سەعات 11/ی بەیانی ئەمڕۆ (19/5/2018) مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەسەرپەرشتی جێگری سکرتێری گشتی هەڤاڵ کۆسرەت، کۆبونەوەی ئاسایی لەسەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و ڕیزبەندی لایەنە سیاسیەکانی عێراق و کێشمەکێشەکانی چۆنیەتی پێکهێنانی کابینەی نوی، سازدرا.
کۆبونەوەکە، لەیەکەمین ساڵڕۆژی کۆچی دوایی ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، جەنابی نەوشیروان مستەفا، هاوکات، کۆچی دوایی دامەزرێنەرێکی دیکەی یەکێتی و تێکۆشەری کۆڵنەدەری کوردایەتی، عادل موراد بوو. بۆیە، وەکو ئەرکی وەفاداری و پێزانینی لەڕادەبەدەری بۆ هەردوو جوامێری کۆچکردوو، مەکتەبی سیاسی، سەری ڕێزی بۆ دانەواندن و داوای لە تەواوی یەکێتیەکانیش کرد، ئەرکی ماتەمگێڕی و قەدرزانی بۆ تێکۆشانی بێوچانی هەردوو تێکۆشەر، جێبەجێ بکەن.
لەکۆبونەوەکەدا، مەکتەبی سیاسی، جەختی لەبەردوامی خەبات کردەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو لایەنە سیاسییە کوردستانیەکان، هەتا یەک ستراتیژی کوردستانی، دوای ئەم هەڵبژاردنە، بە دەرس وەرگرتن لە زیانەکانی نەبونی یەکڕیزی ناو لایەنە کوردستانیەکان، لە چوار ساڵی ڕابوردوودا، بەرنامەی هاوبەشمان لەسەر ئاستی عێراق، بۆ مافە دەستوری و سیاسی و ئابوری و هاوپشکی حوکمڕانی، هەبێ. بۆئەوەی یەکێتی بەوردیی و وریایی دۆخی بەغدادو، ململانێ و سیاسەتی هەموو لایەک بێ، وەفدێکی باڵای دانوستاندن بۆ لایەن و جەمسەرەکانی عێراق پێکهێنا.
لەسەر ئاستی کوردستانیش، سیاسەتی یەکێتی دوورە لە تومەتهەڵبەستن و سیاسەتی کاردانەوە، ئەنجامی توێژینەوەی یاسایی لەسەرانسەری عێراقدا، یەکلاکەرەوە دەبێ. سەرەڕای تومەتەکان و هەڵمەتی پروپاگەندە، یەکێتی خۆی بە بەرپرسیاری چارەنوسی دۆخەکە دەزانێ، دەرگاکانی بۆ گەڵاڵەی هاوبەش، لەگەڵ تەواوی لایەنەکاندا کراوەیە. لەم پێناوەشدا، مەکتەبی سیاسی وەفدێکی باڵای بۆ گفتوگۆ لەسەر ئاستی کوردستان، پێکهێنا.
لەهەفتەی ئایندەشدا، کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند، ئەنجامدەدرێ.
لەکۆتاییشدا.. جارێکی تر سوپاسی بێڕادەی دەنگدەرانی سەوزی یەکێتیەکان، لەهەرێمی کوردستان و ناوچە کێشەلەسەرەکان و عێراق و دەرەوە، دەکەین.
مەکتەبی سیاسی
#یەکێتی نیشتمانیی کوردستان#
#19-05-2018#