کوورتەیەک لە ژیانی شەهیدی سەرکردە و پارێزەر و ئەدیب (کاردۆگەڵاڵی)د
نووسینی/کاروان مەسعود.......خوارزای شەهید
شەهید کاردۆگەڵاڵی ناوی تەواوی (عارەب عبدالقهار مستەفا)یە، بەڵام بەهۆی هەستی نەتەوایەتی ناوی خۆی دەگۆرێت بۆ کاردۆ.
لە ساڵی 1951 لە گوندی کەردزی، سەربە شارەدێی قوشتەپەی شاری #هەولێر# لە دایک بووە، خوێندنی سەرەتایی لەو گوندە تەواو دەکات، پاشان بۆ خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی ڕوو لە شاری هەولێر دەکات و ئەو دوو قۆناغەش بە سەرکەوتوویی تەواو دەکات.
لە دوای تەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی دەچێتە کۆڵیژی یاسا لە بەغدا.
لە ساڵی 1974 واز لە خوێندن دەهێنێت و ڕوو لە شاخ دەکات و چەکی پێشمەرگایەتی دەکاتە شانی و لە دوای نسکۆی شۆڕشدا دەگەڕێتەوە کۆلیژی یاسا و لە ساڵی 1978 بە سەرکەوتوویی کۆڵیژی یاسا تەواو دەکات و هەر لەو ساڵەش نووسینگەی پارێزەری لە شاری هەولێر دەکاتەوە.
شەهید کاردۆ گەڵاڵی لە تەمەنی گەنجێتیدا بەبەردەوامی لەگەڵ کتیب خوێندنەوە هاوڕێ بووە و کەوتووەتە ژێر کاریگەریی بیری کارڵ مارکس، لە ساڵی 1976 لەگەڵ کۆمەڵێک هەڤاڵی تری (بزووتنەوەی سۆشیالیستی دیموکراتی کوردستان) دادەمەزرێنن.
کاردۆ گەڵاڵی و شەهید #عەلی هەژار# ئەڵقەیەکی گرنگی ڕێکخستنەکانی ناو شار و شاخ دەبن لە ڕێگەی ئەوانە و کاری ڕێکخستنی نهێنی ناوشاری ئەنجام دەدرا.
شەهید کاردۆ گەڵالێ بەدەر لە کاری سیاسی و پارێزەری ئەدیبێکی چالاک و نووسەر و شاعیرێکی بوێر بوو، لە ژیانیدا خاوەنی دوو پەرتووکیی پر بایەخ بوو بە ناوەکانی (زێدەبایی) و (عەلی شون هەڵگر) هەروەک چەندین نووسین و وتار و هۆنراوەی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەو سەردەمە بڵاودەکاتەوە، هەروەک چەندین دەستنووسی لە دوای خۆی بەجێ هێشت بەڵام مەخابن لە کاتی گیرانی لە ناوچوون.
مەخابن لە بەیانی ڕۆژی#09-04-1979# لە کاتێکدا لەگەڵ شەهید عەلی هەژار سەرگەمی ئیش و کاری پارێزەری بوون لەلایەن ئەمن و ئیستخباراتی ئەو کاتەی ڕژێمی بەعس لەناو دادگای هەولێر دەستبەسەر دەکرێن، بەهۆی بوێری و نەدرکاندنی نهێنییەکانەوە لە ساڵی 1983 لە سێدارەدەدرێن، هەتا ئێستاش گۆری ئەو دوو شەهیدە سەرکردەیە ونە.
یەکێک لە پارچە هۆنراوەەکانی شەهید کاردۆ گەڵاڵی:
بەفر و خوێن.....!
بۆ شەقامی گلۆپ تاک تاک
لەناو گەشتی هاوڕێیەتی،
دەخولاینەوە
ڕووە و چاوی دەیان ناپاک،
جماین بە کوڵ
ڕشاینەوە
کاتێ دیمان،
مانگ گیرا بوو
ئەستێرەکان، زەرد هەڵگەرابوون
ڕێچکەی ئافرەت
خر تەنرا بوو
چەقەوانەی وێنەکان،
ئابرووی دەتکان
ڕۆژی دەبێ.......
ئا ئەوانەی ڕێمان دەگرن
گوللةی کاروان دەیان پێکێ
دەمرن، دەمرن
ئینجا شێوەی
وشەکانیشیان لە چوارچێوەی
قەفی پێوەند، ڕزگار دەبن
ڕزگار دەبن..........
(کاردۆ گەڵاڵی)
لە ڕێکەوتی 09-04-1979 لەلایەن ڕژێمی بەعسی فاشیستەوە لە کاتی کار لە دادگەی هەولێر دەستگیر کرا، بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس فاشت دەستکەوتوون دوای زیاتر لە چوار ساڵ لە زیندان ئەشکەنجەدان بە بێ درکاندنی هیج زانیاریەک لە ڕێکەوتی #02-05-1983# لە سێدارە دراون.