هونا لەندەن
نووسینی: #شێرزاد شێخانی#
کە سەعات دەبووە حەفتى ئێوارە زەنگى (بیگ بینگ) بابى ڕەحمەتیمى بەخەبەر دەهێنا، ڕادیۆ ترانسستەرەکەى دەخستە سەر سینگییەوە دواى چار تەقە گەورەکەى بیگ بینگ موزیعەکە دەیگۆت (هنا لندن.. نشرە الاخبار.. یقرأها علیکم علی أسعد) ئەو موزیعە دەنگخۆشە کاتەکى پێشمەرگەى شۆڕشى ئەیلول بووم زۆر جار لە ئۆردوگاى (ڕەبەت) کە بەئێجازەى پێشمەرگایەتى دەگەڕامەوە مارى باپیرم، گێم لەدەنگى دەبوو لەبەشى عەرەبى ڕادیۆى تاران. لۆیە بەدەنگەکەى ئاشنابووم. ئەمەش وەکى بابەکانمان حەزمان لەئەخبارەکانى ئەو ئێزاعەیە بوو. تەبعەن بێ لەویش موزیعى دیکەش هەبوون ئەخباریان دەخیندەوە وەکى ماجید سەرحان وحوسام شەبلاق و محەمەد ساڵح ئەلسەید و مەدیحە ئەلمەدفەعی..
هەر چەندە لەو سەردەمە تەلەفزیۆنیش پەیدا ببوو، بەڵام ڕادیۆ بەشەکى ژیانمان بوو، چونکى هەم تەلەفزیۆنەکە حکوومەت قۆرخى کردبوو نەیدەهێشت ئەخبارەکى ڕاستەقینەمان گێ لێ بى، هەم ڕادیۆش گچکە بوو دەمانتانى لەگەر خۆمان بیگێڕین. لەسەردەمى حەربى عێراق و ئێراندا، ئەوەندە گێمان لەئەخبارى درۆى حکوومەت بوو کە دەیگۆت، ئەوڕۆ سێ هەزار جوندى ئێرانیمان کوشتییە و خۆشمان یەک بریندارمان هەیە ئەویش دەستى لەجێى خۆى چووە! ئیدى وایلێهات کەس گوێ لەرادیۆکانى حکومەت نەگرى و ئێواران لەگەر سەعات هەشت ڕادیۆى (مونتى کارلۆ) و (صوت أمریکا) لە هەموو مارەکى #هەولێر# دەبیستران. لەمونتى کارلۆ (ڕواد طربیە) نەشرەى ئەخبارى دەخیندەوە، لە (صوت أمریکا)ش تەقریرەکانى فەریدە شوباشى سەرچاوەى ئەخبارى ڕاستەقینە بوون. بەینا و بەینیش لەمونتى کارلۆ دیعایەکى پاکەتى جغارەشى براو دەکردەوە کە دەیگۆت (تعال الى حیث النکهة، تعال الى مارلبورو). هەر ئەو دیعایەش وایلێ کردم پاکەتى بەغدا و جمهورى بگۆڕم بە مارلبۆرۆ ئاخر ئەمنیش حەزم لە نەکهەى بوو!.
لەسارى شێستەکان و هەتا سەرەتاى حەفتایەکانیش ئیزاعەیەک هەبوو زۆر بەرنامەى خۆشى هەبوو، ناوى (اذاعة القوات المسلحة) بوو لە بەغداوە پەخش دەکرا. ئەو ئیزاعەیە هەم گۆرانى زۆر خۆش، هەم بەرنامەى بەتام و لەززەتیشى پێشکەش دەکرد، بەتایبەتى بەرنامەى موسابەقات، ئەستێرەى ئیزاعەکەش هونەرمەندى گەورەى عێراقى (ڕاسم الجمیلى) بوو، کە پێموایە ڕوتبەى ڕائید بوو لەجەیشى عێراقیدا. بەس وەکى عادەتى خۆى بە لەناوبردنى هەموو شتەکى جوان و خۆشى ئەو وراتە، ڕژێمى #بەعس# ئەو ئیزاعەیەشى ڕاگرت و ناوى گۆڕى لۆ (صوت الجماهیر) ئەویش بووە زۆرنایەکى ترى ڕژێمى بەعس و کەتە دیعایەکردن لۆ ئەو ڕژێمە، ئیدى خەرکى بەیەکجارى ئیزاعەکانى بەغدایان لەبەرچاو کەت و ڕوویان کردە ئیزاعە خارجییەکان.
هەر لەو سارانەشدا هەندەک ئیزاعەى تریش هەبوون کە خەرکى زۆر موتابەعەیان دەکرد وەکى (صوت العرب من القاهرە) ئەویش خۆشییەکەى ئەوە بوو کە سەرى مانگان حەفلەکانى ئوم کەلسومى بەموباشیرى نەقل دەکرد و زۆرجار لەو ڕادیۆوە گێم لێدەگرت. لەولاشەوە ئیزاعەى تاران بەشى کوردییەکەى کە شەوان تەمسیلیاتى کوردى زۆر خۆشیان پەخش دەکرد لەگەر بەرنامە شیعرییەکەى شوکروڵڵا بابان و پەروین موشیرى، ڕادیۆى یەریڤانیش هەبوو خەرکى گێیان لێدەگرت.
هەر لەو سەردەمەشدا ئیزاعەى شۆڕشى کوردستانیش دەنگى دەبیسترا، هەرچەندە تەشویشەکى زۆر بەقووەتى (هانى هانى) لەسەر بوو، بەس جارجار گێمان لەئەخبارەکان دەبوو کە بارزان مەلا خالیدى موزیعى ڕادیۆکە هاوارى دەکرد (ئەمڕۆ سێ دەبابەى دوژمن هاتنە پەلیخاندن) ئەو زەمان خۆشترین ئەخبار کە حەزمان لێبوو، ئەخبارى پەلیخاندن و هەپڕوون بەهەپڕوونى هێزەکانى بەعس بوو، نەمانزانى ڕۆژەک دادێ هەموو میللەتەکەمان پەلیخان دەبن و وراتەکەشمان هەپڕوون بەهەپڕوون دەبیتن، با لەوەش زیاتر نەرێم.[1]
باقى وەلسەلام...
تێبینی: ئەم بابەتە بە ڕێنووسی سەرچاوەی ئاماژە پێکراو نووسراوە، کوردیپێدیا هیچ دەستکارییەکی نەکردووە!