ساڵی 1338 هەتاوی لە گەڕەکی ناوقەڵای شاری سەقز لە دایک بوە دەستپێکی خوێندنی کاک ساڵح لە قوتابخانەکانی حیکمەت وسەعدی ودیپلۆمیشی لە شاری تاران وەرگرتوە.
لە ساڵی 1350 هەتاوی یەوە زیاتر هۆگری هونەری نقاشی بوەو لەو کاتەوە پتر لە 300 تابلۆی کێشاوەتەوە کە زۆرجاران گەلێ تابلۆی بیست هەتا بیست وپێنج جار دارشتوەو بەدڵی نەبوەو سەرلەنوێ دایڕشتوەتەوە هەتا گەڵالەیەکی ئەوتۆ کە لە زەینی دابوە سازکراوە.
هونەرمەند ساڵح شەمسی لە ساڵی 1362 ی هەتاوی یەوە قۆناخێکی دیکەی لە هونەر تێپەڕاند و لەوکاتەوە وەک هونەرمەندێکی نەقاشی بایەخێکی زیاتری دایە مێژوو بە تایبەت مێژووی گەل وناوچەی خۆی هەربۆیە لە بەشێکی زۆرلە تابلۆکانی ڕەنگدانەوەی مێژوویی دەبینرێت و گەلێک گەڵاڵەی بەنرخی لە سەر بەرهەمەکۆنەکانی زێویەو "قەپڵانتوو" و دەوران وسەردەمی مادەکان داڕشتوەو بە بێ هیچ یارمەتیدەرێکی ماڵی سەرقاڵی سازکردنیانە کە گەردنبەندی زێڕینی زێویە یەکێک لەو هەوڵ و تەقالا هونەری وفەرهەنگی و مێژوویانەیە کە کاک ساڵح سازی کردوەو بڕیار بوو بە درێژی 9 میتر لە یەکێک لە سەیرانگاکانی سەقز دابمەزرێت.
هونەرمەند ساڵح شەمسی لەماوەی ژیانی هونەری وفەرهەنگی خۆیدا گەلێ پێشانگایشی کردوەتەوە کە بەشێکیان بریتین لە :
ساڵی 1356 لە شاری... تاران
ساڵی 1363 لە شاری.... مەهاباد
ساڵی 1367 لە شاری....سەقز
ساڵی 1369 لە شاری.....سەقز
ساڵی 1370 لە شاری.... بانه
ساڵی 1371 لە شاری... تاران
ساڵی 1372 لە شاری.... تاران
ساڵی 1374 لە شاری..... سەقز
ساڵی 1378 لە شاری... سەقز
ساڵی 1385 لە زانکۆی پەیام نووری سەقز
هەروەها گەلێ چالاکی دیکە کە بەشێکی بچووک لە تواناو بەهرە هونەریەکانی کاک ساڵح شەمسین. لەوانە شەش گەڵاڵەی بۆ داڕشتن داوەتە ئەندامانی شوورای شاری سەقز کە بە هیوایە ئیزنی پێ بدەن و لە شوێنگەلی تایبەتی شاردا دایان بنێ وسازیان بکات
ئەم هەنەرمەندەی دەڤەری سەقز بە نازناوی " ئیزیرتا " کە ناوی کۆنی سەقز بوە لە سەردەمی پێش میلادا تابلۆکانی ئیمزا دەکات.