جێبەجێکاری پرۆژە لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی فاروق گروپ ڕایدەگەیەنێت: کارگەی ڕیسایکلین لە ناوچەی تانجەڕۆ لە #سلێمانی# دەتوانێت ساڵانە چوار 480 هەزار تەن خاشاک وەربگرێت، واتا ڕۆژانە دەتوانێت زیاتر لە هەزار و سێ سەد تەن خاشاک وەربگرێت و بەکاربهێنرێتەوە.
سەبارەت بە کاریگەی ڕیسایکلین لە هەرێمی کوردستان و سوودی کارگەی ڕیسایکلین لە تانجەرۆ کە لە لایەن فاروق هۆڵدینگەوە جێبەجێ دەکرێت، داستان عوسمان جێبەجێکاری پرۆژە لە یەکێک لە کۆپانیاکانی فاروق گروپ باس لەوەدەکات: کە ناوی پرۆژەکە (چارەسەرکردنی خۆڵ و خاشاک و دروستکردنی سوتەمەنی بەدیلە) کە ئه و کارگەی ڕیسایکلینە ساڵانە چوار 480 هەزار تەن خاشاک وەردەگرێت و ماددەکانی جیادەکرێنەوه و بەکاردەهێنرێنەوە، کە ئەمەش سوودێکی زۆر بە ژینگەی سلێمانی دەگەیەنێت.
هاوکات عادل حەمە ئەمین سەرپەرشتیاری پرۆژەی ڕیسایکلین لە شارەوانی سلێمانی دەڵێت: لە 2012وە سەرقاڵی کارگەیەکی لەم جۆرەن تاوەکو لە سلێمانی دایبمەزرێنن بۆ ڕیسایکلین و ڕزگارمان بێت لەم خۆڵ و خاشاکەی کە ڕۆژانە بە هەزاران تەن دەخەمڵێندرێت.
عادل حەمە ئەمین وتیشی: بەلای کەمەوە ڕۆژانە هەزار و سەد بۆ هەزارو دوو سەد تەن خۆڵ و خاشاکمان هەیه و مانگانە پارەیەکی زۆر دەدەین بە چوار کۆمپانیای پاککەرەوە کە دەگاتە نزیکەی دوو ملیار دینار بۆ پاککردنەوەی ناوشار.
پێشتر کۆمپانیای لاڤارج و کۆمپانیای فاروق گروپ بڕیاربوو بەیەکەوە لە 2014/1/14 دەست بە دروستکردنی کارگەی ڕیسایکلین بکەن لە تانجەرۆ و دەبوایە لەماوەی ساڵێک و شەش مانگدا دروست بکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی #داعش#ەوە کارکردن تێیدا وەستا، ئێستا جارێکی تر فاروق هۆڵدینگ بە تەنیا ئه و کارە جێبەجێ دەکات.
پێشتر فاروق هۆڵدینگ لە ڕونکردنەوەیەکدا ڕایگەیاندبوو: لەگەڵ ئەوەی کە سوتاندنی خاشاک چیتر هەوای شارەکەمان پیس ناکات و ڕێژەی گازی CO2 زۆر کەمدەبێتەوە و تەندروستی گشتیش پێشدەکەوێت، لە هەمان کاتدا ناوچەی تانجەرۆ دەکەینە دارستان و سەوزایی و پاشماوە ئۆرگانییەکانیش دەگۆڕین بۆ وزەی دۆستی ژینگە.
نوسینگەی ڕۆژنامەوانی فاروق هۆڵدینگ دەشڵێت: سەرباری قورسیی پرۆژەکە لە ڕووی تێچوون و زۆریی بودجەوە، فاروق هۆڵدینگ لە سۆنگەی خەمخۆری بۆ شاری سلێمانی و ژینگە و ژیانی هاووڵاتیان، لە (بەرواری 29ی تەمموزی 2018) و بە تەنیا و بە بودجەی خۆی ڕەزامەندی حکومەتی هەرێمی وەرگرت بە کڕینەوەی پشکەکانی لافارج و بڕیاریدا دەست بکات بە جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕیسایکلینی تانجەرۆ لە سلێمانی کە بە وەبەرهێنانێکی قازانج نەویست سەیری دەکەین.[1]