەک بۆ ژووان لەگەڵ بەهار و دەربڕینی شادمانی بە شێوەی هەڵپەڕکێ (کە خانی مەزن لە مەم و زیندا باسی دەکا) و..؛ جگە لەو تایبەتمەندییانەی کە وترا، ئەو جەژنانە دەرفەتی ڕاهێنانی ئەخلاق و خوو و خدە و ئاکاری مرۆڤی کوردە و سەرەڕای ئەوەی کە جەژنگەلێکی سرووشت تەوەر بوون، تەکووزییەکی بێوێنەی بە ژیان و هزری مرۆڤی کورد بەخشیوە. بەڵام لەو نێوانەدا نەورۆز بێجگە لەوەی تایبەتمەندی گەلێکی وەک دەسپێکی بەهار و کۆتایی زەمهەریر و سەرەتای نەخشاندنی سرووشتی هەیە، گرنگترین تایبەتمەندییەکەی ئەوەیە کە ئەرکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی وەبیر مرۆڤی کورد دێنێتەوە. نەورۆز جەژنی بەرخۆدان و سەرکەوتنە و بێجگە لە واتای سرووشتی، واتای نەتەوەیی و شانازییشی هەیە کە شۆڕشی کاوەی ئاسنگەر دژی دیکتاتۆڕی زەمان، سیمبۆلی ئەو بەرخۆدان و سەرکەوتنەیە. بەچاو خشاندنێک بەسەر دەقی هۆنراوە و ستران و گۆرانیی کوردیدا تێدەگەین کە شاعیران وەک پێشەنگی گەشەی بیر و هزری کۆمەڵگەی کوردی، ئەو تایبەتمەندییەیان زەق کردووەتەوە و پەرەیان پێداوە، بۆ وێنە لە هۆنراوەی گۆراندا دەخوێنینەوە:
ئەی نەتەوەی کاوەی زنجیر قەف قەف بڕ
ڕۆژی نەورۆز دای بە ھەوری زستان دڕ
یان لە هۆنراوەی هێدیدا ئاوا باسی تایبەتمەندیی نەورۆز دەکرێ:
جێژنی کۆن و ساڵی تازەی کوردەواری ھاتەوە
ھاتەوە ئاگری خەباتی ئەو گەلە خۆش کاتەوە
ھاتەوە جوانتر لە جاران جێژنی کاوەی قارەمان
شوێنەواری میدیا باپیرە گەورەی کوردەکان..
کە وابوو نەورۆز لەناوەرۆکی خۆیدا دەرفەتی دیسان ڕێکخستنەوەیە، دیسان ڕێکخستنەوەیەک کە هەم ڕەهەندی تاکی هەیە و هەم ڕەهەندی کۆمەڵایەتی. وەک تاک، نەورۆز دەرفەتی مامەڵەی نوێ لە گەڵ(خود)ە، ئەوەی کە چەندە مرۆڤ دەبێت. قەرزداری ژیانی تاکەکەسیی خۆی بێ و چەندە بیر لەوە بکاتەوە کە بۆ ساڵی نوێ، کەموکووڕییەکانی ژیانی تاکەکەسیی خۆی قەرەبوو بکاتەوە و دەرفەتی گەشە بە خۆی ببەخشێ، ئەوە لایەکی ئەو دیسان ڕێکخستنەوەیەیە؛ لایەنەکەی دیکەشی وەبیرهێنانەوەی ئەرکە مێژوویییەکەیە؛ مرۆڤی کورد بە بیر کردنەوە لە واتای نەتەوەییی نەورۆز (گۆڕان و گەشەی کۆمەڵایەتی و بایەخی مافی نەتەوەیی)ی وەبیر دێتەوە. لە دەقی چیرۆکی بەرخۆدانی کاوەی ئاسنگەردا، زوحاکی دیکتاتۆر مێشکی لاوەکان کە خۆیان بەهاری کۆمەڵگەن و ئەوپەڕی هێزن، دەکاتە خۆراکی مارەکانی سەرشانی، کە خودی ئەو خاڵە دەتگەیێنێتە ئەو قەناعەتەی کە دەسەڵاتی چەوتی زاڵ، لەوە گەیشتووە کە هێزی لاوان، ئەو هێزەیە کە دەتوانێت ئاڵوگۆڕ درووست کا، چونکە هێزی لاو بەوپەڕی توانایی و بڕستی نوێکردنەوە، چ لەباری زەین و چ لەباری جەستەییەوە، لە کۆمەڵگەدا خۆیدا دەبێت و چالاکی دەنوێنێ و خۆ بەدەستەوە دەدا و مەترسی ناناسێ. سرووشتی دەروونیی مرۆڤی لاو وەک سرووشتی بەهار، ئاوێتەی خولیای گەشە و جوانی و شۆڕش و ئاڵوگۆڕ و شەوقی هەستان و باڵغبوونە، ئەوەش هەموو ئەوشتەیە کە دەسەڵاتی چەوت لێی دەترسێ و هەوڵ دەدا بە کوشتن و بڕین مەترسی بخاتە دڵی مرۆڤی لاوەوە و بەو جۆرە کۆنتڕۆڵی بکا.
بەڵام دەرفەتی نەورۆز حاشا لە هەموو ئەو سیاسەتە چەوت و سەدپاتەیە دەکات کە بە درێژاییی مێژوو بووەتە کۆتی ملی مرۆڤەکان؛ حاشا لە پەرەسەندنی ترس و دۆڕاندنی ڕاستەقینە دەکا، حاشا لە مەرگی مافی مرۆڤ دەکات و هیوا دەبەخشێ کە مرۆڤ هێزێکی تێدا بەدی دەکرێت کە دەسەڵاتی تاریک وێران دەکات و ئەهریمەنەکان دەشکێنێ. دەرفەتی نەورۆز، دەرفەتی مرۆڤە بۆ بوونێکی کامڵ و بێ خەوش، بوونێکی فرە ڕەهەندی چ وەک تاک و چ وەک کۆ، دەرفەتێکە کە وەبیرت دێنێتەوە شۆڕشی بەهارانە تەنیا دەتوانێت شۆڕشێکی سەرکەوتوو بێ و زەمهەریر بخنکێنێ و مەبەست لە شۆڕشی بەهارانە، ئەوەیە کە وەک چۆن تەواوی ماکەکانی سرووشت وەک ئەرز و دار و گیا و کانی و باران و هەور و … بە کارکرد و توانای نوێوە دەردەکەون و بەهار دێنن، تاکەکانی نەتەوەش دەبێت. هەرکامەیان ئەرکی نەتەوەییی خۆیان ڕەچاو بکەن و لە قاڵبی تەکووزیی نوێدا خۆیان ڕێک بخەنەوە، جا ئەوجار دەرفەتی ژیانی پڕشکۆ بۆیان وەدی دێ.
نەورۆز دەرفەتی شکۆی مرۆڤە بۆ داد و یەکگرتن و سەرکەوتن..[1]