دانیشتووی: #باڵاگیر#، #شنۆ#
بەرپرسایەتی: ئەندام
ساڵی شەهیدبوون: 1367 (1988)
ئێوارە پاییزێکی ماتی ساڵی 1338 بوو. ڕواڵەتی زەردەپەڕی خۆڕ لە سروشتی زیزو و بێرەنگی پاییز لە گەوەی کێوەکانی دەشتی شنۆ ماڵئاوایی دەکرد و ڕوناکیی بە شەوی درێژی پاییز دەسپارد. لە پڕ ئەستێرەیەک لە ئاسمانی هیوای بنەماڵەیەکی وەرزێڕی ئاوایی باڵاگیری سەر بە شاری شنۆ ئەنگووت.بەڵێ حەسەن لەو کاتەدا پێینایە ناو قۆناخی ژیانەوە و دەگەڵ یەکەم دەنگی گریەی، ناوچاوانی بوو بە لێنووسی قەڵەمی قەدەر و گیانی پاکی ئەو ڕۆڵە کوردەی بۆ بەختەوەری لە پێناو گەلەکەیدا، تەرخان کرد.حەسەن لە یەکەم قۆناخەکانی ژیانیدا ڕوی کردە قوتابخانە و دەورەی سەرەتایی لە زێدەکەی (باڵاگیر) تێپەڕ کرد.پاشان لەبەر هۆی نەبوونی پۆلی باڵاتر لەو گوندەدا، ڕوی کردە ئاوایی دێشەمس و هەر وەها شارۆچکەی نەڵۆس و ئەو جار بۆ قۆناخەکانی باڵاتری خوێندن واتە قۆناخی کۆتایی، ڕوی کردە شاری شنۆ و لەو شوێنە درێژەی بە خوێندندا.پۆلی چوارەمی کۆتایی بوو کە لەلایان ژاندرمەکانی ڕژیمی نگریسی پاشایەتیوە کەوتەبەر شاڵاوی ڕەشبگیریی و ڕەوانەی سەربازخانەی جەڵدیانی سەر بەشاری #پیرانشار# کرا. هێشتا تازە چوارمانگێک لەو قۆناخە دەگوزەرا کە گەلانی ئێران دەستیان بەشۆڕشی بەر بڵاوی خۆیان دژ بە ڕژیمی پاشایەتی کرد.لە هەل و مەرجی ڕووخانی ڕژیمی پەهلەویدا، سەربازخانەکەی بەجێ هێشت و بۆ خۆ تەیار کردن بە چەکی زانست، پێی ناوە ناو گۆڕەپانی خوێندن. بەڵام زۆری نەخایاند، هەستی نیشتمانپەروەرانە و ئەمەگناسانەی بەرانبەر بە گەلە چەوساوە و بندەستەکەی هانیدا چەکی شەرەف و قارەمانەتی هەڵگری و لە ناو ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا، بەرگی پیرۆزی پێشمەرگە دەبەرکات.لەو کاتەوە شەهید حەسەن وەکوو پێشمەرگەیەک لە هێزی سمکۆی ئەو کات دا درێژەی بە خەبات و بەربەرەکانیدا.ساڵی 1359 لە شەڕی #ورمێ# بەتوندی بریندار بوو و پاش سێ ڕۆژ مانەوەی بە نهێنی لە ورمێ لە مردن ڕزگاری بوو و بۆنەخۆشخانەی شاری شنۆ ڕاگوێزرا.کاتێک حیزبی دێموکراتی کوردستان ناچار کرا ناوچەی شنۆ بەرەو دەشتی لاجان و دەوروبەر بەجێی بێڵێ، شەهید حەسەن وەک ئەندامێکی بەوەج و کارامە بۆ جێبەجێی کردنی ئەرک و کارەکانی حیزبیی لە ناوچەکەدا خۆی هێشتەوە. سەرئەنجام حەسەن وەک هەموو لاوانی دیکەی خەڵکی کورد بە سەرباز گیرایەوه. بەڵام ئەو جارەیان بۆخۆی شوێنی خزمەتی سەربازی خۆی وەک سوپای پاسداران دیاری کرد و لە یەکێک لە پێگەکانی دوژمن لە ئاوایی دێشەمس نیشتەجێی کرا کە ئەو بنکەیە هاوکات دەگەڵ چەند پێگەی دیکەی دوژمن، کەوتە بەر پەلاماری ڕۆڵەکانی حیزبی دێموکرات و دەستی بەسەردا گیرا.لەو کاتەدا شەهید حەسەن هاوڕێ لەگەڵ چەند هاوسەربازەکانی خۆی، لە لایەن ڕژیمی دژی گەلی ئاخوندی بە تاوانی هاوکاری و بەدەستەوەدانی ئەو بنکانەی ڕژیم، ساڵی 1365-5-14ی هەتاوی گیرا و ڕەوانەی بەندیخانە کرا. سەرئەنجام پاش سێ ساڵ مانەوە لە زیندان، سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 1988.10.03لە زیندانی دەریای ورمێ، لە پێناو وەدی هێنانی ئازادی و دێموکراسی و گەێشتن بەمافی ڕەوای نەتەوەکەی بەشانازیوە چۆ ژێر پەتی سێدارە و گیانی بە نیشتمان و گەلەکەی بەخشی.
[1]
Questo articolo è stato scritto in (کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull'icona
per aprire l'articolo in lingua originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Questo oggetto è stato visto volte 6,171
Scrivi il tuo commento su questo articolo!