مامۆستا عوسمان هەورامی، ساڵی 1940 لە شارۆچکەو هاوینەهەواری دڵگیرو جوانی تەوێڵە لە باوەشی خێزانێکی کەمدەرامەتا لەدایکبووە.
ساڵی 1947 لە قوتابخانەی تەوێڵە خراوەتە بەر خوێندن و لەگەڵ دەرچوونیا بۆ پۆلی دووەم، ساڵی (1948) ، باوکی بە ماڵەوە هاتووەتە شاری #سلێمانی# و لەوساوە تاکوو ئەمڕۆ لەو شارەدا جێگیرن و پاشان براوەتە قوتابخانەی کانی ئاسکانی سەرەتایی و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی، بەشی وێژەیی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە.
ساڵی 1958 لە قوتابخانەی تەوێڵەی سەرەتایی کوڕان مامۆستای کاتی بووە. چونکە لەبەردەستکوورتی نەیتوانیوە بۆ تەواوکردنی خوێندن بچێتە شاری بەغدا.
ساڵی 1959 کە بۆ یەکەمینجار لە کۆلێژی ئاداب لە بەغدا بەشی زمانی کوردی کراوەتەوە، لەوێ وەرگێڕاوە، بەڵام بەداخەوە لەبەرنەبوونی و هەژاری تەنیا دوو مانگ بەردەوام بووە بەناچاری گەڕاوەتەوەو لە گوندی (چنارنە) ی سەربە شارەدێی بنگرد کراوە بە مامۆستای کاتی.
پاشان لە هاوینی 1960 دا خولێکی تایبەتیی و بەهێز بۆ دەرچووانی دواناوەندی کراوەتەوە، ئەویش بەشدار بووە و بە پلەی یەکەم تەواویکردووە و خۆبەخشانە چووە بۆ دوورترین گوند لە شاری سلێمانییەوە کە گوندی (شێنێ) ی سەر بە #قەڵادزێ# یە. بەشانازییەوە دەیان وشەی ڕەوان و ڕەسەن لە خەڵکی ئەو گوندە وەرگرتوون، هەربۆ نموونە، وشەی (ئاماژە) کە بۆ یەکەمینجار لە نووسینیا بەکاریهێناوەو لە نووسینیا بەکاریهێناوەو و بڵاوبوەتەوە.
ئەم مامۆستایە بە ئەشقی پیرۆزی پەروەردەی بەرین و کوردایەتی پاکژەوە بەردەوامبووەو لەم قوتابخانانەشدا سەرقاڵی گەیاندنی هەردوو پەیامە پیرۆزەکە بووە: (زانستی ئێواران، سەیوان، دەگاشێخان، هەورامان، تەوێڵە، ئەیوبییە، ئاراس، پەیمان، گزنگ، میدیا، هێمن، کانی، دووکان، دەبەندیخان، ناوەندی نەورۆزی کچان- وانەبێژی ئینگلیزی) . چەندین پێشنیاری پێشکەش بە پەروەردە کردوون بۆ بژارکردنی هەندێک پەرتووکی خوێندنەوەی کوردی - بەتایبەتیی ئەلفبێکەی مامۆستای پێشەنگ (ئیبراهیم باڵدار) لە دانان و چاپکردنی پەرتووکی ئەلفبێی کوردیدا بۆ گەورە منداڵان، هاوکارییەکی بنەڕەتی کردووە.
ئەم مامۆستایە لە بوارە جیاجیاکانی نووسین و وتارو هۆنراوەدا سەرقاڵە، بەڵام زۆرتر لە بواری هۆنراوەی پەروەردە و ئەدەبیاتی منداڵان خەریکە، ماوەی دوانزە ساڵیش ڕۆژانە لە ڕادیۆی دەنگی گەلی کوردستانەوە، بەرنامەی پەروەردەیی (خەندە) ی پێشکەش بە منداڵانی کوردستان دەکرد، کە هەر خۆیشی ئامادەی دەکرد. ئەمە سەرەڕای ئەوەی بۆماوەی (47) ساڵ مامۆستا بووە و چەندین وەچەی پیرۆزی پێگەیاندوون. بەرانبەر بە ڕاژە هەمەلایەنەکانی، لەلایەن ئەم لایەنە ڕێزدارانەوە، خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش کراوە: وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان- دوو جار. بەڕێوەبەرێتی پەروەردەی سلێمانی، بنکەی ئەدەبی ڕۆشنبیری گەلاوێژ، دووەمین فیستڤاڵی هەورامان، بانگهێشتی حەوتەمین کۆنفرانسی زمانی دایک، سەنتەری فرە زمان- ڤێستەرۆس- سوید) .
ساڵی 2003-2006 وەک شارەزا لە خانەی وەرگێڕان کاریکردووە.
بەردەوام هاوکاری باخچەکانی ساوایانی کردووە.
لە زۆربەی گۆڤار و بڵاوکراوەکانی تایبەت بە ئەدەبیاتی منداڵان بەرهەمی بڵاوکراوەتەوە.
زیاتر لە پانزە پەرتووکی بۆ چاپکراونو بە بیست پەرتووکدا چووەتەوەو پێنج پەرتووکی داڕشتۆتەوەو لە شەش پەرتووکیشدا هاوکاری کردووە.
لەو پەرتووکانەی کە چاپیکردوون، حەڤدەیان هیی جیهانە جوانەکەی منداڵانن.
$نامیلکە و پەرتووکە چاپکراوەکانی بۆ منداڵان:$
1-شاهۆ: هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی، 1970
2-خونچە گوڵ، هۆنراوەی پەروەردەیی، چاپی یەکەم 2000، چاپی دووەم 2008، سلێمانی.
3- منداڵ و گوڵ، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی، 2001.
4- مافەگەشەکانم، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی 2003
5- جیهانە جوانەکەمان، ئۆپەرێت و شانۆگەری جیهانی منداڵان، #هەولێر# 2004.
6- چاوانی باوان، هۆنراوەی پەروەردەیی، هەولێر، 2004.
7- شنەی شادی، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی 2004
8- هەشتەمین دانا، چیرۆک بۆ منداڵان، لە عەرەبییەوە کردوویەتی بە کوردی، سلێمانی 2004
9- مافی مرۆڤ، بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی، لەگەڵ لیژنەیەکدا، سلێمانی 2004
10- لایلایەی دایکانی کورد، لەگەڵ هاشمی سەلیمی دا، سلێمانی 2005
11- لالەزار، هۆنراوەی پەروەردەیی، هەولێر 2007
12- گوڵبژێرێک هۆنراوەی پەروەردەیی بۆ باخچەکانی ساوایان، هەولێر 2008
13- گوڵزاری پەروەردە، هۆنراوەی هەڵبژاردە، سلێمانی 2009
14- ئاسۆی گەش، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی 2009
15- ڕۆشنایی، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی 2009
16- گەشە، هۆنراوەی پەروەردەیی، هەولێر 2009
17- چریکە، هۆنراوەی پەروەردەیی، سلێمانی 2010
18- بۆقی گەشتیار، چیرۆک بۆ منداڵان، داڕشتنەوەی بۆ کردووە، سلێمانی 2007.
ئامادەکردنی: سەرهەنگ عەبدولڕەحمان [1]