سزای دڵداری
زات ناکەم ڕازی دڵ بدرکێنم!
سەگی ئەم شارە …
لانگیرە، بۆنی دڵ و دەم ئەکا
سەگی ئەم شارە …
نەک تەنیا گۆشت و ئێسک و خوێنی دڵ
تەنانەت شیعر و گۆرانی ئەخوا!
زات ناکەم بڵێم
چەندم خۆش ئەوێی!
زیتەی چاوی گورگ
لەم گورگە ناوە
زات ئەتوقێنێ
لە سەرانسەری ئەم وەرزە تاڵ و زەرد و ژاکاوە
بۆ حەشاردانی گوڵی هەستی خۆم
شک نابەم شوێنێ
زات ناکەم ڕازی دڵ بدرکێنم!
سەرچاوە: #زڕەی زنجیری وشە دیلەکان# [1]
هۆزانەوان: #جەلال مەلەکشا#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [2]