کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەران ڕایگەیاند بەهۆی بەردەوامی ڕەوشی دژواری سووریا ڕۆژانە 5 هەزار هاووڵاتی سووریی وڵاتەکان بەرەو سنووری وڵاتانی دراوسێ جێدەهێڵن.
ئاوێنەنیوز، ڕۆیتەرز: کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بەرێکخراوی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ، هەینی، ڕایگەیاند، بەهۆی ئەو ڕەوشە دژوارەی لە شارو ناوچەکانی سووریا بەردەوامەو لەمەترسی گیانیان ڕۆژانە پێنج هەزار هاووڵاتی سووریی لەماڵو جێگاکانی خۆیانەوە بەرەو سنووری وڵاتانی دراوسێ هەڵدێن.
لەو بارەیەوە وتەبێژی بەناوی کۆمیسیۆنەکە، ئەدریان ئیدواردز، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا لە، جنێف، ڕەوشەکەی بە گرفتێکی تەواو ناوبراو.
وتیشی، بەتەنیا لە مانگی یەنایەر/کانونی دووەم زیادەیەکی گەورە لە ژمارەی پەنابەران بەدی دەکرێت، ئێمە باس لە زیادبوونی ڕێژەی 25% ی ژمارەی پەنابەرانی تۆمارکراو دەکەین بەتەنیا لە مانگێکدا.
ئاشکراشیکرد، زیاتر لە 787 هەزار هاووڵاتی سووری ناویان وەک پەنابەر تۆمارکراوە یان چاوەڕوانی ئەو ڕێوشوێنە دەکەن لە ناوچە تایبەتەکانی لوبنانو ئێراقو ئوردونو تورکیا ئەمەش لەسەرەتای دەستپێکردنی ململانێکانی سووریاوە کە نزیکەی دوو ساڵە دەستی پێ کردووە.
لای خۆیەوە هەر ئەمڕۆ، سندوقی منداڵانی سەر بەرێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسێف) هۆشداریدا لە گرفتی کەمی ئاو لە سووریاو ژەهراویبوونی هەندێک لەو هاوکارییانەی دەگەیەنرێتە ناوچەکانی ئەو وڵاتە کە ئەمەش مەترسی ژمارەی منداڵانی تووشبوو بە نەخۆشییەکان بەرەو زیادبوون دەبات.
یەکەم هەڵسەنگاندنی ڕێکخراوەکە لەسەرجەمی سووریادا ئاشکرایدەکات، ئاوی ناوچە زیانپێگەیشتووەکانی ململانێکان گەیشتووەتە ئاستی یەک لەسەر سێی ئاستی جارانی بەر لە دەستپێکردنی ململانێکان.
لەو بارەیەوە وتەبێژ بەناوی یونسێف، ماریکسی میرکادۆ، ڕایگەیاند، ئەمە ئاماژەیە بۆ پەککەوتنی تەواوی خزمەتگوزارییەکانو زیان بەر تۆڕەکانی ئاوو ئاوەرۆ گەیشتووەو لە هەمان کاتیشدا کەمترین خزمەتگوزاری تەندرووستی سەرەکی پێشکەش دەکرێت کە وادەکات منداڵان زیاتر ڕوبەروی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکان ببنەوە.
08-02-2013