سترانبێژی لێهاتووی کورد تەحسین تەها لە #ئامێدی# لە 25ی تشرینی یەکەمی ساڵی 1941 دا هاتۆتە ژیانەوه. چونکە باوکی فەرمانبەر بووه، لەگەڵێک شار و شارۆچکە و ناوچەی دەڤەری #بادینان# ژیاوه، بۆیە تەحسین خوێندنی لە ناوچەی #مانگیش# و باتووفە و شاری #دهۆک# تەواوکردووە و دوای خوێندنی قۆناغی ناوەندی، چووەتە بەغدا و لە پەیمانگای هونەرە جوانەکان وەرگیڕاوە و خۆی فێری ئامێری عوود ژەنین کردووە و پڕۆڤەشی لەسەر سترانبێژی کردووە و هاتوچۆی ئێستگەی ڕادیۆی کوردی کردووە لە بەغدا و سترانی بەسۆزی لەو ئێستگەیەدا پێشکەش بە گوێگران کردووه.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/361/0003.JPG=KTML_Photo_Alt=تەحسین تەها=KTML_Style=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/361/0003.JPG=KTML_Photo_End=
تەحسین تەهای هونەرمەند لەو سەردەمەی باری کوردستان سەخت بوو چووە وڵاتی هۆڵەنداو چەند ساڵێک لەو وڵاتەدا بە ئاوارەیی ژیا، تاکوو لە 1995-05-28 دا لە نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە بە نەخۆشی دڵ کۆچی دوایی کرد و تەرمەکەی لە 1995-06-04 گەیشتەوە کوردستان و لە ئامێدی شاری باب و باپیرانی بەخاک سپێردرا.
ئەم هونەرمەندە لە هاوینی 1964دا خوێندنی هونەرە جوانەکان تەواو دەکات و بۆ پاییزی ئەو ساڵە دەکرێت بە مامۆستای پەروەردەی هونەر لە قوتابخانەی #مەخموور#ی سەرەتایی لە پارێزگای #هەولێر# گەلێک چالاکی هونەریی لە بواری مۆسیقا و سروودی نیشتمانی لەو شارۆچکەیەدا دەنوێنێ و بزووتنەوەی شانۆش لە شارۆچکەکە پێش دەخات و ماڵەکەشی دەکاتە مەڵبەندێکی هونەریی و یانەی مۆسیقازان و گۆرانیبێژانی کورد.
تەحسین لە ساڵی 1968 دا دەگوێزێتەوە بۆ شاری هەولێر و لە قوتابخانەی یەکەمی نموونەیی هەولێر دەکرێت بە مامۆستای سروود و مۆسیقا، گیانی هونەریی لەنێو قوتابییەکانییدا پەروەردە دەکات و لە دەرەوەی قوتابخانەشدا لەگەڵ دەستەیەک لە مۆسیقازان و هونەرمەندی ئەم شارە تیپی هونەری هەولێر دادەمەزرێنێ و خزمەتێکی زۆری هونەری کوردی دەکەن.
هونەرمەند تەحسین تەها لە بەشی چالاکی هونەریی سەر بە بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر دەکرێت بە ڕاهێنەری مۆسیقا و سروودی قوتابخانەکان و دەستەیەکی باش لە قوتابییەکانی فێری مۆسیقا دەکات.
ئاوازەکانی ئەم هونەرمەندە پتر لە ئاوازی میللی و کەلەپووری هونەری نەتەوایەتی کوردەوە وەرگێڕابوون و گیانی ژیانی گوند و لادێیان پێوە دیاربوو، هەموویان لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ئەڤین و خۆشەویستییەوە سەریان هەڵدابوو زۆربەی ئەو ئاوازانەیشی لەسەر مەقامی (بەیات) دەگوتران، چونکە لەگەڵ دەنگە بەسۆزەکەی دەگونجاو لە مۆسیقازان و ئاواز دانەرەکانی کورد زۆر ڕای لە دڵشاد محەمەد سەعید و ئەنوەر قەرەداغی بوو، لە گۆرانیبێژەکانیش زۆر ڕای لە محەمەد عارفی جزیری و تایەر تۆفیق و شەماڵ سائیب بوو.[1]