یەکی ئایار ڕۆژی هاوپشتی و هاوچارەنوسی و توندکردنەوەی خەباتی یەکگرتوانەی چینی کرێکارە بەڕووی سەرتاپای سیستەمی زاڵمانەی سەرمایەداری، لەسەراسەری جیهاندا. یەکی ئایار ڕۆژی هیچ نەتەوەو ئاینێک نییە، بەڵکو ڕۆژی بەرجەستەکردنەوەی ناسنەمەی جیاوازی چینایەتی کرێکارە، بەرامبەر بەدەسەڵاتی چینی بۆرژوازی و هەموو ئەو ڕەوت و بزوتنەوانەی کەبەم یان بەو شیوەیە پاساوی مانەوەی سەرمایەداری و دەسەڵاتەکەی دەکەن بەسەر کۆمەلگاوە.
کارنامەی سەرمایەداری و چینی بۆرژوازی و دەولەتەکانی لەدونیای ئەمڕۆدا، هەرساتە و هەر ڕۆژە، ناتەبایی و پێچەوانەبوونی خۆی لەگەڵ کۆمەلگای بەشەری و ئومێد و ئارەزووە ئینسانیەکانی نیشان دەدات. ئەمڕۆ بۆرژوازی ئیمپریالیستی بۆ دەرچون لە قەیرانێکی ئابوری کوشندە کەتێی کەوتوە لە ململانێیەکی سەخت دان بۆ دابەشکردنەوەی جیهان لەنێوان خۆیاندا کە جەستەی ملێۆنەها ئینسانی لە ناوچەی ڕۆژەهەڵاتی ناوەڕاستدا کردۆتە خۆراکی ماشێنی جەنگ و میلیتاریزمەکەی، لەلایەکی تریشەوە، سیاسەتی برسیکردن و لێگرتنەوەی ئابوری چ لە ناوخۆی ووڵاتانی ئیمپریالیستیو چ لە وولاتانی ژێردەستەدا بەدەستەوە گرتووە.
خودی ئەوەی کە ڕۆژهەلاتی ناوەراست کراوەتە گۆماوی خوێن و جێگایەک بۆ سەپاندنی باڵادەستیی هیزە ئیمپریالیستەکان و دەولەتانی ناوچەکەو هەڵکشانی دەستەوتاقمی تیرۆریست و ئینسان کوژی لەنمونەی داعش، بەڵگەی ئەو ڕاستیەن کەچینی بۆرژوازی و نیزامەکەی جگەلە دەستبردن بۆ جەنگ و کاولکاری و ئاوارەیی و کوشتاری بەکۆمەڵی ئینسان و پەرەدان بەتیرۆریزم و ڕاسیزم، کارنامەیەکی تری نیە بۆ بەلاداخستنی ناکۆکیە ناوخۆییەکانی.
ساڵی ڕابردوو کرێکارانو جەماوەری بێبەشی کوردستان لەنێو کەشوهەوای جەنگو نائارامیی ناوچەکەدا، سەختترین دەورانی ژیانو گوزەرانی تێپەراندوە. وێرای بێمافیو نەبوونی یاسایەکی کار کە لانی کەمی ماف و ئازادیەکانیان بەرەسمی بناسێت، لەگەڵ سەرکوت و هەژاری و نەداریو بیکاری بەرفراوان بەرەوڕووکراونەتەوە. بۆرژوازی کوردو حزبە دەسەلاتدارە قەومی و ئیسلامیەکانی، بۆ هەستانەوەی باری داڕوخاوی ئابوری و قەیرانی سیستەمەکەیان، لەلایەک سیاسەتی نەدان و لێگرتنەوەی موچە و دەستبردن بۆ بێکارسازی گرتۆتەبەرو لەلایەکی تریشەوە نامەسئولەیەتی خۆیان بەرامبەر بەدابینکردنی خزمەتگوزاریەکان ڕاگەیاندووە و لانی کەمی بەدەستهێنانی بژێوی کرێکاران و خەلکی زەحمەتکێشیان بەبازاڕی مونافەسەی سەرمایەو خاوەن کۆمپانیاکان سپاردووە، کە هەژاری و نەداریەکی بێوینەیان بەسەر چینی کرێکاری کوردستاندا داسەپاندووە.
ئەزمونی یەکساڵی ڕابردووی ناڕەزایەتیە جەماوەریەکان، کەڕۆژانە یەخەی دەسەلاتدارانی کوردستانی گرتووە، لەلایەک ئەو ڕاستیەی لەمەحەک داوەتەوە، کەبۆرژوازی کوردو دەسەلاتی حزبەکانی هیچ شەرعیەت و هەقانیەتێکیان بۆ مانەوە لەسەر کورسی دەسەڵات نەماوە. تەنانەت هەرجۆرە باشکردنێکی بەرچاو لەژیانی ئابوری و سیاسی و کۆمەلایەتیدا، بەلەکارخستنی ئەم دەسەلاتەوە گرێ دراوەتەوە. لەلایەکیتریشەوە هەمان ئەزمون زۆر بەروونی بانگەوازی چینی کرێکاری کوردستان دەکات بۆ بەلاداخستنی دۆخی ئیستا و بەدەستەوەگرتنی چارەنوسی کۆمەڵگا.
هاوڕیانی کرێکار، جەماوەری زەحمەتکێش و بێبەشی کوردستان!
چینی کرێکار بۆ ڕزگاری خۆی وکۆمەڵگا لەدەست کەمایەتیەکی خوینمژو مفتەخۆرو گەندەڵ، هیچ ڕێگایەکیتری لەبەردەمدا نییە جگە لە پشتبەستن بەهیزی خۆی نەبێت. سەرەکیترین هۆکاری مانەوەی دەسەلاتدارێتی بۆرژوازی کورد بە هەموو شکستو و قەیرانەکانیەوە، پەرتەوازەییی و ناڕێکخراوبونی ڕیزی ئێمە کریکارانو زەحمەتکێشانە. تەنانەت کرێکاران کاتێک دەتوانن لەخەباتی ڕۆژانەیاندا خواستەکانی خۆیان بەسەر دەسەلاتداران و خاوەنکاردا داسەپیین، کەزاڵ بن بەسەر ئەم پەرشوبلاویی و ناڕێکخراوبوونەیاندا و وەک هێزێکی یەکگرتوو ڕێکخراو دەرکەون. هەموو هەوڵیکی بۆرژوازی کورد بۆئەوەیە تا ڕیزەکانی چینی کرێکارو کۆمەڵانی بەشمەینەت لەپەرشوبلاویی و پارچەپەرچەییدا ڕابگرن و لەم ڕیگایەشەوە بمان کەنە سەربازی بێکرێی ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەیان.
کرێکارانی کوردستان وێرای ئاستەنگیەکانی بەردەمیان، بەڵام هیزێکی گەورەی کۆمەڵایەتین. ئەگەر هێزی سەدان هەزاری کرێکارانی بەرهەمهێنانی نەوت، کرێکارانی ناوەندەکانی تەندروستی و شارەوانی و کارەباو خزمەتگوزاریەکان، ئەگەر ڕیزی هەزاران کرێکاری کشتوکالی و کرێکارانی کۆمپانیان و کارگە گەورەو بچوکە ئەهلیەکان، ئەگەر ژنانی کرێکار و خیزانە کریکاریەکان، لەپاڵ ڕیزی چەندسەد هەزاری بێکاران و زەحمەتکێشانی کەمدەرامەتدا، لەیەک ڕیزی چینایەتی سەربەخۆ ورێکخراو یەکگرتووداو لەژێر ئالای شۆڕشی کرێکاریدا، پێ بنێینە مەیدانی خەباتی سیاسیەوە، بەدڵنیاییەوە نەک هەر سێلاوێک لە تواناو هیز لەخۆدەگرن کەحسابی کۆمەڵگا لەگەڵ چینی بۆرژوازی و دەسەلاتەکەی یەکلابکاتەوە. کەواتە با ئایاری ئەمساڵ بکەیەنە سەرەتایەک بۆ زاڵبوون بەسەر گرفتی پەرشوبلاوی ڕیزەکانمان. با دەست بەرین بۆ دروستکردن و پێکهێنانی ڕێکخراوە حزبی و غەیرە حزبیەکانی کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و بێبەشی کوردستان.
بژی ئایار.. بروخێ نیزامی سەرمایەو سەرمایەداری!
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان
25-04-2016