نووسینی بە شێوەزاری کرمانجی: ئەحمەدی خانی
وەرگێڕانی بۆ شێوەزاری سۆرانی : هەژار موکریانی
دیباچە
سەرنامە بە ناوی تۆ خودایە
چی بێ ئەمە پیت و پێزی نایە
سەردێڕی پەڕی ئەوینپەرستان
جێ ناز و نیازی خۆشەویستان
ڕووناکی دڵ و بینایی چاوان
گەر تۆ نەبی کێ ئەوینی داوان؟
بێ ناوی تۆ نامە هیچ و پووچە
نەتنووسێ بنووس کەچ و کورووچە
ناوت بووە شەوچرا لەبەرمان
بۆ دەردی دەروون دەبێتە دەرمان
نەدیاری بە ناوی تۆ دیارن
ئەو هۆیە کە مێشک و دڵ لە کارن
گیانبەخشی و ژیندەری گیانی
ئاواتی دڵ و لەبەردڵانی
دڵخوازی و خۆت ئەوین و نازی
کارسازی و ساز و بێ نیازی
تۆی چوویەتە ڕەنگی بەرگی سوورگوڵ
تۆی بوویەتە سۆزی جەرگی بوڵبوڵ
تۆ تیشکی لە کوڵمی دڵبەراندا
تینی لە دەروونی دڵتەڕاندا
ڕۆژیت و کەچی ونی لەبەر چاو
ڕووناکی نە چەشنی ئاگر و ئاو
هەرچی هەیە لێی جیا و جیا نی
بێ جێیی و چ جێش نییە تیا نی
چی دێت و دەچێت و چی هەیە و چوو
هیچی نەبوو تۆ وتت ببە و بوو
گیاندار و نەبوو دیار و نەدیار
زانا و نەزان و گێل و وشیار
لەو پیتەوە گشتی هاتە بەرهەم
تۆزێ لەوە خاک و ئاوی ئادەم
گەنجینەیی و تاکوو تۆ بناسین
هاتووین کەچی هێشتا گێژ و کاسین
تاپۆیەکی تۆیە گەر ژیانە
گەر گیانە دروشمی تۆی نیشانە
ئەو لاشە گڵینە و قوڕینە
هۆی تۆیە کە جێی گیان و ژینە
ڕاسپاردەتە ئەم گیانە پاکە
ناچارە کە یاری خۆڵ و خاکە
گیان تیشکی پڕیشکی تۆیە ڕوونە
گڵ تیشکی کە لێ نەدا زەبوونە
لێ ورد بەوە ئەم وتارە وردە
هەرچەند بەڕواڵە وردە گردە
پیاو گەر لەشە نزمە ڕێکی عەرزە
گەر گیانە بڵندە پایەبەرزە
لەو بارەوە پووچ و نادیارە
لەملاوە دیار و یاری یارە
گا سەربەرەژێر و گا بەرەوژوور
هەر کەس لە خودا نزیکە هەم دوور
هەرچی کە دیار و نادیارە
بۆ تیرەیی ئادەمی لە کارە
عاسمانێ کەوا زلە و بەرینە
هەرچی کە فریشتەنە و پەرینە
دەزگایەکی وا بە سووڕ و گەورە
ساماڵە، مژە، هەتاوە، هەورە
تیرێژە، ستێرە، ڕۆژە، مانگە...
چی جانەوەرە و ڕواو و کانگە
ڕیشە و ڕەگەزێک لەناو زەویدان
هەر لاسک و چڵ و وەچێ لەویدان
ئەم چەندە شتی بە نرخ و هێژا
دڵخۆشی دەدەن لە بۆن و چێژا
چی دڵ دەیەوێ ببێتە خۆراک
چی لەش دەیەوێ ببێتە پۆشاک
هەرچی لەمە دوور یا نزیکە
بۆ ئێمە بە ڕۆژ و شەو خەریکە
تۆی ڕێکخەری هەر سەروبەرێکی
بۆمان بە تەکووز و ڕێکوپێکی
داوتینێ بەبێ ژمار و سامان
لای ئێمە نە بیر هەیە نە ڕامان
زۆر بەدنمەکین و ڕێنەناسین
نانی تۆ دەخۆین و بێ سپاسین
ئەی خوایە بەدڵ نەزانە (خانی)
خۆت فێری سپاسی کەی زمانی