87 کۆمەڵە کە بە هەرەوەزی کار دەکەن و زیاتر لە 30 هەزار ئەندامیان هەیە، ئابوری هەرێمی جزیرەی باکوری سوریا پێش دەخەن.
کۆمەڵە هەرەوەزییەکانی هەرێمی جزیرە ڕۆڵێکی گرنگییان هەیە لە پێشکەوتنی ئابوریی ئەو هەرێمەدا، لە ڕێگای ئەو کۆمەڵانەوە ژمارەیەکی زۆر دەرفەتی کار بۆ هاوڵاتیان دابینکراوە.
ئەو کۆمەڵە هەرەوەزییانە کاروباری کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، بازرگانی و سیستمی دابەشکردنی کارەبا و ئاو ئەنجام دەدەن.
لە کۆمەڵەی کشتوکاڵ دا 10 هەزار و 593 کەس بەشداری دەکەن، کە تێیدا گەنم، فاسولیا، سەوزە و باقلە دەچێندرێن.
ئەو کۆمەڵە هەرەوەزییانە کاریگەریی زۆریان لە سەر دابەزاندنی بەهای کاڵاکان لە باکوری سوریا هەبووە، بۆ نموونە پێش دەستبەکارکردنی کۆمەڵە هەرەوەزییەکان پەتاتە بە 225 لیرەی سوری دەفرۆشرا، بەڵام ئێستا بە 45 لیرە دەفرۆشرێت.
هەروەها شەش هەزار و 796 کەس لە کۆمەڵەی ئاژەڵداری دا بەشدارن، لەو کۆمەڵانەدا مریشک، مانگا، بەرخ و بەران بەخێودەکرێن، بۆ بەشداریکردن لەو کۆمەڵە هەرەوەزییانەدا 50 هەزار بۆ سەد هەزار لیرەی سوری دیاریکراوە.
لە کۆمەڵەی بازرگانی 11 هەزار و 574 کەس بەشداری دەکەن، ئەو کۆمەڵانە کاروباری کڕین و فرۆشتن دەکەن، بۆ بەشداربوون لەو هەرەوەزییەشدا بۆ بەشداربوونی هەر کەسێک 10 هەزار بۆ 20 هەزار لیرەی سوری دیاریکراوە.
لە دەستپێکی ئاڵۆزییەکانی سوریادا بازرگانەکان دەستیان بە سەر بازاڕی چیمەنتۆ دا گرت و بەهاکەی بۆ چوار هەزار لیرە بەرزبووەوە، بەڵام پاش دامەزرانی کۆمەڵەکان، ئەو کۆمەڵانە دەستیان کرد بە هاوردەکردنی چیمەنتۆ لە باشوری کوردستانەوە، ئەوەش وایکرد، کە بەهای چیمەنتۆ بە دوو هەزار لیرە کەم بێتەوە.
دەیان نموونەی دیکە هەن کە سەلمێنەری کاریگەریی ئەو کۆمەڵە هەرەوەزییانە لە سەر ئابوریی سوریان، لەو کۆمەڵانەدا مانگانە 50 بۆ 60 هەزار لیرەی سوری وەک حەقدەست دەدرێتە بەشداربووان.[1]
#02-04-2018#