دواڕۆژ، هانا چۆمانی
دوای داخستنی گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی هەردوو #فڕۆکەخانەی هەولێر# و #سلێمانی# لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بەردەوام زیانە داراییەکان، لەهەڵکشاندان، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەش دەڵێت جگە لە کەمبوونەوەی داهاتی حکومەت، هاوڵاتیانیش لەکاتی سەفەردا زیانی گەورە دەکەن.
هێنانی کەلوپەلی ناوماڵ و خواردەمەنییەکان و خۆراک نەوەستاوە، ناشوەستێت، بەڵام هەندێک نرخی گران دەبێت، چونکە کرێی گواستنەوە و کاتی گەیشتنی زیاتر دەبێت نەوزاد کاملی بازرگان وادەڵێت.
نەوزاد کامل، کە لەنێوان ئیمارات و هەرێمی کوردستان، بازرگانی کەلوپەلی ناوماڵ دەکات، بۆ دواڕۆژ دەڵێت جاران کرێی گواستنەوە کەمبوو، ماوەی هێنانەوە 1 بۆ 2 ڕۆژ بوو، بەڵام ئێستا لانی کەم 5 ڕۆژی دەوێت هەمووشی دەبێت بە خەرجی جگە لەوەی دەبێت لە سێ فڕۆکەخانەوە بێتەوە بۆ کوردستان، بێگومان ئەوەش هەمووی دەبێتە خەرجی و کەلوپەلەکان گران دەبن.
دەشڵێت هیچ بازرگانیکردنێک نەوەستاوە و وەک جارانە، تەنیا ڕێگای هێنانەوە کرێی گواستنەوە گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە، کە وا دەکات نرخەکان وردە وردە گران ببن.
تەلار فایەق، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر نایشارێتەوە کە کاریگەرییەکان ڕۆژانە زیاد دەبن و بۆ دوارۆژ دەڵێت زیانەکانی داخستنی فڕۆکەخانەکان لەهەڵکشانە، چونکە ڕێگری لە جوڵەی بازرگانی و جوڵەی هاوڵاتیان کردووە، جگە لەوەی داهاتی حکومەت کەم دەکات، چونکە مانگانە نزکەی 850 هەزار دۆلار دەدرا بە حکومەتی عیراق لە هەرێمی کوردستانەوە وەک باج و ڕسوماتەکان کە ئێستا ئەوەش بۆ حکومەتی عێراق نەماوە، جگە لە زیانی هاوڵاتیان لەکاتی سەفەرکردن.
هاوڵاتیان لەکاتی هاتن و گەڕانەوەیان لە کوردستانەوە بۆ وڵاتانی تر زیانمە ندی یەکەمن.
نازە عمر، بۆ دوارۆژ، ئەوە ئاشکرا دەکات، خۆی و مناڵەکانی بەر لە 25ی ئەیلول کاتێ گەڕانەوە کوردستان، تەنیا بە خەرجی و کرێی هەر سێ کەسیان 825 دۆلار بووە، بەڵام لەکاتی گەڕانەوەیان لە ڕێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغداوە بۆ نەرویج، زیاتر لە 1600 دۆلار خەرجیان بووە، چونکە چەند وێستگەیەکیان بڕیوە باج و ڕسومات و کرێی فڕۆکەکانیش جیاواز بوو.
دوای ڕاگرتنی گەشتەکان، زیانی 1 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار بەر زێڕنگەرانی هەرێمی کوردستان کەوتووە، لەماوەی 15 ڕۆژی ڕابردوو.
محەمەد هەیسەم، ئەندامی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر و خاوەن نوسینگەی تایبەت بەخۆی بۆ بازرگانی زێڕ بۆ دواڕۆژ دەڵێت پێشتر بە هۆی شەڕی داعشەوە، جموجۆڵی بازاڕی زێڕ تۆزێک سستی بەخۆیەوە بینیبوو، بەڵام دوای داخستنی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان بازاڕی کڕین و فرۆشتنی زێڕ گۆڕانکارییەکی گەورەی بەسەردا هاتووە.
محەمەد، ئەوشی ئاشکراکرد، لەماوەی 15 ڕۆژی ڕابردوو زیاتر لە 1 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار زیان بەر زێڕنگەرانی کوردستان کەوتووە، چونکە بۆرسەی زێڕ لە جیهاندا نەک ڕۆژانە، بەڵکو چرکە بە چرکە دەگۆڕێت، ئێمەش ئێستا تەنیا پارەمان لایە و پێگەی بۆرسەمان لەدەست داوە، کەسانی تر و دەوڵەمەندی تر لە دوبەی پشک و بۆرسەکانی ئێمەیان کڕیوەتەوە و ئێمەش تەنیا پارەی کاشمان لایە، کە هیچی پیناکرێت، چونکە ناتوانین ڕاستەوخۆ لە بۆرسەکانی زێر لە دوبەی بەشدار بین و بیکڕین و بیهێنین، چونکە دەبێت لەڕێی فڕۆکەخانەی بەغداوە بێت.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوە ئاشکرا دەکات کە حکومەت زیانی گەورەی بەرکەتووە لە سەرچاوەیەکی گەورەی داهات بێبەش بووە.
ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی ناوبراو، بۆ دواڕۆژ دەڵێت لە ئەنجامی سەفەرکردن لەڕێی فڕۆکەخانەی بەغداوە هەر هاوڵاتییەکی کوردستان یان بیانی جگە لەوەی داهاتەکان بۆ بەغدا دەچێت، نزیکەی 200 بۆ 400 دۆلاری تر خەرجی دەبێت، چونکە کرێی گواستنەوەی زیاتر دەدات.
هەروەها وتیشی کەلوپەلەکانیش نرخی باج و گومرگ و گواستنەوەیان زیاتر دەبێت، کۆمپانیاکانیش کاری پێشویان نەماوە، ناتوانن بلیت بفرۆشن و ڤیزا وەربگرن، جگە لەوەی داهاتی حکومەتی هەرێمیش کەم بۆتەوە.
ئومێد وتیشی داهاتی حکومەت بەجۆرێک بوو لە کۆمپانیاکان بڕە پارەیەک و لە بلیتی فڕۆکە بڕە پارەیەک بە بڕی 25 دۆلار بۆ هەر بلیتێک بۆ وەزارەتی دارایی دەهات، جگە لە داهاتی ناو فڕۆکەخانە و کۆمپانیاکان و کرێی گواستنەوە کە سەرجەمی بەشێکی داهاتی باشبوو بۆ حکومەت، بەڵام ئەوانە هیچیان نەماون لە کوردستان گەڕاونەتەوە بۆ حکومەتی عێراق و هێواش هێواش زیانەکانی هەڵدەکشێن.
وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە ڕیفراندۆمی باشوری کوردستان لە 25 ئەیلولی 2017 حەیدەر عەبادی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕۆژی 29 ئەیلول گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتیی فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی داخست.[1]
12-10-2017