ڕاز
دایە چۆن بوو...
لە ڕازەکەی دوێنێ شەوتا
کێ هات کێ چوو؟
دایکم بێدەنگ
دۆش دامابوو!
کارەساتێک هێدی هێدی
ئەهات چاوی گەشی ئاسمان بشڵەقێنێ!
لە شاقەڵی چیای خەما
بزماری خەو
پێڵووی بە سەر گلێنەی چاوی ماندووی گوندا
تەقەڵ دابوو!
دایە چۆن بوو...
لە ڕازەکەی دوێنێ شەوتا
کێ هات کێ چوو؟
دایکم بۆ ئاسمان ئەیڕوانی
هەورێکی ڕەش، بە پێدزکێ
خەنجەر بە دەست
شوێنێ مانگە زەردەڵەکەی ئاسمانی گوندی هەڵئەگرد
تا گەیشتنە دوندی چیا...
دایە چۆن بوو...
ئاخر نەتگوت
پاڵەوانی چیرۆک چۆن مرد؟
هەور نیشتە سەر سینگی مانگ و
دایکم لە پڕ زریکاندی
هاوار، هاوار
سەری بڕی!
لە پشت زریوەی فرمێسکەوە
دیتم کە هەور،
خوێنی مانگی
بە خاولیە چڵکنەکەی
لە دەم و چاو خەنجەر ئەسڕی!
سەرچاوە: #زڕەی زنجیری وشە دیلەکان# [1]
هۆزانەوان: #جەلال مەلەکشا#
سەرچاوەی دەق: ڤەژینبوکس [2]
Este artículo ha sido escrito en (کوردیی ناوەڕاست) Lenguaje, haga clic en el icono de
para abrir el artículo en el idioma original!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Este artículo ha sido visitado veces 65
Escriba su comentario sobre este artículo!