بەرپرسێکی دەستەی #گەشتوگوزار# دەڵێت بەهۆی نەمانی مەترسیی داعش و ئاسانکاریی بازگەکان بۆ هاتنی گەشتیار و چالاکبوونەوەی کۆمپانیا و گرووپە #گەشتیاری#یەکان، هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، پێشبینیش دەکات ئەم جەژنە هاتنی گەشتیار بۆ کوردستان دوو هێندەی #جەژنی قوربان#ی ڕابردوو بێ.
ساڵی 2007 تاوەکو 2013 کەرتی گەشتیاری لە کوردستان بەردەوام لە گەشانەوەدا بوو، ساڵی زێڕینی ئەم کەرتەش 2013 بوو کە دوو ملیۆن و 952 هەزار گەشتیار هاتبوونە کوردستان، بەڵام بەهۆی پەلاماری داعش و ئاڵۆزبوونی بارودۆخی ناوچەکە و سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی، هاتنی گەشتیار زۆر کەمی کرد، بە جۆرێک ساڵی 2015 بەراورد بە 2013 ڕێژەی هاتنی گەشتیار 73.6% کەمی کرد.
بەڵام بەهۆی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی داعش لەسەر هەرێمی کوردستان و ئاسانکاریی بازگەکان بۆ هاتنی گەشتیار، جارێکی دیکە ئەم کەرتە ڕووی لە گەشە کردووە، هاتنی گەشتیار لە ساڵی ڕابردوودا بەراود بە 2015 بە ڕێژەی 51.3% زیادی کردووە.
پێشبینی دەکرێ جەژنی قوربانی ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر گەشتیار ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن. لە جەژنی قوربانی ساڵی ڕابردوودا 213 هەزار گەشتیار هاتبوون. نادر ڕوستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، دەڵێت: هەلومەرجەکان گونجاو و لەبارن، بۆیە گەشبینین لە جەژنی قوربانی ئەمساڵدا ژمارەی هاتنی گەشتیار بۆ دوو هێندەی ساڵی ڕابردوو زیاد بکات.
سەبارەت بە ئامادەکارییەکانی دەستەکەیان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران، نادر ڕوستی گوتی هەموو ئامادەکاری و کارئاسانییەکمان بۆ پێشوازی لە گەشتیاران کردووە، گرووپ و کۆمپانیای گەشتیاری بەردەوامن لە هەماهەنگی لەگەڵ یەکدی، هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانە و ڕێستۆرانتەکانیش بەڵێنیان داوە بۆ داشکاندنی نرخەکان بۆ ئەو گەشتیارانەی لە ڕێگەی گرووپەوە دێن، بازگەکانیش ئاسانکاری بۆ هاتنی گەشتیاران دەکەن. بێجگە لە گرووپەکان ڕێگە بەخێزانەکانیش دەدەن بەئۆتۆمبیلی خۆیان بێن، بۆیە گەشبینین بەزیادبوونی هاتنی گەشتیار لە جەژنی قورباندا.
لەداتای ساڵی ڕابردوودا دەردەکەوێ 52.7%ی ئەو گەشتیارانەی ڕوویان لە کوردستان کردووە، گەشتیاری عەرەبی شارەکانی عێراق بوون، 23.4% گەشتیاری دەرەوەی عێراق و 23.9%ش گەشتیاری ناوخۆ بوون، بەڵام ئەمساڵ ژمارەی گەشتیاری عەرەب زیاتر بووە.
نادر ڕوستی دەڵێت 80%ی ئەو گەشتیارانەی لە هاوینی ئەمساڵ هاتوون، گەشتیاری عەرەبن، دوای ئەوانیش گەشتیاری دەرەوەی عێراق دێن، ئینجا گەشتیاری ناوخۆ، چونکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە جووڵەی گەشتیاری ناوخۆ کەم بووە.
لە هەرێمی کوردستان 430 هۆتێل و 271 مۆتێل و 91 گوندی گەشتیاری هەن کە توانای پێشوازیکردنیان لە 61 هەزار گەشتیار هەیە. 768 ڕێستۆرانت و کافتریایی گەشتیاریش هەن کە زۆربەیان کەوتوونەتە سنووری پارێزگای هەولێر، زۆربەی گەشتیارانیش ڕوویان لەو پارێزگایە کردووە، بۆ نموونە لەو ملیۆن و 603 هەزار و 400 گەشتیارەی ساڵی ڕابردوو ڕوویان لە کوردستان کردبوو، 776 هەزار گەشتیاریان هاتووونەتە سنووری پارێزگای هەولێر، 729 هەزاریش چوونەتە سلێمانی و 88 هەزار چوونەتە دهۆک و 10 هەزاریش چوونەتە گەرمیان.
شوکر عەزیز، جێگری سەرۆکی لقی هەولێری کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت: هۆتێل و مۆتێل و ڕێستۆرانتەکان بەهۆی داشکاندنی نرخەکانیان بۆ گرووپە گەشتیارییەکان پشکی شێریان لەو بووژانەوەیە بەرکەوتووە کە لە کەرتی گەشتیاری ڕوویداوە.
بە گوتەی شوکر عەزیز، نرخی مانەوە لە هوتێل بۆ گرووپی گەشتیاری زۆر دابەزێنراوە، بۆ نموونە هوتێلی چوار ئەستێرە بە 20-25 هەزار دینارە. سێ ئەستێرە بە 15- 18 هەزار دینارە و دوو ئەستێرەش بە 10-12 هەزار دینارە.
شوکر عەزیز، خاوەنی هۆتێلێکی سێ ئەستێرەیی 20 ژوورییە گلەیی لە حکومەت هەیە و دەڵێت زیادکردنی خەرجیی باج و ڕسومات خێری هۆتێلەکانی نەهێشتووە. پێشتر بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی ساڵانە بەگوێرەی ژمارەی ئەستێرە 100 تاوەکو 500 هەزار دینار لەخاوەن هۆتێل وەردەگیرا، بەڵام ئێستا بۆ یەک ئەستێرە 750 هەزار و بۆ دوو ئەستێرە ملیۆنێک و 500 هەزار، بۆ سێ ئەستێرە سێ ملیۆن دینار و بۆ چوار ئەستێرە 8 ملیۆن دینار، هەروەها بۆ پێنج ئەستێرەش 10 ملیۆن دینار وەردەگرن، ئەمە جگە لەو باجەی ساڵانە دەبێت بیدەی، بۆ نموونە ئەمساڵ 4 ملیۆن و 700 هەزار دینار باجم داوە، زیادکردنی نرخی کارەباش لەولاوە بوەستێ.
90 کۆمپانیا گەشتیار دەهێننە کوردستان
دەستەی گەشتوگوزار بەهاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکانی ناوخۆ هەماهەنگییان لەگەڵ 90 کۆمپانیای گەشتیاری عێراقی هەیە کە بەڕێگەی گرووپ گەشتیار لە پارێزگاکانی عێراقەوە دەهێننە هەرێمی کوردستان.
هەڤاڵ سابت ئاغا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بووکی دەریا بۆ گەشتوگوزار، کە 32 نووسینگەی گەشتیاری لە ناوخۆ و دەرەوەی کوردستان هەیە و گەشت بۆ گرووپەکان ڕێکدەخات، دەڵێت لە جەژنی ڕەمەزانی ئەمساڵدا پێشوازیمان لە 159 پاسی گەشتیاری شارەکانی عێراق کردووە، بۆ جەژنی قوربانیش تاوەکو ئێستا هۆتێل و ڕێستۆرانتم بۆ 36 پاسی گەشتیاری گرتووە کە هەر پاسێکی 45 تاوەکو 50 گەشتیار دەگرێت.
هەڤاڵ سابت ئاغا، ماوەی 14 ساڵە کۆمپانیای گەشتیاریی هەیە، هەماهەنگی لەگەڵ زیاتر لە 60 کۆمپانیای عێراقی هەیە کە گەشتیار لە شارەکانی عێراقەوە دەهێننە هەرێمی کوردستان.
گرووپە گەشتیارییەکان 80 تاوەکو 150 هەزار دینار بۆ چوار شەو مانەوە لە هوتێل و گەڕان لە شوێنە گەشتیارییەکان لە گەشتیار وەردەگرن.
هەڤاڵ سابت ئاغا دەڵێت کە پلەکانی گەرما بەرزبوونەوە، گەشتیاری عەرەب بە هەر نرخێک بێت دێن، بەڵام ئەوە خۆمانین ناوچە گەشتیارییەکان و هۆتێلەکانمان بێ نرخ کردووە، بە 80 هەزار دینار بۆ چوار شەو مانەوە و نانی بەیانی و گەڕانیان لە زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکان پێشوازی لە گەشتیارێکی عەرەب دەکەین، ئەمە لەکاتێکدایە هەر ئەو گەشتیارە ئەگەر بچێتە تورکیا یان ئێران 700 تاوەکو 800 هەزار دیناری لێوەردەگیرێ.
هەر گەشتیارێک چەند خەرج دەکات؟
نادر ڕوستی، گوتەبێژی #دەستەی گەشتیاری# هەرێمی کوردستان، باسی خەرجیی گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت بەپێی بەدواداچوونمان بۆ ئەو خەرجییەی گەشتیار لە هەرێمی کوردستان دەیکات، بە تێکڕایی هەر گەشتیارێک لە ماوەی مانەوەی لە کوردستان 300 دۆلار خەرج دەکات. بەو پێیە بێ، ئەگەر جەژنی قوربانی ئەمساڵ 400 هەزار گەشتیار ڕوو لە هەرێمی کوردستان بکەن، 120 ملیۆن دۆلار لەو ڕێگەیەوە دێتە هەرێمی کوردستان.[1]
29-08-2017