ناو: محەمەد
نازناو: هەژار دێدەوانی
ناوی باوک: حەسەن عومەر
ناوی دایک: فاتمە سەلیم
ساڵی لەدایکبوون: 1958
ڕۆژی شەهیدبوون: #29-05-1987#
شوێنی لەدایکبوون: #هەولێر#
شوێنی شەهیدبوون: شیف چنارک
$ژیاننامە$
محەمەد حەسەن عومەر ناسراو بە (هەژار دێدەوانی) خانەوادەیان لە هۆزی مەنتکن، لە بناری دێدەوان ژیاون و دوایی هاتوونەتە هەولێر. هەژار لە ساڵی 1958 لە گەڕەکی #سەیداوە#ی شاری هەولێر لە دایک بووە، باوکی لە ساڵی 1963کۆچی دوایی دەکات، دایکی (فاتمە سەلیم) سەرپەرشتی هەرسێک ڕۆڵەکانی (فارس و هەژار و عوسمان) دەکات و دەگەڕێنەوە بۆ گوندی (#کانی بزرە#) ، ساڵی 1965 بۆ خوێندن هاتوچۆی گوندی (#کەردز#) ی کردووە لەگەڵ (فارس) ی برایی و چەند منداڵێکی گوندەکەیان، لەوێ تا پۆڵی دووی سەرەتایی خوێندووە، لەبەر نەداری و هەژاری جارێکی تریش دێنەوە هەولێر و هەژار دەنێرنە (خانەی نەوجەوانان) و هەر لە هەولێر خوێندنی سەرەتایی و دواناوەندی و ئامادەیی کشتوکاڵ لەئاسکی کەلەک ساڵی 1980 تەواو دەکات، پەیوەندییەکی پتەوی لەگەڵ مامۆستا و قوتابییەکان هەبووە، بۆ بژێوی ژیانی خۆیی و خانەوادەکەی کرێکاری کردووە و بۆ ماوەیەکیش سەرپەرشتی کرێکارەکانی کردووە لە پڕۆژەی دارستانی #بێستانە# لە کانوونی یەکەمی 1979.
ئاشنایی ژیانی دێهاتی بوو، وێنەی تاوان و گڕدانی دێیەکانی لە مێشک دەرنەدەچوو. لە ساڵی (1977) ەوە پەیوەندی بە ڕێکخستنە نهێنییەکانی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستانی کردووە و هەر لە دوای دەرچوونی لە ئامادەیی کشتوکال ساڵی 1980 پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی حزبی سۆسیالیستی کوردستانی کردووە و بووەتە پێشمەرگە و لەبەر زیرەکی و لێهاتوویی چەندین پلەی حزبی و فەرماندەی پێشمەرگایەتی بڕیووە، لە ساڵی 1982 کراوە بە ڕابەر سیاسی کەرتی دوو لە هەرێمی 8ی دەشتی هەولێر کە فەرماندەی کەرت مامەند مەنتک بوو، لە ساڵی 1983 کرا بەکادیر و پاشان ئەندامی ناوچەی دەشتی هەولێر کە بەرپرسی ناوچە شەهید سەلاح بوو، لە ساڵی 1985 کاتێ لەنێو حزبی سۆسیالیستی کوردستان هەڵوێست وەرگیرا شەهید هەژار یەکێک بوو لە کادیرە دیار و پێشەنگەکان، لە دامەزراندنی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان 12-12-1985 ڕۆڵی هەبوو، لە ڕێکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ڕۆڵی ڕابەر سیاسی هێزی (قوە) وەرگرت و دواتر بوو بە فەرماندەی (قەوەی سەفین) لەنێو هێزی پێشمەگەی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان، لە چەند ناوچەیەک کاری کردووە، بەشداری چەند داستانێکی کردووە، وەک داستانی سێکانیان (شەڕی خەبیران) و شەڕی بەردە سپی لە ساڵی 1982، شەڕی #قەرەچوغ# و بێستانەی گچکە لە ساڵی 1983، داستانی ترپە سپیان لە 27-10-1986 چەندین شەڕ و نەبەردی تر، شەهید هەژار خۆشەویستی هەڤاڵانی بوو، وەکوو فەرماندەیەکی سیاسی و پێشمەرگایەتی کارەکانی زۆر بەدڵسۆزی و بەرپرسانە هەڵسوڕاندوە، لەتەک ئەرکی پێشمەرگایەتی شیعری نووسیوە و کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە، نووسەر و قەڵەم بە دەستێکی لێهاتوو بوو، بەشدارییەکی بەرچاوی هەبوو لەنێو بزاڤی ئەدەب و ڕۆشنبیری شۆڕش و پێشمەرگایەتی، بابەتەکانی وەک (شیعر و وتار و چیڕۆک) لە گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکان و ئێزگەی شۆڕش بڵاو دەکرانەوە، هاوکارێکی باشی ڕاگەیاندنی (حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان) بوو، چەندین بەرهەمی نووسینی لە بڵاوکراوەکانی ئەم حزبە بڵاو بوونەتەوە، هەروا کاتێک کە خوێندکار بووە خوڵیای کۆکردنەوەی تێکستە فۆلکلۆریەکانی هەبووە و چەندین تێکستی لەم بوارەدا کۆکردوونەتەوە و تۆماری کردوون.
کاتێک ڕژێمی داگیرکەری بەعس بە نیازی سووتاندن و وێرانکردن و ئەنفالکردنی دانیشتووانەکانی گوندە ئازادکراوەکانی دەشتا زێیێ و دەڤەری شیلادزێ هێرش و پەلاماری دەهێنا، هێزێکی پێشمەرگەکانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەتەک هێزەکانی تری لایەنەکان (پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبی شیوعی ئێراق) بە فەرماندەیی شەهید هەژار دێدەوانی لە بەرگریدابوون، مەخابن لە ئێوارەی 29-05-1987 لە داستانی #شیلادزێ# لە گوندی (شیف چنارک) لە کاتی هەڵمەت بردن بۆ سەر مۆڵگەکانی خائین و داگیرکەران شەهید دەبێت.
لە دوای ڕاپەڕین لە 28-11-1991 بە ڕێوسمێکی شایستە هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی ڕووفاتی شەهید هەژار لە بناری چیای مەتین دەهێننەوە زێدی خۆی لە گۆڕستانی گوندی کانی بزرە بەخاک سپێردرایەوە. [1]
Questo articolo è stato scritto in (کوردیی ناوەڕاست) lingua, fare clic sull'icona
per aprire l'articolo in lingua originale!
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Questo oggetto è stato visto volte 8,771
Scrivi il tuo commento su questo articolo!